ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤(٢١/١٢/٢٠٢٥)، بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامانی هەر سێ كۆمیتەكانی ئامریكا، ڕوژهەڵات و ڕۆژاوای كانادا و بە شێوەی ئانلاین لە پلاتفۆرمی زووم بۆ دوكتور جەواد دانشپەژوو بەرپرسی گشتیی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە دەروەی وڵات و بە باسێک لەسەر كاری ڕێكخستن بەڕێوە چوو.
بەڕێز دانشپەژوو لەم سێمینارەدا، ئاماژەی بە گرینگیپێدان بە لاوان و ژنان و هاندانیان بۆ بەشداری لە كاری حیزبی و هەروەها نزیككردنەوەی كوردەكانی ڕوژهەڵات بەتایبەتی چینی خوێندەوار لە حیزب کرد و ڕایگەیاند: ئەگەر ئەم کەسانە نەبنە ئەندامی حیزبیش بەڵام بێنە سەر ئەو ڕێبازە كە بیری نەتەوەی و هەستی شوناسخوازانە لەنێو ئەو چینە زیاتر بكرێت هەر وەک چۆن سیاسەتی گشتیی حیزبی دێموكراتیش هەر ئەوەیە كە كۆمەڵانی خەڵک هەم ڕێک بخات و هەم ئاشنا بكات بە سیاسەتەكانی كە ئامانجەکەی خزمەتی دۆزی ڕەوای كوردە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان .
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە دەبێ بەشی پەروردەی حیزب زیاتر بۆ پێگەیاندنی ئەندامانی حیزبی چ لە بواری شارەزایی لە سیاسەتی حیزب و زانیاری گشتی بۆ خۆپێگەیاندن و خۆئامادەكردن بۆ ڕووداوەكان و ئاڵوگۆڕەكان لە ناوچە و بەتایبەت ئێران و كوردستان بە بەرنامە و پلان بڕواتە پێش.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ ئەندامان خۆیان لەگەڵ تێكنۆلۆژی و بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیییەکان ئاشنا بکەن كە بتوانن بە شێوەیەكی دروست كەڵكی لێ بگرن و لەمبارەوە پەروەردە بکرێن.
دوکتور جەواد هەروەها باسی لە دانانی سیستمێكی نوێ لە دەرەوە بۆ كاری تەشكیلاتی و ئورگانیی حیزب کرد و وتی دەبێ كاتی پێ بدرێت تا جێ بكەویت و بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەرک و كاری حیزبی دەبێ هەموو ئەندامان لە كارە حیزبییەكاندا بۆ یەكگرتوویی كاری تەشكیلاتی و حیزبی لە دەرەوەی وڵات هاوكاری كۆمیتەكان بن.
بەشی کۆتایی سێمینارەکە وڵام و پرسیاری هاوڕێیان بوو کە لەلایەن دوکتور جەوادەوە وڵامیان درایەوە.