ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤(١٣/١٢/٢٠٢٥)، بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە شاری لینشۆپینگ بەڕێوە چوو.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بۆ ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزب و کوردانی دانیشتووی ئەو شارە و دەوروبەری پێک هێنا.
بەرنامەکە دوای بەخێرهێنانی بەشداران لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە؛ "ئازاد سولەیمانی" و "باوان کەریمی" بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد.
دواتر یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگیرا.
پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید بەو بۆنەوە لەلایەن "عوسمان سولەیمانی" بەرپرسی کۆمیتەی لینشۆپینگەوە خوێندرایەوە.
پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زمانی سویدی لەلایەن باوان کەریمی ئەندامی کۆمیتەی سویدی یەکیەتییەکە خوێندرایەوە.
دواتر "ماری هولتگرێن" نوێنەری حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید لەو شارە پەیامێکی کورتی پێشکەش کرد. ناوبراو وێڕای دەربڕینی دڵخۆشی خۆی بۆ بانگهێشتکران بۆ ئەو بۆنە پیرۆزە، وتی؛ "لە سەردەمێکدا کە کێشە و تێکهەڵچوونەکان بەرەو زۆرتربوون دەچن زۆر گرینگە هەستی هاوپێوەندی لەنێو خۆماندا پەرە پێ بدەین و لایەنگری لە عەداڵەت و ئازادی بکەین. هەستی بەیەکەوەبوونی کوردەکان لەمێژە دەنگێکی بەگوڕ بووە لەو پێناوەدا. ئێوە نیشانتان داوە مانای دروستکردنی ژیانێکی تازە چییە و چۆن دەتوانن لە بونیاتنانەوە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگادا بەشدار بن و هاوکات شانازی بە بنەچە و دابونەریتە جوانەکانی خۆتانەوە بکەن. ئەوە ڕاست ئەو سویدەیە کە فرەیی و جیاوازیی کولتوورەکان نەک هێمای لاوازی نییە، بەڵکوو هۆی بەهێزی دەگەیەنێت.
ناوبراو وتی: وەک سۆسیال دێموکرات باوەڕمان بە کۆمەڵگایەک هەیە کە نابێ لەوێدا هیچ تاکێک لەبیر بکرێت و هەموو لایەک دەبێ دەرفەتی گەشەکردن، کار و ژیانێکی شیاوی هەبێت. بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی خەڵکی کوێین، پێڕەوی لە چ بیروباوەڕێکی ئایینی دەکەین یان بە چ زمانێک دەئاخڤین، دەبێ مافی وەک یەکی هەستکردن بە ئاسوودەیی، خوێندن و گەشبینی بە داهاتوومان هەبێت.
بەڵام هەستی هاوپێوەندی تەنیا نێو سنوورەکانی وڵاتی ئێمە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ئەوانەی کە تا ئێستاش لەپێناو دێموکراسی، ئاشتی و ئازادیدا لە کوردستان و لە وڵاتانی دیکەدا تێکۆشن دەگرێتەوە. ئێمە ئاگاداری تێکۆشانی ئێوەین، دەنگتان دەبیسین و لەگەڵتان هاودەنگین کە کاروانی ئازادی و دادپەروەری سەرەنجام سەردەکەوێت. کەوابوو ئەمشەو دەرفەتێکی باشە بۆ دەربڕینی هەستی هاوپێوەندی، گەشبینی و بڕوابوون بە داهاتوو. بە هەموومان دەتوانین کۆمەڵگایەک بنیات بنێین کە لەوێدا جێگای هەمووان ببێتەوە."
ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییانەی خوارەوە پەیامی پیرۆزباییان بۆ ڕێوڕەسمەکە ناردبوو:
پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان
حیزبی شیوعیی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن کۆمیتەی حیزب و کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەو شارە ڕێز لەو پێشمەرگە دێرینانە گیرا کە تەمەنیان گەیشتۆتە سەرەوەی ٧٠ ساڵ و تا ئێستاش لە خزمەت بە حیزب و ئامانجەکانی شەهیدانی کوردستاندا چالاکن. لە بەشێکی دیکەی ئەو بڕگەیەدا ڕێز لە لەخۆبوردوویی و ئازایەتیی ئەو ژنانە گیرا کە وەک پاڵپشتی هەرە بەهێزی هاوژینەکانیان، وێڕای ئەوان هەموو چەرمەسەرییەکانی چەندین ساڵەی خەباتیان قەبووڵ کردوون و خۆشیان ئەرکی حیزبییان بەڕێوە بردووە. هەر کام لەو تێکۆشەرانە بە پێشکەشکردنی گوڵێک لەلایەن هاوڕێیان خاتوو نەسرین محەممەدی، حەمەڕەسووڵ کەریمی و عەلی باڵەکییەوە ڕێزیان لێ گێرا.
هونەرمەندانی دەنگخۆش "عەلی محەمەدی" و "جەماڵ شافعی" و هەروەها هونەرمەندی موسیقا ژەن "ئارمان محەمەدی" بە کیبۆرد کەشێکی پڕ لە دڵخۆشییان بۆ بەشداران خولقاند.