تۆماری ساڵانەی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هێرانا" باسی لە بازدانێکی بێوێنە لە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥ دا کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم هەزار و ٩٢٢ هاووڵاتی لە گرتووخانەکانی سەرانسەری ئێران لە سێدارە دراون کە بە ئامارێکی شۆکهێنەر دادەنرێت؛ ئامارێک کە نیشاندەری بەرزبوونەوەی لەسەدا ١٠٦ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوویە، کە بەرزترین ڕێژە لەچاو دەیەی ڕابردوو بووە.
ئەم ڕاپۆرتە ماوەی زەمەنیی یەکی ژانویە تاکوو ٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٥ دەگرێتەوە؛ بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکان، زیاتر لە ١٠ هەزار ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی ئامادە کراون کە وێنەیەکی ڕوونیان لە چڕبوونەوە و کەڵکوەرگرتن لە پێکهاتەی سزای لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا نیشان داوە.
بەپێی داتاکانی هێرانا، دە هاووڵاتی لەبەر چاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون، کە ئەم کردارە بەردەوامە وەبیرهێنەرەوەی هەڵوێستی شانۆیی و توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران بۆ جێبەجێکردنی سزاکانە.
لە هەمان کاتدا، دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکان بەپەلە ئەنجام دراون و لانیکەم ١٦٨ کەس بە لەسێدارەدان مەحکووم کراون و حوکمی ٥٦ کەس لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە باسی لەوەش کردووە کە ٨٧ لەسەدی لەسێدارەدراوان پیاو و ٣ لەسەدیان ژن بوون، و لەسەدا ١٠ی ئەم ڕیژەیەش ڕەگەزیان ئاشکرا نەکراوە.
هەروەها دوو کەس لە کاتی جێبەجێکردنی تاوانی وەپاڵدراو تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە و ٩٥ لەسەدی لەسێدارەدانەکان بە شێوازێکی نهێنی و دوور لە ڕاگەیاندنی فەرمی ئەنجام دراون.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار سەبارەت بە دۆسییەکان کە دادگایی نادادپەوەرانە، دانپێدانانی زۆرەملێ، بێبەشی لە هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ و پێڕاگەیشتنی ئەمنییەتی لەگەڵ بووە هۆشدارییان داوە.
جێبەجێکردنی بەرچاوی سزاکان لە گرتووخانەکانی وەکوو: قزڵحەساری کەرەج، عادڵ ئابادی شیراز و دێزڵاوای کرماشان لە شارە دیارەکان، باس لە بوونی مێکانیزمی ڕێکخراوەیی بۆ جێبەجێکردنی سزای مەرگ دەکەن.
بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری ڕێژەی لەسێدارەدانەکان، کاردانەوەی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی بەداوە بووە و ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمەی بە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێڕەوی " تاوان لە دژی مرۆڤایەتی" ناو بردووە کە بۆ جارێکی تر باس لە بارودۆخی قەیراناویی مافی مرۆڤ و ئاساییکردنەوەی مەرگ لە کۆماری ئیسلامیدا دەکات.