کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری کارەساتباری ژنکوژی لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا

11:08 - 2 بەفرانبار 2725

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، لە ئەمساڵدا لەژێر دەسەڵاتی ژنکوژ و دژەژنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، زیاتر لە ٢٠٣ ژن بە بیانووی جۆراوجۆر کوژراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو" سەرەڕای هۆشداریی جیددی لەمەڕ چوونەسەرەوەی ڕێژەی حاڵەتەکانی ژنکوژی لە ئێران، ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٠٣ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراون.

لەو ڕاپۆرتەی "هەنگاو"دا هاتووە کە "بەهۆی یاسای دژەژنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سەپاندنی یاسای پیاوسالارانە و بە پاساوی نامووسی، بەشێکی بەرچاو لە حاڵەتەکانی ژنکوژی تۆمار نەکراون".

هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتی "هێرانا"، لە ساڵی ١٤٠٣دا لە بواری مافی ژنانەوە، لانیکەم ١٥٨ حاڵەتی ژنکوژی، ١٦ هەزار و ٥٦٧ حاڵەتی توندوتیژی  و ٣٠ هەزار و ٦٤٢ حاڵەتی هەڵسوکەوتی نەشیاو بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە دژی ژنان لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کراون.

شایانی باسە مای ساتۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٤ی ڕەزبەری ئەمساڵدا وێڕای باسکردن لە دۆخی مافی مرۆیی لە ئێران و حاڵەتە بەربڵاوەکانی ژنکوژی ڕایگەیاند: "لە ئێراندا نەبوونی یاسای گشتگیر دژی توندوتیژیی بنەماڵەیی و سزانەدانی تاوانکارانی "دەستدرێژیی سێکسی"، بەستێنی بۆ توندوتیژیی زیاتر دژی ژنان پێک هێناوە".

هەروەها "هەنگاو" لە ڕاپۆرتی مانگانەی پێشێلکارییەکانی مافی ژنان تایبەت بە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی ڕایگەیاندبوو کە، لانیکەم ٢٢ چالاکی ژن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و ٥ چالاکی دیکەش لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ژنان لە ئێراندا قوربانیی سەرەکیی ئیدۆلۆژیی ئایینیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین و سەرەڕای ڕێژەی بەرچاوی ئاماری ژنکوژی و توندوتیژیی بەرانبەریان، سەرپەنا و ناوەندێک نییە کە بتوانێت لە بارودۆخی هەستیاردا پاڵپشت و پشتیوانیان بێت و لە بەرانبەر ماف و داخوازییەکاندا وڵامدەر بێت.