لە درێژەی ڕەوتی چوونەسەرەوەی پێشێلکاریییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە مانگی سەرماوەزدا لانیکەم ٣٣٨ کەسی لە سەرانسەری بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە داوە؛ ئامارێکی کارەساتبار و ناخهەژێن لە دەرخەری ئەوەیە کە بە شێوەی نێونجی، ڕۆژانە لانیکەم ١٢ کەس و بە واتایەکی دیکە لە هەر دوو کاتژمێردا یەک کەس لە سێدارە دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی ماڵپەڕی مافی مرۆیی "هێرانا"، لە مانگی سەرماوەزدا ٢٩٦ ڕاپۆرت کە ٣٣٨ حاڵەتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، ٢١ حاڵەتی دەرکردنی ئەو سزایە و ٦ حاڵەتی پشتڕاتکردنەوەی سزای سێدارەدانی لەخۆ گرتووە، تۆمار کراوە.
لەو نێوانی ئەو لەسێدارەدانانەدا، دوو حاڵەتی ئەو سزایانە لەپێش چاوی خەڵکدا جێبەجێ کراون و ئەوەش دەرخەری پێداگریی ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئیسلامی بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئاسایی نیشاندانی توندوتیژیی دەوڵەتی و کەڵکوەرگرتن لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێیە.
ئەنجومەنی زانستیی ڕەوانپزیشکەکانی ئێران پێشتر لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ غوڵامحوسێن مۆحسێنیی ئێژەیی سەرۆکی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، بەنیسبەت لێکەوتە کارەساتبارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو جۆرە سزایە لەپێش چاوی خەڵکدا هۆشداریی دابوو و خوازیاری ڕاگرتنی خێرای ئەو ڕەوتە بوون، بەڵام لەلایەن ئەو بەرپرسەی ڕێژیمەوە بە هەند وەرنەگیرا.
هەڵسەنگاندنی "هێرانا" نیشان دەدات کە ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا بەنیسبەت ئەو ڕێژەیە لە هەمان مانگ لە ساڵانی ڕابردوودا، هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٨دا ٣٠ حاڵەت تۆمار کراوە و ئەو ڕیژەیە لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا گەیشتووە ٣٣٨ حاڵەت یانی ١١ قات زیاتر.
بە سەرنجدان بە نهێنیکارییەکانی پێکهاتەی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم و جێبەجێکردنی ئەو سزایە بە شێوەی نهێنی، زۆرێک لەو سزا تۆمارکراوانە لانیکەمی ئەو حاڵەتانەیە کە جێبەجێ کراون.
چوونەسەرەوەی بێوچانی لەسێدارەدانەکان کاردانەوەی بەربڵاوی ناوەندە نێونەتەوەییەکانی بەدواوە بووە و کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی سەرماوەزدا بڕیاری ساڵانەی دۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران پەسەند کرد و مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی سەر بەو ڕیکخراوەیە هۆشداریی دا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژەدان بەو ڕەوتە لە ڕاستای "تاوان دژی مرۆڤایەتی" هەنگاو دەنێت.