کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسەندکردنی بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران لەلایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە

12:10 - 29 سەرماوەز 2725

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ساڵانەی مەحکوومکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە ئێران بە ٧٨ دەنگی ئەرێنی، ٢٧ دەنگی نەرێنی و ٦٤ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرد.

ئەو دەنگدانە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەز لە نیۆیۆرک بەڕێوە چوو و دەرخەری بەردەوامیی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی بەنیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.

لە دەقی بڕیارنامەی ئەمساڵدا، بابەتی لەسێدارەدانەکان، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، پێشێلکردنی مافی ژنان و گوشار بۆ سەر کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەشێوەی بەربڵاو  ئاماژەیان پێ کراوە.

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە چوونەسەرەوەی بەرچاوی لەسێدارەدانەکان بەتایبەت ئەو لەسێدارەکانانەی بەبێ ڕەچاوکرانی دەسپێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ بەڕێوە چووە، نیگەرانی دەربڕی و خوازیاری هەڵپەساردنی ئەو سزایانە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بوو.

لە بەشێکی پێوەندیدار بە کەمینەکان، ئەو بەیاننامەیە ئاماژەی بە هەڵاواردنی پێکهاتەیی و سەرکوتی بەربڵاوی هاونیشتمانییانی کورد کردووە.

بەپێی ئەو بەڵگەیە، کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دەرکردنی سزای قورس، هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ چالاکانی مەدەنی و سیاسی و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤی ئەزموون کردووە و ژمارەیەکی بەرچاو لە قوربانییانی ناڕازی لە سەرانسەری کوردستاندا تۆمار کراوە.

ئەو بڕیارنامەیە سەرکوتی ئامانجداری ژنانی مەحکووم کردووە و یاسای پێوەندیدار بە حیجابی زۆرەملێی بە هەڕەشەیەکی جیددیی بۆ سەر ئازادیی بنەڕەتی لە قەڵەم داوە.

کۆڕی گشتی هەروەها باسی لە دیاردەی ژنکوژی، قەتڵی نامووسی، منداڵ هاوسەری و توندوتیژیی بنەماڵەیی کردووە و خوازیاری پەسەندکردنی یاسای گشتیی پشتیوانی لە ژنان و هەڵوەشانەوەی تەواوی سیاسەتی داسەپاوی زۆرەملێی حیجاب بووە.

هەروەها بۆ یەکەمین جار لە بڕیارنامەی کۆڕی گشتیدا، بابەتی "سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکان" لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە خراوەتە بەرباس و لەبارەی گوشار، هەڕەشە و ئازاری دژبەران و بنەماڵەکانیان لە نێوخۆ و دەرەوە نیگەرانی دەربڕیوە.

لە بەشی کۆتاییدا، کۆڕی گشتی داوای لە ڕێژیمی تاران کردووە هاوکاریی خۆی لەگەڵ ڕێکارە مافی مرۆییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەرە پێ بدات، ڕێگە بە ڕپۆرتێری تایبەت و شاندی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بدات و یاسای نێوخۆیی خۆی لەگەڵ بەڵێنییە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ ڕێک بخات.