خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
کۆمەڵانی نیشتمانپەرەوەر، پێشمەرگەدۆست و ئاڵاپارێز!
پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی کوردستان!
بەناوی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگە کوردستان لە سەرجەم ڕێڕەوانی ڕێگای ئازادی و سەرفەرازیی کوردستان دەکەین و هیوای شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە سێبەری پێشمەرگە فیداکار و خۆنەویستەکانی نیشتمان لە سەرجەم شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان، بە ئاوات دەخوازین.
ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز، کە لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە وەک ڕۆژی پێشمەرگە و ساڵانی دواتر وەک ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان نێودێر کراوە، بۆتە بەشێک لە بیرەوەریی گشتیی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ساڵانە بەشێوەی جۆراوجۆر ڕێزی لێ دەگیرێ و یادی بەرز ڕادەگیرێ. ٢٦ی سەرماوەز لەو ڕۆژە گرینگانەی مێژووی نەتەوەی کوردە کە لە ڕۆژژمێری خەبات و تێکۆشانی ئەم نەتەوەیەدا بوون بە لاپەڕەی زێڕین و هێمای بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نادادپەروەری. لەو ڕۆژەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی مۆدێرن و بەبەرنامە، پێی ناوەتە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی سیاسیی کورد و ئاڵای نەتەوەیی کوردی وەک هێمای سەروەری و ناسنامەخوازی هەڵکردووە، داهێنەری کۆمەڵێک ڕەمز و بەهای شۆڕشگێڕانە و مانادار بووە کە تا ئەمڕۆش قورساییان بەسەر کۆی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانەوە دەبینرێ.
ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤هەتاوی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان ئاڵای کوردستانی وەک هێمای حوکمڕانیی خۆماڵی لەسەر بینای شارەوانی لە شاری مەهاباد بەرز کردەوە و بەم شێوەیە بواری بۆ ڕاگەیاندنی یەکەم حکوومەتی میللی-دێموکراتیکی نەتەوەی کورد لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات ڕەخساند.
دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان، بەشی هەرە بەرچاوی هەر ئەو هێزە خەڵکییەی لە تێکەوەپێچانی دەسەڵاتی پەهلەویدا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا، لە سوپای میللیی کوردستاندا ڕێک خران کە دواتر لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لەلایەن ڕێبەرانی کۆمار و حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانەوە ناوی هێزی پێشمەرگەی پێ بەخشرا کە ئەرکی پیرۆزی پاراستنی ئاڵا و هێما نەتەوەیییەکانی دیکەی کوردستانی وەئەستۆ گرت.
پێشمەرگە یەک لە جوانترین و واتادارترین وشەکانی فەرهەنگی کوردییە کە کۆی تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکانی مرۆڤی کوردی لە خۆیدا کۆ کردۆتەوە و بۆتە پێناسەی ئەوپەڕی ئازایەتی، فیداکاری، گەلدۆستی.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر لە بەشەکانی تری کوردستان بووە، لە دامەزرانیەوە هەتا ئێستا، بە هەوراز و نشێوی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە و سەختی و ئاستەنگی زۆری ئەزموون کردوە و ڕابردوویەکی پڕلە شانازی و حەماسەی بۆ نەتەوەکەمان تۆمار کردووە. ئەم هێزە لەخۆبوردووە، مایەی لە گیان و ژیانی خۆی داناوە تا گەلەکەی بە زیندوویی و سەربڵیندی بێڵێتەوە و ئاڵاکەی شەکاوە ڕاگرێت.
ئێستا کە دەبینین ناوی پێشمەرگە بۆتە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە هەست و نەستی خەڵکدا حوزووری بەردەوامی هەیە، ئەمە بەو واتایەیە کە ناوی پێشمەرگە و ئەرکی پێشمەرگانە بۆتە بەشێک لە کولتووری نەتەوەیی تاکی کورد و لە یەک ڕەهەنددا قەتیس نەماوەتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ئێستا ناوی پێشمەرگە سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و لە پێتەختی وڵاتان و لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا وەک هێزێکی پارێزەری بایەخە مرۆیی و دێموکراتیکەکان چاو لێ دەکرێ و ڕێزی تایبەتی لێ دەگیرێ. شانازیی بەشی هەرە زۆری ئەمانە بۆ فێرگە و مەکتەبی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە کەوا دامەزرێنەر و داهێنەری ئەم هێزە و هەروەها پەروەردەکاری ئەم هێزە بەپرێستیژە بووە.
خەڵکی کۆڵنەدەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
پێشمەرگە بەباوەڕەکانی نەتەوەی کورد!
ئەمڕۆ کە زیاتر لە هەر کاتێک هیوای داڕمانی دەسەڵاتی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدی دەکرێ، پێویستە لەسەر زیندووڕاگرتنی هێما نەتەوەیییەکانمان بەتایبەتی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان پێداگرتر بین. ئێستا کاتی ئەوەیە حیزب و لایەنە سیاسییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەها هاوبەشەکانیان وەک پێشمەرگە و ئاڵا بکەنە هەوێنی لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتوویی. بە سەرنجدان بە تایبەتمەندییەکانی خەباتی گەلەکەمان و سروشتی بێ بەزەییانەی دوژمنانی ماف و ئازادیی کوردستان، بۆمان دەردەکەوێ کە بوونی هێزی پێشمەرگەی بەهێز دەتوانێ چ کاریگەرییەکی گەورە لەسەر پاراستنی شکۆ و کەرامەتی نەتەوەییمان دابنێ. پاراستن و بەهێزتر کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چ لە سەردەمی خەباتی شاخ و ڕزگاریخوازدا و چ لە سەردەمی دوای ڕزگاری نەتەوەیی، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
ئێستا ئەو بڕگەیە لە مێژووی نەتەوەکەمانە کە پێویستە ڕزگاریی نەتەوەیی و نەهێشتنی هەر چەشنە ستەم و هەڵاواردنێک لە پێشەوەی هەر ویستێکی دیکە دابنێین. لە هەل ومەرجی ئێستادا بەرپرسایەتیەکی مێژوویی لەسەر شانی هەموومانە کە بریتییە لە یەکخستنی ریزی هێزو لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو پتەوکردنی سەنگەرەکانی تێکۆشان. وەک شەهیدی ڕێبەرمان دوکتور قاسملوو فەرموویە: "پێشمەرگه و خەڵک دووانەیەکی لێک جیانەکراوەن"، مانای ئەم قسەیە ئەوەیە کە ئامانجەکانیشیان یەک ئامانجە، ئەویش گەیشتن بە مافە مرۆیی و نەتەوەیییەکانیانە و دەبێ لەم پێناوەدا پتر لە پێشوو هاوویست و هاوهەنگاو بن.
لە کۆتاییدا بەبۆنەی ئەم ڕۆژە پڕلەسەروەرییەی نەتەوەکەمان پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشکەشی هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان، خەڵکی خەباتکار و پێشمەرگەپەروەری کوردستان دەکەین و لە هەمان کاتدا لەگەڵ شەهیدانمان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە خەبات و تێکۆشانمان بەردەوام دەبین.
هەر شەکاوە بێ ئاڵای کوردستان!
سەربەرزی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان!
سەر کەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان!
حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی