
دیمانە: حەسەن شێخانی
پێشەکی:
چەمکی مافی مرۆڤ یەکێکە لە چەمکە باوەکان لە گوتاری سیاسی و ڕۆشنبیریی ئێراندا. دژبەران و ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی زۆربەی کات بە پشت بەستن بەم چەمکە، ڕێژیم بە پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکەن و شەرعییەتی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە پشتی ئەم ئاستە ڕووکەشییەوە، پرسیاری قووڵتر هەن سەبارەت بە چییەتی، ئەرک و سنووردارێتییەکانی گوتاری مافی مرۆڤ لە ئێراندا؛ لەوانە ئەوەی کە ئەم گوتارە تا چەند ئاوڕی لە پرسی نەتەوەکان، جیاکاریی سیستەماتیک و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ئێرانی فرەنەتەوەدا داوەتەوە. ئایا ئەم گوتارە توانیویەتی بچێتە نێو پرسی نەتەوەکان و جیاکاریی مێژوویی دژی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە ئێراندا؟
بۆ شیکردنەوەی ئەم پرسیارانە و لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە کەمتر بینراوەکانی بابەتەکە، وتووێژێکمان لەگەڵ دکتۆر فەراز فیرووزی، پارێزەر و مافناسی نێودەوڵەتی، ئەنجام داوە.
بە ڕای ئێوە چ هۆکارێک بوونەتە هۆی ئەوەی کە چەمکی مافی مرۆڤ لە دەیەکانی ئەم دواییەدا ببێتە یەکێک لە چەمکە سەرەکی و باوەکان لە گوتاری سیاسی و ڕۆشنبیریی ئێراندا؟
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتیی ڕێژیمی ئیسلامییەوە، بابەتی پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هەمیشە یەکێک بووە لە جیددیترین بەڵگەکانی دژبەرانی حکوومەت سەبارەت بە ناشەرعی بوونی حکوومەتی ئیسلامی.
لەلایەکی ترەوە، ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە خستنەڕووی تیۆرییەکانی پەیوەست بە «جیاوازی و ڕێژەگەریی کولتووری» و بە پشت بەستن بە دۆکترینی سیاسی-فەرمانڕەوایی شیعە، هەوڵیان دا ئەو نۆرمە یاساییانەی کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەفەرمی ناسراون، بخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئەم پرسە بە شێوەیەکی ئاشکرا لە بەیاننامە سیاسییەکانی حکوومەتە تازەدامەزراوەکەدا سەبارەت بە پابەندنەبوون بە دوو پەیماننامەکەی مافەکانی مرۆڤ (کە لە ساڵی ١٩٦٦دا لەلایەن حکوومەتی شاهەنشاهییەوە پەسەند کرابوو) دیارە. بێگومان ڕێژیم، بەدوای دەرچوونی ژمارەیەکی زۆر لە بڕیارنامەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و دواجار بەهۆی فشارە بەربڵاوەکان بەدوای کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ٦٧ (١٩٨٨)دا، ناچار بوو گوتاری فەرمیی خۆی سەبارەت بە مافی مرۆڤ بگۆڕێت و بۆ یەکەم جار ڕێگە بدات ڕاپۆرتەری دۆخی مافی مرۆڤی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ (کە ئێستا ئەنجومەنی مافی مرۆڤە) سەردان بکات.
ئەم پێشەکییە کورتە، شێوازی گۆڕانکارییە گوتارییەکانی حکوومەتی ئیسلامی بە تێپەڕبوونی کات و لەژێر فشاردا سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ ڕوون دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت دوای هاتنە سەرکاری خاتەمی، بۆ پاراستنی شەرعییەت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و بەدوای ئابڕووچوونی تیرۆرە دەوڵەتییەکانی ڕێبەرانی کورد لە ئەورووپا و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری لەگەڵ دژبەراندا، لە هەڵوێستی دژایەتیی تەواوەوە بەرامبەر بە چەمکی مافی مرۆڤ، ڕووی کردە پێشکەشکردنی وەشانێکی شیعەگەریانە لە مافی مرۆڤ لە ناوەندە فیکرییەکانی ڕێژیمدا، لەوانەش لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مافی مرۆڤی زانکۆی موفیدی قوم.
