ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥)، لە شاری ستۆكهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید وێڕای بنەماڵەی كوردنەژاد و بە بەشداریی نوێنەرانی چەندین حیزب و لایەنی سیاسی و چەندین كەسایەتیی سیاسی و ئاكادێمیكی كوردستانی و سویدی، كۆڕێكی پرسە و ڕێزلێنان لە تێكۆشانی نەتەوەیی و خزمەتە زانستییەكانی كۆچكردوو دوكتۆر حوسێن كوردنەژاد بەڕێوە چوو.
سەرەتای بەرنامەكە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێ كرد.
لە درێژەی بەرنامەكەدا وێڕای خوێندنەوەی ژیاننامەی كۆچكردوو، چەندین كەسایەتیی سیاسی و ئاكادێمی لە گۆشەنیگای ئاشناییان بە ئەزموونی زانستی و ڕابردووی تێكۆشانی سیاسی و نەتەوەیی کۆچکردوو، وتە و پەیامی خۆیان پێشكەش كرد.
هەیئەتێکی كۆمیتەی سویدی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش لەو كۆڕەدا بەشدار بوو و پەیامی هاوخەمی کۆمیتە بەو بۆنەیەوە لەلایەن هاوڕێ "قادر مێهفەر" بەرپرسی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمەوە خوێندرایەوە، كە تێیدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی كۆچكردوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەكەماندا كردبوو. بەتایبەتی ئەو ساڵانەی كە لە ڕیزی تێكۆشەرانی حیزبی دێموكراتدا خەباتی كردووە و دواتریش وەک كەسایەتییەكی ئاكادێمی و سیاسی خزمەتی بە نەتەوە و نیشتمانەكەی درێژە پێ داوە و وەک دۆستێكی دڵسۆز و خەمخۆری حیزبی دێموكرات ماوەتەوە.
لە بەشی كۆتایی كۆڕیادەكەدا سپاس و پێزانینی بنەماڵەی کورد نەژاد لەلایەن "میرۆ كوردنەژاد" كوڕی كۆچكردوو بە زمانی سویدی و هاوكات بە زمانی كوردیش لەلایەن كاک "عەزیز نەژدینی" خوێندرایەوە.