کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربوونی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و بەردەوامیی پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ

11:48 - 7 بەفرانبار 2725

ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران "هێرانا" ئەوەیان سەلماندووە کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، تێکچوونی بارودۆخی کار و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی زیندانییەکاندا هەبووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٢ هەزار و ٦٠٦ گردبوونەوە و مانگرتن لە بەشە جیاوازەکانی ئێران ڕووی داوە، کە ٢ هەزار و ١٧٤ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی،  ٤٠٧ مانگرتنی کرێکاری و ٢٥ مانگرتنی خاوەن پیشە جیاوازەکانی لەخۆ گرتووە.

لە کۆی گشتیی کۆبوونەوە تۆمارکراوەکان ٨١٣ بابەت، پێوەندیدار بە کرێکاران بوون کە داواکارییەکانیان پەیوەست بە کرێ و بژیوی ژیان بووە.

هێرانا ئاماژەی بەوەش دا هێزە ئەمنییەکانی ڕیژیم ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی لانیکەم ٤٠ گردبوونەوەی کرێکاری و ٥ گردبوونەوەی خاوەن پیشە جیاوازەکان کردووە.

ئەم ئامارانە نیشاندەری زیادبوونی ناڕەزایەتیی خاوەن پیشە جیاوازەکان لە کاردانەوە بە گوشاری ئابووری و بەڕێوەبردنی ناکارامەی دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامییە.
لە بەشێکی تری ئەم ڕاپۆرتەدا، دۆخی ئیمەنیی کرێکاران بە شێوەیەکی نیگەرانکەر باس دەکرێت؛ بەپێی ئامارەکانی هێرانا، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٢٠٢ کرێکار بە ڕووداوی پەیوەست بە کارەوە گیانیان لەدەست داوە، و زیاتر لە ٧ هەزار و ٣١٦ کەسیش تووشی زیانی جەستەیی لە شوێنی کار بوون.

بەربوونەوە لە بەرزایی، ڕووداوی پەیوەست بە کانگا، ئاگرکەوتنەوە و بەرکەوتنی شتی قورس لە گرنگترین هۆکارەکانی ڕووداوەکان بوون.

هێرانا، بە ئاماژە بە پلەی ١٠٢ی ئێران لە پابەندبوون بە ستاندارەکانی ئیمەنیی کار، جەختی کردەوە کە ڕیژەی مردنی کرێکاران لە ئێران لە ڕیژەی نێوەنجیی جیهانی زیاترە.

لەهەمان کاتدا، ڕاپۆرتی هێرانا باس لە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی دەسبەسەرکراوان لە ساڵی ٢٠٢٥دا دەکات.

حاڵەتگەلێکی وەکوو هێشتنەوەی دەسبەسەرکراوان لە بارودۆخی نەگونجاو، ناڕوونیی درێژماوە، بێبەشی لە خزمەتی پزیشکی، گواستنەوەی نایاسایی بۆ ژووری تاکەکەسی، دانپێدانانی زۆرەملێ و مەرگی بەندکراوان بەهۆی نەخۆشی و گوشارەوە، لە بەربڵاوترین نموونەکانن.

دامەرزاوە نیونەتەوەییەکان لەوانە دیدەبانی مافی مرۆڤ و لێبوردنی نێونەتەوەیی، ئەم ڕێکارانە بە نموونەی ئەشکەنجە و پێشێلکردنیی ئاشکرای مافی ژیان دادەنێن.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، هێرانا بە ناساندنی دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانی ڕێژیم وەکوو سەرەکیترین پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم پێشێلکردنانە بە ڕێکەوت یاخود بەشێوەی حاڵەت نین، بەڵکوو بەشێک لەو سیاسەتەن کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە و بیدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەکار دەهێنرێت.