ئەنجامی لۆژیکیی ئەم پێشەکییە ئەوەیە کە تەنانەت کۆماری ئیسلامیش بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت، دەستی داوەتە پێشکەشکردنی وەشانە دەستکاری کراوەکەی خۆی لە مافی مرۆڤ لە بەرامبەر گوتارە ڕکابەرەکانی مافی مرۆڤ، بەرەی نیشتمانی، نەتەوەیی-ئایینییەکان و ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات.
لە گوتاری مافی مرۆڤی ڕەوتە دژبەرەکاندا، پەیوەندیی نێوان «مافە تاکەکەسییەکان» و «مافی بەکۆمەڵی نەتەوەکان» بەتایبەتی پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووس، چۆن پێناسە دەکرێت؛ ئایا ئەم ڕوانگەیە لە بنەمایەکی تیۆریی یەکگرتووەوە سەرچاوەی گرتووە یان زیاتر لایەنێکی ئامرازی و سیاسیی هەیە؟
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە پرسیاری یەکەمدا باس کرا، لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا (بە مانا گشتییەکەی) ئێمە ڕووبەڕووی گوتاری سیاسیی جیاواز دەبینەوە کە بەپێی چییەتیی بوون و ئەرکی سیاسیی خۆیان، سوود لە ئامرازی مافی مرۆڤ وەردەگرن. بۆیە، دەربڕینی ڕایەکی ورد سەبارەت بەم بابەتە، پێویستی بە توێژینەوەی کەیس بە کەیسی وەڵامە یاساییەکانیان هەیە بۆ هەر یەک لە نموونەکانی مافی مرۆڤ و لە سەرووی هەمووشیانەوە، بابەتی بنەڕەتیی «مافی دیاریکردنی چارەنووس».
بۆ چوونەنێو باسەکەوە بە ڕوونی، جەخت دەکەمەوە کە مەبەستم لە مافی دیاریکردنی چارەنووس، ئەم دەستەواژە یاساییە ناسراوەیە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا، لەوانە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پەیماننامەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان:
All peoples have the right of self-determination
بەڵام ئەم دەربڕینە یاساییە خۆی هەر لە سەرەتای پەسەندکردنییەوە جێگەی ناکۆکیی جیددیی یاسایی بووە سەبارەت بە چەمکەکانی نێوی، ئاسەوارە یاساییەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و سنوورەکانی. بۆیە پێویستە بۆ خۆلادان لە گشتاندن و گەیشتن بە ئەنجامێکی خێرا، پرسیارە بنەڕەتییەکانی دەوری ئەم مافە لەبەرچاو بگیرێن:
مەبەست لە People لە یاسای نێودەوڵەتیدا کە خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسە و لە زمانی یاسایی فارسیدا زیاتر وەک هاوتای «نەتەوە» بەکار هێنراوە، چییە؟ کێ لە پێناسە یاساییەکەیدا بە گەل/نەتەوە ناودەبرێت؟
ئایا مەبەست لە مافی دیاریکردنی چارەنووس، لایەنی تاکەکەسییەکەیەتی لە دیموکراسییەکی لیبراڵدا یان مافی دیاریکردنی چارەنووس مافێکی بەکۆمەڵە؟ سنوورەکانی ئەم مافە تا کوێیە؟
بە وردبوونەوە لەم پرسیارە بنەڕەتییانە، دێینە سەر تاوتوێکردنی گوتارەکانی مافی مرۆڤ لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا. بە دیاریکراوی پرسیاری ئێمە، تێڕوانینی مافی مرۆڤی ڕەوتە جیاوازەکانی ئێرانە سەبارەت بە ناساندنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی/نەتەوەی کورد.
