کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی هێزەکانی ڕێژیم لە چوونەژوورەوەی بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی گۆڕستانی خاوەران

11:01 - 6 بەفرانبار 2725

ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان دەرخەری ئەوەن کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ بۆ گۆڕستانی خاوەران کردووە کە دەیانهەویست ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئازیزانیان بەڕێوە بەرن.

ڕۆژی هەینی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندووە: "وەکوو پێشوو لەگەڵ بەرەوڕووی بەستنی دەرگاکانی خاوەران و ڕێگریی لە چوونەژوورەوەمان بووین".

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوە کردووە نەک هەر ڕێگری لە چوونەژوورەوەمان کراوە، بەڵکوو ڕێگەیان نەدا کە لەبەر دەرگای ئەو گۆڕستانەشدا وێنەی ئازیزانمان بەدەستەوە بگرین".

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای هەموو ڕێگری و بەربەستەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ئەو بنەماڵانە لە کۆتایی ڕێگەی چوونەژوورەوەدا وێنەی ئازیزانی لەسێدارەدراویان داناوە و وەکوو هێمایەک، گوڵبارانیان کردوون.

پێشتریش دەیان ڕاپۆرتی پێوەندیدار لەمەڕ ڕێگریی ئەو هێزانەی ڕێژیم لە سەردانیکردنی بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ لە گۆڕستانی خاوەران بڵاو کراوەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، لە مانگی ڕێبەندانی ڕابردوودا دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی لەسێدارەدراوی دەیەی ٦٠ لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم باسیان لەوە کردبوو کە "زیاتر لە ١١ مانگە ڕێگە بە سەردانیکردنی گڵکۆی ئازیزانمان نەدراوە و هەموو جارێک لەگەڵ بێڕێزیی هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بووینەتەوە".

هەروەها لەو نامەیەدا خوازیاری ڕاگرتنی ناشتنی تەرمی دیکە لەو گۆڕستانە و لابردنی هەموو بەربەستەکانی سەر ڕێگای سەردانیکردنی گڵکۆی ئازیزانیان بوون.

لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ئێڤین و گەوهەردەشت لە تاران و زیندانەکانی مەشهەد، شیراز، ئەهواز و هەندێک شاری دیکەی ئێران لە سێدارە دران.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا بەفەرمی بەرپرسایەتیی ئەم کوشتنە بەکۆمەڵەی وەئەستۆ نەگرتووە و لە ئاشکراکردنی شوێنی ناشتنی ئەو قوربانییانە خۆی پاراستووە. بەڵام ڕزگاربووان و بنەماڵەی لەسێدارەدراوان باس لەوە دەکەن کە سەدان لەو زیندانییە سیاسییانە بەکۆمەڵ لە گۆڕستانی خاوەران لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی تاران نێژراون.