کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە وڵاتی دانمارک

23:33 - 27 سەرماوەز 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤(١٧/١٢/٢٠٢٥)، لە کۆپێنهاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک ڕۆژی ئاڵای کوردستان لەلایەن فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەم وڵاتەوە بەرز ڕاگیرا.

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی فێدراسیۆن هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە کاک "ئەحمەد ڕەحمانی" بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان، کاک "مەسعوود نادری" بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی شیلەند، خاتوو "کەژوان یووسفی" بەرپرسی بەشی پەروەردە بەشداری ئەم یادە بوون.

پەیامی کۆمیتەی حیزب بەبۆنەی ئاڵای کوردستان کە بەدەستی بەهێزی پێشمەرگە شەکاوە ڕاگیراوە لەلایەن "ئەحمەد ڕەحمانی"یـەوە خوێندرایەوە کە لە بەشێک لە پەیامی کۆمیتەدا هاتبوو: بێگومان ئاڵا یەکێک لە هێما نەتەوەییەکانی هەر گەل و وڵاتێکە، ڕۆژێک بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم هێما نەتەوەیە دانراوە و بەرز دەنرخێندرێ.

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤هەتاوی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ئاڵای کوردستانی وەک هێمای حوکمڕانیی خۆماڵی لەسەر بینای شارەوانی لە شاری مەهاباد بەرز کردەوە و بەم شێوەیە بواری بۆ ڕاگەیاندنی یەکەم حکوومەتی میللی-دێموکراتیکی نەتەوەی کورد لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات ڕەخساند.

ئەم ئاڵا ڕەنگینە هەر لەو سەردەمەوە تاکوو ئەمڕۆ بە بەخشینی خوێنی سوور و لە مەیداندا بوونی گەلەکەمان دژی داگیرکەرانی کوردستان بە بەرزی ڕاگیراوە.

هەر لە یادی ڕۆژی ئاڵای شەکاوەی کوردستاندا پەخشانێک بە ناوی "پێشمەرگە" لەلایەن خاتوو "کەژوان یووسفی"ـیەوە خوێندرایەوە.

چەندین هێز و لایەنی کوردستانی و کۆمەڵەی کوردی لەم ڕۆژەدا بەشدار بوون و شکۆی ئاڵای کوردستانیان بە بەرزی ڕاگرت.