ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤(١٣/١٢/٢٠٢٥)، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان سێمینارێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە شاری کارلستاد پێک هات.
سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
بەڕێز "دڵشاد محەمەدی" بەڕێوەبەری بەرنامە دوای بەخێرهێنانی میوانان و بەشداربووانی سێمینارەکە، چەند پارچە هۆنراوەیەکی تایبەت بەو ڕۆژەی پێشکەش کرد.
دواتر داوای لە کۆڕگێڕان بەڕێزان "ساڵح پاڵانی"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە و "عەلی پاڵانی"، نووسەر و چالاکی سیاسی کرد باسەکانی خۆیان پێشکەش بکەن.
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا بەڕێز ساڵح پاڵانی باسێکی گرنگ و پڕ نێوەڕۆکی سەبارەت بە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان پێشکەش کرد.
ناوبراو لە قسەکانیدا گرنگیی دیاریکردنی ڕۆژێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانی بۆ بەشداربووان ڕوون کردەوە.
بەشی دووەمی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ بەڕێز عەلی پاڵانی کە تایبەت بوو بە قسەکردن لەسەر ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئوکتۆبەر و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەڕێز عەلی زۆر بە وردی باسی لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر و لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوانە و هەروەها گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە پێگەی کورد لە ناوچەکە و گرینگیی خۆئامادەکردنی بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە لە داهاتوودا بێتە ئاراوە کرد. ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت کورد زیاتر نێو ماڵی خۆی یەک بخات و بە پەیامێکی یەکگرتووانە بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتێک خۆی ئامادە بکات.
جێگەی باسە بەشی کۆتایی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیاری بەشداربووان و وڵامی کۆڕگێڕان.