ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ کۆمیتەی ئۆسترالیای حیزبی دێموکرات، وێبینارێکی بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بۆ عەلی بداغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پێکهێنا.
وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان کاک "مەسعوود سەمەدی"، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی ئوسترالیا وێڕای بەخێرهاتنی بەشداران و کۆڕگێڕانی وێبینارەکە ئامانج لە وێبینارەکەی شی کردەوە.
لە بەشی یەکەمی وێبینارەکەدا کاک "حوسێن پەیڕەوان"، فەرماندە و پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات، چەند بیرەوەرییەکی سەبارەت بە هەڵسووڕانی هێزی پێشمەرگە و هاوکاری و پشتیوانیی خەڵکی بەئەمەگی کوردستان پێشکەشی بەشداران کرد.
لە بڕگەی سەرەکیی وێبینارەکەدا کاک عەلی بداغی سەرەتا لە باسە سیاسی و مێژووییەکەی لەسەر پێشمەرگەی کوردستان و ئاڵای کوردستاندا چەند ڕاستییەکی مێژوویی لەسەر ڕێکەوتی ئەو ڕووداوانە خستەڕوو کە پێویستە بە سەرنجدان بە بەڵگە بەردەستەکان ڕاست بکرێنەوە.
ڕەوتی هەڵکردنی ئاڵا لە سەدەی ١٩ هەتا دەگاتە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان هەتا ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشووری کوردستان و پەسندکرانی هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە کۆنگرەی ١٣ی حیزبی دێموکرات تەوەرێکی دیکەی باسەکەی عەلی بداغی بوو.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا باسی گرێدراویی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان کرد و گوتی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵا لە ڕۆژژمێری کوردیدا تەنیا بۆنەیەک نییە بۆ بیرهێنانەوەی دوو ڕووداوی مێژوویی، بەڵکوو بایەخدانە بە ئاڵا وەک هێمای شوناسخوازی و، بەخشینەوەی سەروەرییەکی بەردەوامە بە پێشمەرگە وەک بەهەڵوێستترین و گیانفیداترین ڕۆڵەکانی ئەو نیشتمانە.
باس لە پێگەی خەباتی چەکداری و هەر بەو بەو پێیەش هێزی پێشمەرگە لە هزری سیاسی و هەروەها تێکۆشانی مەیدانیی حیزبی دێموکرات و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەبات و بەرگریی چەکداری و پێشمەرگانەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەوەرێکی دیکەی باسەکەی کاک عەلی بداغی بوو.
ئەو وێبینارە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانی کۆمیتەکانی حیزب لە ئوسترالیا، نیووزلەند، فینلاند و کانادا و سوید بەشدارییان تێدا کردبوو بە پێشنیار و تێبینی و پرسیار بەشداران و وەڵامی کۆڕگێڕ دەوڵەمەند کرا.