ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤(١٧/١٢/٢٠٢٥)، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان وەک هێمایەکی نەتەوەیی، کۆبوونەوەیکی هاوبەش لە نێوان ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە شاری ستۆکهۆڵم پێک هات.
هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید پێکهاتوو لە بەڕێزان: جەمیلە حەسەنخاڵی، ماپەرە قەرەگولی، محەمەدئەمین ڕەشیدی و عەباس یاری لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.
هاوڕێ جەمیلە حەسەنخاڵی بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی گشتیی، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە بەشداران کرد.
دواتر هاوڕێ حەمەدەمین ڕەشیدی باسێکی گشتیی لەبارەی ئاڵای کوردستان پێشکەش کرد. بەڕێزیان باسی سەرچاوە و هەڵدرانی ئاڵای کوردستانی لە کۆماری کوردستاندا کرد، کە دەستکەوتێکی گرینگی مێژوویی کۆماری کوردستانە و وەک شانازی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان دەمێنێتەوە.
ناوبراو دوای ئەو باسە پڕنێوەرۆکە سەبارەت بە ئاڵا و گرینگیی ئاڵا لە ژیانی سیاسیی وڵاتاندا، ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ دەسبەسەرداگیرانی دوایین پێگەی ئیستیبداد لە شاری مەهاباد و لەلایان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کراوە کە هێزی پێشمەرگە و سپای میللی کوردستانیش دەستکەوتێکی دیکەی کۆماری کوردستانن.
بەشدارانی کۆبوونەوەکە لەسەر ڕۆژی ئاڵا و شوێندانەریی لەسەر بیر و هزری نەتەوەیی کورد و گرینگیی ئاڵای کوردستان وەک دەستکەوتێکی نەتەوەییی کۆماری کوردستان هاوڕا بوون و بەتێکڕایی لەسەر پاراستنی هێما نەتەوەییەکان پێداگرییان کردەوە.