**چەمکی یاسایی گەل/نەتەوە لە دۆکترینی یاسایی-فیقهیی کۆماری ئیسلامیدا**
لێکۆڵینەوە لە دەستووری کۆماری ئیسلامی، شێواویی سیستەمی فیکریی داڕێژەرانی دەستوور لە پێشکەشکردنی چەمکێکی یاسایی لە نەتەوە پیشان دەدات. لە پێشەکیی دەستووردا ١٤ جار وشەی «نەتەوە» دووبارە بووەتەوە کە بەردەوام پاشگری لێڵی «مسوڵمانان» یان «خەڵکی مسوڵمان»ی لەگەڵە. لە درێژەدا، بە لەبەرچاوگرتنی خوێندنەوەی شیعە بۆ فەرمانڕەوایی، وشەی «ئوممەت» و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاراستنی بنەماکانی ئیسلامی شیعە جێگەی سەرنج بووە. ئەم شێواوییە فیکرییە بۆ بەندەکانی دەستووریش گوازراوەتەوە. لە چەندین بەندی دەستووردا داڕێژەرانی یاسا بەبێ پێشکەشکردنی پێناسەی یاسایی یەکگرتوو، بە شێوەیەکی یەک لە دوای یەک وشەی تری وەک «نەتەوەی ئێران» و «خەڵکی ئێران»ی بەکار هێناوە.
بێ لەبەرچاوگرتنی ناتەبایی یاسایی ئەم وەسفانە و سەرلێشێواویی داڕێژەرانی دەستوور سەبارەت بە چەمکی ناسراوی نەتەوە/گەل، داڕێژەرانی یاسا بەهۆی توخمە ئایینی و زمانییەکانی کە لە بەندەکانی دوازدە و پازدەدا هاتوون، مەبەستی خۆیان لە چەمکی گەل/نەتەوە لە چوارچێوەی ناسنامەی فارسی/شیعیدا دەردەخەن. لە کۆتا بەندی دەستووریشدا بە جەختکردنەوەی دووبارە لەسەر ئەم توخمانە، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک سەبارەت بەوان قەدەغە کراوە و ڕێگە لە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی یاسایی لەم بوارەدا گیراوە. بۆیە، ئاشکرایە کە لە دۆکترینی یاسایی-فیقهیی کۆماری ئیسلامیدا بە هیچ شێوەیەک ناساندنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی/گەلی کورد مومکین نییە.
ئەم نەناساندنەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کوردەکان تەنیا بە شێوەی نەرێنی نەبووە، بەڵکوو بە شێوەی ئەرێنی، توندوتیژانە و بە پێشێلکاریی زەقی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا (کوردستان بە مانا گشتییەکەی، نەک تەنیا قبووڵکردنی دابەشکارییە ئیدارییەکانی کۆماری ئیسلامی و سنووردارکردنی کوردستان بە پارێزگای کوردستان) ئاوێتە بووە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم، لە کاتێکدا کە دانپێدانانێکی کەمینە و وریایانە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا هەیە، بەڵێنی ئێرانێکی دێموکراتیک بە مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان لە داهاتووی کۆماری ئیسلامیدا دەدات.
خوێندنەوە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە مافی مرۆڤ لە گشتییەتیی خۆیاندا ئەرێنین و توخمە ناسراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکانیان تێدایە. بەڵام کاتێک ناکۆکی دروست دەبێت کە گەلی/نەتەوەی کورد، لەوە زیاتر کە بەڵێنی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مسۆگەرکردنی نموونە تاکەکەسییەکانی بدرێتێ، داوای مسۆگەرکردنی مافی بەکۆمەڵیی خۆی واتە مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکات. لێرەدایە کە هەموو ڕەوتە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە زیرەکی و دووربینییەوە باسی هاووڵاتیبوونی یەکسان دەکەن و بە ئەنقەست و بە ئاگاهییەوە نکۆڵی لە لایەنی بەکۆمەڵی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکەن. بە بڕوای من، زۆربەی ڕەوتە سیاسییەکان بە خستنەڕووی دروشمی دڵڕفێن و فریودەری ئێرانی دێموکراتیک و هاووڵاتیانی یەکسان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامە نەتەوەییەکان، جۆرێک لە تواندنەوەی ناسنامەیی پەیڕەو دەکەن کە لایەنی بەکۆمەڵیی مافی دیاریکردنی چارەنووس هیچ جێگەیەکی تێدا نییە.
