بەپێی هەڵسەنگاندنی چالاکانی کۆمەڵایەتی لە ئێران زیاتر لە ٩٥ لەسەدی ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەت، کەمئەندام یان نوقستانانن لەژێر هێڵی هەژاریی تەواودان.
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤، چالاکانی مافی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەمەڕ گوێنەدان و پشتگوێخرانی مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دروشمی "پێشێلکردنی سیستەماتیکی مافی کەمئەندامانـ"ـیان ڕوو لە دەوڵەتی پزیشکییان بەرز کردووەتەوە.
هەروەها بێهرووز مروەتی، چالاکی بواری مافی کەمئەندامان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا باسی لەوە کردووە کە دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان لە دانی مافی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە خۆیان دەبوێرن و نەبوونی بوودجە دەکەنە پاساوی کەمتەرخەمی و زەوتکردنی مافەکانیان.
ئەو چالاکە کۆمەڵایەتییە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو چەشنە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە لە ساڵی ٩٧ـەوە بەردەوامە بەڵام هیچ جۆرە بەهاناوەهاتنی ناوەند و دامودەزگاکانی ڕێژیم بەنیسبەت دانی ماف و پێڕاگەیشتن بە دۆخی کەمئەندامانی بەدی نەکراوە.
مروەتی هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا کەمئەندامانی تەنیا یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار تمەن وەردەگرن و ئەو بڕە پارەیە لەم دۆخەدا تەنیا پارەی یەک کیلۆ گۆشتی سوورە.
ئەو داکۆکیکارەی مافی کەمئەندامان باسی لە نالەباریی دۆخی ژیانی ئەو توێژەی کۆمەڵگە کردووە و ڕایگەیاندووە: "كێشەی سەرەکیمان زیندوومانەوەیە، ئەگەر بنەماڵە و خێرخوازان نەبن ئێمە تەنانەت نانی شەومان نییە بیخۆین".
شایانی باسە لە یاسای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و لە بڕگەی ٢٧ی یاسای پشتیوانی لە کەمئەنداماندا هاتووە کە دەوڵەت دەبێت بۆ تەواوی ئەو کەمئەندامانەی کە داهات، پیشە یان زیدەیارمەتییان نییە بەقەد حەقدەستی ساڵانەی کەسێکی ئاسایی پارەیان پێ بدات و ئەو یاسایەش لەکاتێکدایە کە لە دوای چەندین ساڵ ناڕەزایەتی و سەرەڕای بوونی هەڵاوسانی لەڕادەبەر، کەمبوونەوەی توانی کڕین، گرانی و بێکاری تەنیا ٢٠٠ هەزار تمەن مانگانەی کەمئەندامان زیادی کردووە.