کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران بەردەوامە؛ لانیکەم ٩ بەندکراو لە یەک ڕۆژدا لە سێدارە دراون

11:36 - 8 بەفرانبار 2725

لە درێژەی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ بەندکراو لە ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانبار لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمدا دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ئەم لەسێدارەدانانە لە بەندیخانەکانی نەهاوەند، یاسووج، هەمەدان، کرماشان، ئەلیگوودەرز، دێزفوول، خوڕەماوا، سنە و کەرەج جێبەجێ کراون.

هەتا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە هیچکام لەو دۆسییانە لەلایەن بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیم یان دامودەزگاکانی بەندیخانەکانەوە بە فەرمی ڕانەگەیەندراون.

زانیارییەکانی هێرانا، دەردەخەری ئەوەن کە لە زیندانەکانی نەهاوەند، یاسووج، ئەلیگوودەرز، سنە، دێزفوول، خوڕەماوا و کەرەج، سزای سێدارەدانی ئەو زیندانییانەدا جێبەجێ کراوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە سزای کوشتن دادگایی کراون و سزا دراون.

لە بەندیخانەکانی هەمەدان و دێزڵاوای کرماشان، دوو بەندکراو بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون.

شەپۆلی بەردەوامی ئەم لەسێدارەدانانە، بە شارەکانی کوردستانیشەوە، جارێکی دیکە بەردەوامیی سیاسەتی سەرکوتکەرانە و پشتبەستنی بەربڵاوی سیستەمی دادوەری بە سزای لەسێدارەدان نیشان دەدات.

ئەم لەسێدارەدانانە لەکاتێکدان کە بەپێی ئاماری ساڵانەی ناوەندی ئامار، کە لەلایەن کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو بووەتەوە، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم هەزار و ٩٢٢ کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون، ئامارێک کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو زیاتر لە ١٠٦ لەسەدا  زیادی کردووە.

سەرەڕای ئەمەش دەسەڵات و دامودەزگا فەرمییەکانی ڕێژیم تەنیا نزیکەی لەسەدا پێنجی ئەو لە سێدارەدانانەیان بە ئاشکرا ڕاگەیاندووە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی ژنان و منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە کاتی تاوانەکەدا و هەروەها جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە بەردەم خەڵکدا، ئەم پرۆسەیەیان بە پێشێلکارییەکی ڕوون و سیستماتیکی مافی ژیان زانیوە و داوای ڕاگرتنی خێرای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لە ئێران کردووە.