کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی مامۆستای قوتابخانە کەرتی پەروەردەی پارێزگاکانی کوردستانی پەک خستووە

12:05 - 4 بەفرانبار 2725

سەرەڕای بوونی دەیان کێشە و گرفتی کەرتی پەروەردە لە پارێزگاکانی کوردستان، کەمیی دوو هەزار مامۆستای قوتابخانە لە پارێزگای سنە، کەرتی پەروەردە و قوتابییانی تووشی گرفتی جیددی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم، کەرتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو پارێزگایە دەیان ساڵە لەگەڵ کەمیی مامۆستا، پواوی قوتابخانەکان و نایەکسانی و هەڵاواردن بەرەوڕوون و لە ئیستادا تەنیا پارێزگای سنە پێویستی بە زیاتر لە ٢ هەزار مامۆستایە.

قەیرانی نەبوونی مامۆستای قوتابخانە لە پارێزگای سنە و پارێزگاکانی دیکەی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە مەجلیسی ڕێژیمدا هەندێک لە نوێنەرانی ڕێژیم سەرەڕای ئەوەی باسیان لە بەڕێوەچوونی پۆل و وانە بەبێ بوونی مامۆستا و دەیان هەزار کاتژمێر پۆلی بەبێ فێرکاری و مامۆستا کردووە، بەڵام لەو بوارەدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنییان هەڵ نەهێناوەتەوە.

هەرچەند کە بەڕێوەبەریی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە وتووێژێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە پارێزگای سنەدا هیچ پۆلێک لە ئەمساڵی خوێندندا بەبێ مامۆستا نەبووە، بەڵام ڕاپۆرتەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بە واتای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە نییە بەڵکوو تەنیا قوتابییانی زیاتریان لەنێو پۆلەکاندا کەڵەکە کردووە و ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چۆنایەتیی وانەوتنەوە و هاتنەخوارەوەی ئاستی فێربوون هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم ئاماژەی بەوە داوە کە لە ساڵی ڕابردووشدا سەرەڕای ئەوەی کەمیی مامۆستا هەبووە، ڕێژەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی خانەنشینکراوان وانەیان وتووەتەوە.

کەمیی مامۆستا کە قوتابخانەکانی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە یەک ساڵی ڕابردوووە دەیان مامۆستا لە شارەکانی پارێزگای سنە لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ناوەندە سەرکوتکەر و بەناو دادگاکانی ڕێژیمەوە سزای دەرکران، بەندکران، دووخرانەوە و سزای نەختییان بەسەردا سەپێندراوە و لە ئێستاشدا ئەو ڕەوتە لە دژی مامۆستایان کوردستان بەردەوامە.

پێشتریش هاوکات لەگەڵ دەرکردنی مامۆستایانی ناڕازی لە زانکۆ و قوتابخانەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئێران، ئیدارەی پەروەردەی ڕێژیم، ١٥ هەزار ئاخوندی ڕەوانەی قوتابخانە و زانکۆکان کردبوو.