کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە مانگانە ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تایبەت بە لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکاتەوە، راپۆرتی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥ی بڵاو کردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:
لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر تاوەکوو ئێستا، لانیکەم ٣٥ لاوی کورد لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ١٤ هەتا ٣٥ ساڵ، بە تۆمەتی جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی و تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە و هۆکاری نادیار دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە کە ناسنامەی بەشێکیان ئاشکرا بووە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان، یەک کەس لە بۆکان، سێ کەس لە سەقز، پێنج کەس لە سنە، یەک کەس لە شنۆ، چوار کەس لە پیرانشار، چوار کەس لە مەهاباد، دوو کەس لە کامێران، یەک کەس لە کرماشان، یەک کەس لە خوراسان (ژنێکی هونەرمەند)، یەک کەس لە بانە، سێ کەس لە دیواندەرە، دوو کەس لە ورمێ و چوار کەس لە سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان، لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە حیزبە کوردییەکان، جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، مادە هۆشبەرەکان و تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان تەمەنیان ژێر ٣٥ ساڵ بووە.
بەپێی ئەم ئامارە، زیاتر لە ٩ کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان، زیاتر لە شەش کەسیان خەڵکی پارێزگای ورمێ، دوو کەسیان خەڵکی سنە و هاووڵاتییانی دیکە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە ناسنامەی تەواویان ئاشکرا نییە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی نۆڤەمبەردا ٢ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار بوون، هەروەها کۆڵبەرێک بە تەقینەوەی مین ئەندامێکی جەستەی لەدەست داوە.
بەپێی ئەم ئامارە شێرزاد حوسەینی خەڵکی شاری مەریوان و ئەسەد (نازناو نادیار) خەڵکی شاری نۆدشە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بەسەختی بریندار کراون، هەروەها ئیراهیم عەبدوڵڵایی خەڵکی شاری جوانڕۆ بەهۆی تەقینەوەی مین قاچێکی لەدەست داوە.