
هەردی سەلیمی
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرە ناڕەزایەتییەک لە چەند شارێکی ئێراندا سەری هەڵداوەتەوە، ئەم ناڕەزایەتییانە بە بیانووی دابەزینی بایەخی تمەن لە بەرامبەر دراوە بیانییەکاندا و هەروەها نەبوونی سەقامگیری لە بازاڕی دراودا سەرەتا لە بازاڕی موبایلی تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر بۆ چەند شار و ناوچەیەکی تریش گواسترایەوە. ئەمە یەکەم خۆپیشاندانی بەربڵاوە کە لەو ئاستەدا و لەدوای شەڕی دوازدە ڕۆژەوە بەڕێوە دەچێت.
بەردەوام و بەدروستی لەسەر ئەو ڕاستییە جەخت دەکرێتەوە کەوا لەدوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمی سەرەکیی "ژن، ژیان، ئازادی"ـیەوە، خەڵکی نیشتەجێ لە ئێراندا لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر هەنگاویان ناوە، ئێستا لە پاش شکستەکانی هێزە پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە و شکستی ئەمنیەتی-نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئیسرائیل و کاراکردنی میکانیزمی سناپبەک، کۆماری ئیسلامییش هەمان کۆماری ئیسلامی نییە و دۆخی ئەمڕۆی لە دوێنێی شڕترە.
کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سپای پاسدارانی سەر بەو ڕێژیمە لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ و بۆ دژکردەوە بەرامبەر بەو ناڕەزایەتییە خەڵکییانە، ژمارەیەک لایەنگری خۆیان کۆ کردەوە و لە ڕێکەوتی ٩ی مانگی بەفرانباردا مانۆڕێکیان پێ لێ دان، ئەو ڕۆژەیان لە ڕۆژژمێرە حکوومەتییەکاندا بە "حەماسەی ٩ی دەی" ناو برد، ئێستا لە ساڵیادی ئەو ڕۆژە حکوومەتییەدا سپای پاسداران بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و لەوێدا دیسان هەڕەشە لە خەڵکی ناڕازی دەکات و ناڕەزایەتییە ئیحتمالییەکان بە "ئاژاوە" ناو دەبات و بەڵێن دەدات پێشوەختە سەرکوتیان بکات.
وەک وتمان نە کۆماری ئیسلامی هەمان کۆماری ئیسلامیی یەک ڕۆژ پێشتریەتی چ بگات بە دە پازدە ساڵ پێشترەکەی، نە ئەو خەڵکەش هەمان خەڵکن؛ دەسەڵات لاوازتر بووە و تەنانەت هێزی دژە شۆڕشیش لە ماوەی چەند مانگی پێشوودا مانگرتنیان بەڕێوە برد، لە بەرامبەردا خەڵکیش ڕادیکاڵتر بوون و داواکارییە ئابوورییەکانیشیان زۆر بەخێرایی شیفت دەبێت بۆ داواکاریی سیاسی و هەروەها دروشمی وەک "بمرێ دیکتاتۆر" و... جێی ئەو دروشمانە وا پێوەندییان بە گرانی و هەڵاوسانەوەیە دەگرێتەوە. بۆیە ئەو هەڕەشانەی سپای پاسداران چیی تر هەڕەشەی مەترسیدار نییە و ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتییەکانیش سووکایەتیکردنێک بەو هەڕەشەوگوڕەشانەیە و ئەم ڕۆژە بەناو مێژوویییەی کۆماری ئیسلامییش مۆرکی خەڵکی لێ درا و خەتێک کێشرا بەسەریدا. خەڵک پێش لەوەی ناڕەزایەتی دەست پێبکەن هەمان چاوەڕوانییان لە سپا هەبووە، مادام ڕژاونەتە سەر شەقام بەو واتایە کەوا نەترساون.
