کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە خواردنی ژنێک لە گرتنگەیەکی ڕێژیم

09:48 - 4 بەفرانبار 2725

٢٤ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی عەزیزە مورادیان، ژنە بەندکراوی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنەدا تێدەپەڕێ و ئێستا لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەیە.

بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، عەزیزە مورادیان ژنی بەندکراوی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی گوندی تەنگیسەر، ٢٤ ڕۆژە لە دۆخێکی ناڕووندا ڕاگیراوە .

عەزیزە مورادیان لە کاردانەوە بە ناڕوونیی چارەنووسی خۆی لە ٢٤ ڕۆژی ڕابردوودا، ماوەی چوار ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

مانگرتن لە خواردنی ئەم ژنە بەندکراوە لەکاتێکدایە کە ناوبراو نەخۆشیی گەدەی هەیە و مانگرتنی لە خواردن دەتوانێ دۆخی تەندروستیشی بخاتە مەترسییەوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤، ئەم ژنە کە دانیشتووی مەریوانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردبوو و دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتبوو.

عەزیزە مورادیان لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تاکوو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.