بەشدرابووانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە نەوەدوحەوتـەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنیاندا و لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیەدا ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ١٠ ڕۆژی سەرەتای مانگی سەرماوەزدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نزیک بە ١٠٠ کەس لەوانە دوو ژنی لە سێدارە داوە.
لەم بەیاننامەیەدا بەشداربووانی کەمپەینەکە وێڕای ئاماژەدان بە ڕێژەی لەسێدارەداوانی مانگی سەرماوەز، نیگەرانیی جیددیی خۆیان لەمەڕ مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی دەربڕیوە.
لەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بە کۆی گشتیی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤وە هەتا ئێستا پتر لە ١٥٦٤ سزای دژەمرۆیی سێدارە جێبەجێ کراوە.
لە ئێستادا بەندکراوانی ٥٥ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا ئەندامی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانن و ڕۆژانی سێشەممەی هەموو حەفتەیەک لەڕێگەی مانگرتن لە خواردنەوە ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراون دەردەبڕن.