بۆچی بەشێکی گەورەی ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مافی مرۆڤی ناوەندگەرا لە ئێراندا، بەرامبەر بە «ستەمی نەتەوەیی» و جیاکاری دژی نەتەوە غەیرە فارسەکان بێدەنگن یان پشتگوێی دەخەن؟ ئایا ئەم ڕوانگەیە دەرەنجامی نەزانییە یان ڕەنگدانەوەی خۆبەزلزانییەکی کولتووری-نەتەوەییی دامەزراوەییە لە گوتاری باڵادەستدا؟
بەداخەوە من ئەم بێدەنگییە بەهۆی کەمتەرخەمیی سادە یان ئاگانەبوون لە ڕووداوە دژە مرۆییەکان، بەتایبەتی لە کوردستاندا، نابینم؛ بەڵکوو پێم وایە جۆرێک لە بەرژەوەندیخوازیی سیاسی لەم بابەتەدا لەلایەن نوخبە و ڕەوتە سیاسییەکانی ئێرانەوە هەیە. بۆ نموونە، کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ٦٧ (١٩٨٨) بە شێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکانەوە دانپێدانانی یاسایی پێ کراوە، بەڵام کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی کە بەدوای فەتوای جیهادی ئایەتوڵڵا خومەینیدا دژی کوردستان ئەنجام دران، هەرگیز دانپێدانانی فەرمی و یاساییان پێنەکراوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دانپێنەنانە، بەرژەوەندیخوازییە سەبارەت بە دۆکترینی «جیابوونەوەی چارەساز» لە یاسای نێودەوڵەتیدا کە بەپێی ئەو دۆکترینە، پێشێلکاریی سیستەماتیک و زەقی مافی مرۆڤ لەناو وڵاتێکدا دژی نەتەوەیەکی ستەملێکراو، هیچ چارەیەک جگە لە جیابوونەوە ناهێڵێتەوە.
چۆن دەکرێت گوتاری مافی مرۆڤ دابڕێژرێتەوە تا لەبری ئەوەی ببێتە ئامرازێک بە دەستی بەشێک لە ڕەوتی ڕۆشنبیری بۆ پەراوێزخستنی پرسی نەتەوەکان، ببێتە گوتارێکی گشتگیر و گونجاو لەگەڵ واقیعی فرەکولتووری و فرەنەتەوەیی ئێران؟
دەبێت بڵێم بۆشاییە مەعریفییە سیاسی-یاساییە بەرچاوەکان هەن سەبارەت بە نموونەکانی مافی مرۆڤ و سنوورەکانی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی زۆرینە ناوەندگەراوە لەبەر ڕۆشنایی واقیعە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستان و نەتەوەکانی تردا. ئەم کەموکوڕییە مەعریفییە تەنیا بە قبووڵکردنی واقیعەکان، ناساندنی مافەکانی ئەویتر و گۆڕینی تێڕوانین نایەتە دی؛ شتێک کە بەداخەوە ئەزموونی مێژوویی پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.
لەوانەیە بتوانرێت ئیدعا بکرێت کە کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنە ناوەندگەراکەی لە دۆگماتیزمی مەعریفیدا سەبارەت بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و ناساندنی مافی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک، خاڵی هاوبەشیان هەیە. بۆ سەلماندنی ئیدعاکەم، سەرنجتان بۆ لایحە یاساییەکەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە کەیسی ڕای ڕاوێژکاریی دادگەی نێودەوڵەتیی داد ڕادەکێشم کە تێیدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕای یاسایی خۆی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تاکلایەنەی کۆسۆڤۆ و چەمکی مافی دیاریکردنی چارەنووس، بە فەرمی لە ڕێکەوتی ١٧ی نیسانی ٢٠٠٩دا بۆ دادگەکە ناردووە.
