کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە سوید

10:46 - 25 سەرماوەز 2725

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٢/١٢/٢٠٢٥)، بە مەبەستی ڕێزلێنان لە ۲٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، کۆمیتەی حیزب لە شاری کالمار بە هاوکاریی کۆمیتەی یەکیەتیی کوردان لەو شارە، ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆیان بۆ ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزب و کوردستانییانی ئەو شارە پێک هێنا.

ئەم ڕێوڕەسمە پاش بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن خاتوو "ڕۆژین ئەشرەفی" ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێوڕەسمەکەوە، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و  خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیاندرا.

پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید لەلایەن هاوڕێ "جەلال بهرووز ئەلیاسی"ـیەوە خوێندرایەوە.

دواتر سروودی "من پێشمەرگەی کوردستانم" لەلایەن پۆلێک لە پێشمەرگە دێرینەکان و ئەندامانی حیزب لە شاری کالمار پێشکەش کرا.

لە ناوبڕێکدا کێبەرکێیەک لەلایەن "ساڵحی وەیسی" و "بابا ئەلیاسی"ـیەوە بەڕێوە چوو.

پاشان سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی لەلایەن "جەلالی ئەلیاسی"یەوە لەگەڵ پۆلێک لە منداڵە چاوگەشەکانی دێموکرات پێشکەش کرا.

لاوانی دەست و پەنجە ڕەنگین "سەباح" و "پەیمان ئەلیاسی" بە موسیقا و گۆرانی کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.