کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕێدرانی نزیکەی ٤ هەزار منداڵی ئۆتیزمی لە ئێران بەهۆی کێشەی ماڵییەوە

12:07 - 6 بەفرانبار 2725

بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئۆتیزمی ئێران ڕایگەیاند کە نزیک بە ٤ هەزار منداڵی تووشبووی ئۆتیزم بەهۆی نەداری، کێشەی ماڵی، نەبوونی پشتیوانیی دامودەزگاکانی ڕێژیم و گرانیی دەرمانەوە فڕێ دراون.

سەعیدە ساڵح غەفاری، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئۆتیزمی ئێران سەرەڕای ڕەخنە لە کارکردی بیمەکان باسی لەوە کرد کە ئەو بنەماڵانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە ناچارن تەواوی تێچووە زۆرەکانی دەرمان و چارەسەری منداڵەکانیان تەنیا بۆ خۆیان بیدەن و بیمەکان قەرەبووی تێچووەکانیان ناکەنەوە.

غەفاری ئاماژەی بەوە داوە کە تێچووی پەروەردە و چارەسەریی منداڵێکی ٧ ساڵە، مانگانە زیاتر لە ٢٥ میلیۆن تمەنە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە زیاتر لە دوو ساڵە تێچووی نەخۆشیی ئۆتیزم لەلایەن بیمەکانەوە نادرێت و زۆربەی بنەماڵەکان ناچارن زێڕ و ماشین و تەنانەت خانووی خۆیان بۆ چارەسەری منداڵەکانیان بفرۆشن".

هەروەها بەپێی هەڵسەنگاندنەکان لە ئێراندا زیاتر لە ٤٠ هەزار منداڵی ئۆتیزمی هەن کە ٣٠ هەزار کەسیان دەستنیشان کراون و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی دیکەیان هەتا ئێستا ناوەکانیان تۆمار نەکراون.