جێگەی باسە بەهۆی گرنگیی بابەتەکە بۆ کۆماری ئیسلامی، وەزارەتی دەرەوە بۆ ڕێکخستنی ئەم لایحە یاساییە تەنانەت سوودی لە ڕای مافناسە ئێرانییە ناهەماهەنگەکانیش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە!
لە بنەڕەتدا بەڵگەی ئێران لە لایحەکەدا لەسەر ئەوە دامەزراوە کە یەکپارچەیی خاک لە یاسای نێودەوڵەتیدا ڕێسایەکی ئامرەیە و بە هیچ شێوەیەک قابیلی دەستکاری نییە. لەم ململانێ یاساییە جیهانییەدا، تەنیا دەوڵەتەکانی ئێران و ڕووسیە باوەڕیان بە ئامرەبوونی پرەنسیپی یەکپارچەیی خاک هەبوو. لە بەرامبەردا، دەوڵەتەکانی نەرویج، سویسرا و هۆڵەندا لە لایحە یاساییەکانی خۆیاندا دژایەتیی ئەم بەڵگەیەیان کرد.
لە لایحە یاساییەکەی ئێراندا هەروەها هاتووە کە تەنانەت «پێشێلکاریی زەقی مافی مرۆڤ و مافە مرۆڤدۆستانەکان بە ڕەهەندی بەربڵاو لە هەندێک ناوچەی وڵاتێکدا، مافی جیابوونەوەی تاکلایەنە بۆ قوربانییەکان دروست ناکات». لەم بەشەدا، ئێران بە توندی دۆکترینی «جیابوونەوەی چارەساز» تەنانەت لە حاڵەتی ڕوودانی کارەساتبارترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیشدا ڕەت دەکاتەوە. ئێران بە پشت بەستن بە ماددەی ٢٧ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی دیاریکردنی چارەنووس کە لە ماددەی ١ی هەمان پەیماننامەدا هاتووە، بۆ نموونەکانی مافە تاکەکەسییەکانی کەمینەکان، وەک مافە کولتوورییەکان و سرووتە ئایینییەکان، دادەبەزێنێت و سنوورداری دەکات.
بە وردبوونەوە لەم لایحە یاساییە کە گرنگترین بەڵگەنامەی یاساییە بۆ ئاگاداربوون لە تێڕوانینی لایەنی ئێرانی سەبارەت بە مافی دیاریکردنی چارەنووس، دەتوانم بڵێم مافی دیاریکردنی چارەنووس لە فەرهەنگی یاسایی ئێرانیدا ئەویش لە گەشبینانەترین حاڵەتدا لە چوارچێوەیەکی هاوشێوەی ئەوەی کە پێی دەوترێت مافەکانی خەڵکی ڕەسەن (Indigenous People/گەلی خۆجێی) قبووڵ کراوە کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ویستی مێژوویی کوردەکان و خەباتە بەردەوامەکانیاندا یەک ناگرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، من پێم وایە پارتە کوردستانییەکان دەبێت سەرەتا لە ڕێگەی دۆکترینێکی یاسایی گشتگیرەوە، ستراتیژیی خۆیان بۆ داڕشتنی داخوازییە سیاسی-یاساییەکانیان لە بواری ناساندنی «مافی دیاریکردنی چارەنووس»دا دیاری بکەن و دواتر، پاش ناساندنی یاسایی ئەم مافە، بە شێوەی تاکتیکی و بێگومان بە گەڕانەوە بۆ ویستی گشتیی خەڵکی کوردستان، سەبارەت بە شێوە، سنوور و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی هەنگاو بنێن. بەبێ داڕشتنی بنەما یاساییە پتەوەکان، هەر جۆرە داواکارییەکی دابەشکردنی دەسەڵات، فیدراڵیزم و چەمکەکانی لەم جۆرە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی یاسایی بێشومار دەبێتەوە. بێگومان لە دۆخی ئێستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە جیهان و ناوچەکەدا، هەبوونی هێز و کۆنترۆڵی کاریگەر، گەرەنتیی زاڵبوونی یاساییش دەکات.