لە سەدویەکەمین حەفتەی چالاکیی مانگرتن لە خواردنی حەفتانەی ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان کە هاوکاتە لەگەڵ سەری ساڵی زایینی و خۆپیشاندانی بازاڕییانی تاران، بەشداربووان پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی چالاکییەکانیان هەتا هەڵوەشانەوەی سزا دژەمرۆییەکان لە وڵاتێکی ئازاددا کردووەتەوە.
لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ئەو کەمپەینەدا وێڕای پیرۆزبایی سەری ساڵی زایینی لە پێڕەوانی ئایینی مەسیحی، هیوای ئازادی و یەکسانییان بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕووبەڕووی سەرکوت و ستەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە، خواستووە.
هەروەها لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە خۆپیشاندانی بازاڕییانی تاران کراوە کە دواتر چەند شاری دیکەشی گرتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە بەندیخانەی ورمێ و یوونس بەخشی لە بەندیخانەی مەهاباد کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەمپەینە، لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو بەیاننامەیە یانی لە ماوەی ٩ ڕۆژدا، زیاتر لە ٩٦ کەس لەوانەش ژنێک لەلایەن ڕێژیمی گەیانئەستێنی کۆماری ئیسلامییەوە، لە سێدارە دراون.
هەروەها لە بەشی کۆتایی ١٠١ـەمین بەیاننامەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا سپاسی هەوڵ و ماندووبوونی تەواوی بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە و هەموو ئەو کەس و چین و توێژانە کراوە کە لە ڕەوتی چالاکییەکانی ئەو کەمپەینەدا پاڵپشت و پشتیوانیان بوون.