ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤(١٩/١٢/٢٠٢٥)، لەلایەن کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و بە بەشداریی بەشێک لە کوردەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە، ڕێوڕەسمێک بۆ پیرۆزکردنی بۆنەکانی ٢٦ی سەرماوەز و شەوی یەڵدا لە شاری ڤییەن بەڕێوە چوو.
سەرەتا لەلایەن خاتوو "مونیرە نیگەهدار" بەرپرسی کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکەوە بە خێرهاتنی میوانەکان کرا.
پاشان سروودی ئەی ڕەقیب و خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل و نیشتمان ڕاگەیەندرا.
پەیامی کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دوکتور جەزا ساڵحییەوە پێشکەش کرا.
لە پەیامی کۆمیتەی ئوتریشی حیزبدا ئاماژە بە گرینگی و دەوری ئاڵای کوردستان لە پێکەوە گرێدانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و سەلماندنی یەک نەتەوەبوونی کورد سەرەڕای دابڕانە جوغرافیاییە دەسکردەکان کرا.
واتای پێشمەرگە، چۆنیەتیی ئەرکی گران و پڕ لە مەترسیی پێشمەرگایەتی و لەخۆبردوویی و گیانفیداییەکانی پێشمەرگە لەپێناو بەختەوەری گەل و نیشتمان، گرینگی و پێویستیی مانەوەی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی چەکدار بۆ پارێزگاری لە ئاڵای کوردستان و کەرامەتی تاکی کورد و پاراستنی کورد لە قەڵاچۆکران و ژینۆساید، نەبڕاوەیی و بەردەوامبوونی خەباتی خەڵکی کوردستان لەپێناو مافە ڕەواکانی خۆیدا لەو بابەتانە بوون کە لەم پەیامەدا ئاماژەیان پێ کرا.
لە بەشێکی تر لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا ئاماژە بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە مامۆستایان، چالاکوانانی کولتووری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ژنان و ژینگەییەکان و سزای گرتن، ئەشکەنجەدان، ڕاگرتن لە بەندیخانە بە دەیان ساڵ و سزای لەسێدارەدان دژی نەتەوەی کورد کرا.
پاشان کێبڕکێیەک بە ئاراستەکردنی چەند پرسیارێک لەسەر مێژووی کورد و کوردستان بەڕێوە چوو و لەلایەن کۆمیتەی ئوتریشی حیزبەوە خەڵات پێشکەش بە براوەکانی کێبڕکێیەکە کرا.
بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ پەیام و برووسکەی ڕێکخراوە کوردستانییەکان و لەم بەشەدا لەلایەن کاک دانا شەدەڵە پەیامی مەڵبەندی کوردی، لەلایەن خۆشکە لۆرین ئەقدەسی پەیامی ڕێکخراوی ژینا و لەلایەن کاک فەرەیدوون عەبدوڵڵا پەیامی ماڵی کوردان پێشکەش کرا و ئەم ڕێکخراوانەش بە ناردنی نوێنەر و برووسکە بۆ کومیتە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون :
ڕێکخراوی پەرەپێدانی کولتووری کوردانی یارسان لە ئوتریش
ڕێکخراوی لالشی کوردانی ئێزەدی
پارتی دێموکراتی پێشوەڕۆی کورد لە سووریە
پارتی یەکیەتیی کوردستان لە سووریە
ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانی، هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی بەشداران کۆتایی پێ هات.