کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان وێڕای تۆمارکرانی ٣٥٧ حاڵەتی لەسێدارەدان لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا، ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە دوو هەزار کەس لە سێدارە دراون.
لە ١٠٠ـەمین حەفتەی چالاکیی مانگرتن لە خواردنی ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان و لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیاندا لەژێر ناوی "سەد حەفتە خەباتی بێوچان لە بەرانبەر ماشینی کۆشتار و پەتی سێدارە" وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی سەد حەفتەی چالاکیی بەردەوامیان، هیوایان خواست کە هەموو بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە، لە ئێرانێکی ئازاد و ئاوەداندا ئازاد بکرێن.
لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ی زایینییەوە، ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە دوو هەزار بەندکراوی لە سێدارە داوە.
هەروەها لە سەدەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنی حەفتانەی ئەم کەمپەینەدا، بەندی ژنانی بەندیخانەی یەزد پەیوەستبوونی خۆیان بەو کەمپەینە ڕاگەیاند و لە ئیستادا ٥٥ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا ئەندامی ئەو کەمپەینەن.