کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٦ی سەرماوەز لە کۆمیتە ناوچەی رۆمەریکە لە نۆروێژ

10:55 - 1 بەفرانبار 2725

کۆمیتە ناوچەی رۆمەریکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاری یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکرات و هەر دوو کۆمەڵەی کولتووریی رۆمەریکەی سەرێ و خوارێ لە وڵاتی نۆروێژ، ڕێوڕەسمێکیان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر لەلایەن پێشکەشکارەکان ساڕێژ سەممار و ماردین مەرتاڵەوە بە خێرهاتنی بەشداربووان کرا و ڕایانگەیاند ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە تا یادێک لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە، پارێزەرانی شوناسی نەتەوەیی کوردستان بکەین و لە هەمان کاتدا ڕێز لە ڕۆژی ئاڵای بەشکۆی کوردستان بگرین.

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "تاڤگە فەرەجی" ئەندامی کۆمیتەی ناوچە خوێندرایەوە. لە پەیامەکەی حیزبی دێموکراتدا هاتبوو: پێشمەرگە یەک لە جوانترین و واتادارترین وشەکانی فەرهەنگی کوردییە کە کۆی تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکانی مرۆڤی کوردی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە و بووەتە پێناسەی ئەوپەڕی ئازایەتی، فیداکاری و گەلدۆستی.

لە بڕگەی دواییدا سروودێک لەژێر ناوی “پێشمەرگە” بە هاوکاری موزیکژەنی بەتوانا، "دیار کەریم" لەلایەن تاڤگە فەرەجییەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێورەسمەکەدا پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە سێنفی و دێموکراتیکەکان لەلایەن "مەنسوور سەممار" ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی کولتووری لە رۆمەریکەی خواروو خوێندرایەوە. لە پەیامەکەی ڕێکخراوەکاندا وێڕای پیرۆزبایی، سپاسی تەواوی ئەو پێشمەرگانە کرا کە لە یەکەم چرکەکانەوە تێکەڵی ئەو خەباتە بوون و سپاسی تەواوی ئەو پێشمەرگانەش کرا کە هەتا هەنووکە هەر یەکەی لە سووچێکی نیشتمانەوە تێکەڵ بەو شۆڕشە پیرۆزەوە دەبن . لەم پەیامەدا پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەویندارانی ئاڵای کوردستان بە تایبەتی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و سەرجەم کەم‌ئەندامانی شۆڕشی کورد کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا هونەرمەند شێرکۆ مەریوانی سروودێکی شۆڕشگێڕانی پێشکەش کرد. دەستەی بەڕێوەبەریی ٢٦ی سەرماوەز ئەم بەشە لە ڕێوڕەسمەکەی لەژێر ناوی “گواستنەوەی نرخێکی پیرۆز“ تەرخان کردبوو بە نمایشکردنی دەستاودەست کردنی خەبات لەنێو پێشمەرگەدا. تێکۆشەرانی دێرین بە جامانە لەملکردنی لاوەکان خەبات و تێکۆشانی خۆیان ڕادەستی نەوەی نوێ کرد. لە کۆتاییدا بە نوێنەرایەتی لەو هەموو پێشمەرگە ئازا و قارەمانانەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات ڕێز لە سێ کەسیان گیرا.

لە بڕگەی کۆتاییدا هەر یەک لە هونەرمەندان "شێرکۆ مەریوانی"، "مێهران مەحموودی" و "دیار کەریم" بە گۆرانی و مۆسیقا جێژنەکەیان ڕازاندەوە و ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.