کۆماری ئیسلامی لە چەندین زەلکاوی جۆراوجۆردا چەقیوە و دەرچوونی لەو زەلکاوانە زۆر زەحمەتە گەر نامومکینیش نەبێت کە هەیە. ئەم ڕێژیمە هەر جارە و لە هێورکەرەوەیەکی کاتی دەگەڕێ، بەرنامە و توانای دەربازبوونی لەو قەیرانانە بەتایبەت قەیرانی ئابوورییەکەی نییە، بۆ نموونە: بە وەڕێخستنی شەپۆلێک توانی بەشێکی زۆر لە خەڵک و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی خۆیشی لەگەڵ ویستێک بەناوی دەرکردنی ئەفغانستانییەکان ئەویش لەژێر ناو و هەشتەگی "داواکاریی نیشتمانی"دا لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بەشێکی زۆریش لەوانەی وا پێشوازییان لەم بانگەوازە کرد و وا ڕێک خرا کە خەڵک بەسەر دەسەڵاتدا سەپاندوویانە، پێیان وابوو بە وەدەرنانی کۆمەڵێک مرۆڤی خەڵکی ئەفغانستان ئەوە کێشە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە لەوانە بێکاری چارەسەر دەبێت! بەڵام وەک بینیمان کێشەکان قووڵتر بوونەتەوە؛ ئەمە نموونەیەک بوو لەو هێورکەرەوانە.
لە ئێستادا زانکۆکانیش کە هەر لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندنەوە کۆمەڵێک ویستی پیشەیییان هەبوو کە دەچووە خانەی خۆشبژیوی و ویستی پیشەیییەوە، لەگەڵ دەسپێکی ئەم ناڕەزایەتییانە ویستەکانیان قووڵتر و ڕادیکاڵتر هێناوەتە سەر شەقام و بە خەڵکی کاسبکارەوە پەیوەست بوون. گەر توێژ و سنف و چینەکانی تریش هاوکات ئەم داواکارییانەیان زەق بکەنەوە، ئەوا کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی قەیرانێکی نوێتر و جددیتر دەکەنەوە. ڕاستە ناڕەزایەتییەکانی ئەم چەند ساڵە لە ئێراندا کاتی بوون، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نابێ لەبیرمان بچێت چارەسەرەکانی کۆماری ئیسلامییش هەر کاتی بوون و هەر لە خانەی سەرکوتدا جێیان گرتووە.
لەبیرمان بێت ئەم گرانییە هەوسارپچڕاوەی ئەم جارە و ئەو هەڵاوسانەی وا ئێستا هەیە، تەنانەت بە قازانجی فرۆشیارانیش نییە و ناتوانێ وەک پێشوو و لە ڕێی ئیحتکار و... سوودێکی ئەوتۆ بەو فرۆشیارانە بگەیەنێت، بەڵکوو ئەم دۆخە بەتەواوی بازاڕ لە پێ دەخات و ئاڵوگۆڕی دراو و مامەڵە دەوەستێنێ، هەر بۆیە ئەم جارە بازاڕییەکان لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندان.
"ئانتۆنیۆ گرامشی" لەسەر ئەو باوەڕە بوو کەوا کاتێک سیستمی کۆن بەرەو مەرگ هەنگاو دەنێ، ئەوە بەستێنێک بۆ سەرهەڵدانی سیستمی نوێ سەر هەڵدەدات، بەڵام بۆ گەیشتن بەو سیستمە نوێیە پێویستمان بە خەبات و تێکۆشانێکی وشیارانە و ئاگامەندانەیە. ئێستای ئێرانی کۆماری ئیسلامی ئەو کاتەیە کە بەستێنی سەرهەڵدانێکی سیستمێکی جیاوازتر لەو سیستمەی ئێستای ڕێژیم ئامادەیە و ئیتر کۆماری ئیسلامی و شێوازی دەسەڵات و شوناسی ئەم دەسەڵاتە ناتوانێ وەڵامدەر و بەردەوام بێت؛ ئێستا ئەو کاتە لەبارە مێژوویییەیە.