کۆمیتەکانی هۆلەند، فەرانسە و ئۆتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز ١٤٠٤ی هەتاوی بە شێوەی ئانلاین کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتییان بۆ بەڕێزان د.جەواد دانشپەژوو و هاوکارانی لە بەشی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێک هێنا.
کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. پاشان خاتوو کوێستان بابایی هاوکاری بەشی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات وەک بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە بەخێرهاتنی ئەندامانی کرد و زانیاریی پێویستی بە بەشداربووان ڕاگەیاند.
لەو کۆبوونەوەیەدا هەردووک لە بەڕێزان د.جەواد دانش پەژوو، بەرپرسی بەشی تەشکیلات و ئەندامی ڕێبەریی حیزب و "محەممەد ئیسماعیلی" جێگری بەشی تەشکیلات باسێکیان پێشکەش کرد.
هاوڕێ "محەممەد ئیسماعیلی" باسێکی گشتیی سەبارەت بە زەرورەتی کاری تەشکیلات پێشکەش کرد. ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەیەکی کورتی بە چەند نمونە لە جووڵانەوە ڕزگاریخوازییەکانی جیهان و کاریگەری و پێداویستیی حیزبەکان بۆ سەرکەوتنی جووڵانەوەکان کرد. هەروەها ئەرکی هەموو تاکەکانی حیزبی بۆ بەئامانجگەیاندنی کاری تەشکیلاتەکەمان وەبیر هێنایەوە و داوای یارمەتیدانی لە هەموو ئەندامانی حیزب کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا د.جەواد دانشپەژوو باسێکی گشتیی دەربارەی سیستمی نوێی کاری حیزب لە دەرەوەی وڵات و بەرنامە و پلانی دیاریکراوی بەشی تەشکیلات پێشکەش کرد.
بەڕێزیان لە باسەکەی خۆیدا دەربارەی گرینگیی ڕێکخستنێکی پتەو بۆ هەر هێز و ڕێکخراوێکی سیاسی، باسی لە چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی کاری حیزبی لە دەرەوەی وڵات و هەروەها کار لەنێو کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە کرد. ناوبراو ئاماژەی کرد کە بەشی تەشکیلاتی دەرەوە، لە پلانی کاریی داهاتووی خۆیدا گرینگییەکی تایبەتی بە کوردانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە جۆربەجۆرەکان و پشتگیریکردنی ژنان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارەتی و لە کۆتاییشدا کارکردن لەسەر لاوان وەک ئەرکە سەرەکییەکانی کاری ئەو بەشە دەدا.
لە بەشی دووهەمی کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی حیزب وێڕای بەشداریی چالاکانەیان، ڕەخنە، تێبینی و هەروەها پرسیارەکانیان خستە بەرباس و هەوڵیان دا بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە ئاماژە بە کەموکۆڕییەکان بکەن وچەندین پێشنیاری بەجێیان بۆ کاری داهاتووی حیزب خستەڕوو کە دواتر لەلایەن هاوڕێیانەوە وڵام درانەوە.