کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتن و خۆپیشاندانی بازاڕییانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران

12:39 - 10 بەفرانبار 2725

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، پشتیوانی لە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بازاڕییان و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران کرد. دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار کاسبکارەکانی بازاڕی گەورەی تاران بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە گرانیی تاقەتپڕووکێن و دابەزینی سەرسوڕهێنەری نرخی تمەن لە بەرانبەر دۆلاردا بازاڕیان داخست و دەستیان دایە خۆپیشاندان. دوای ئەوە ناڕەزایەتییەکان زۆرێک لە بازاڕەکانی دیکەی تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە و هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە.

هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و گرانیی تاقەتپڕووکێن و خراپیی ژیان بڕستیان لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بڕیوە و ئەمە یەکەمجار نییە کە خەڵک بێنە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەیەکی مەدەنییانە دەرببڕن، بەڵام حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە هەرجارە و بە دڕندەترین شێوە وڵامی داواکانی خەڵکیان داوەتەوە و بە توندترین شێواز سەرکوتیان کردوون.

ناشارەزایی، نابەرپرسایەتی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات و خەرجکردنی بۆ مەرامە دژەمرۆییەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە لایەک و دزی و ئیختلاسی لەڕاددەبەدەری مافیاکان و دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەو هۆکارانەن کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێرانیان بە جێگایەک گەیاندووە کە توانایی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ بنەماڵەکانیان نەماوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو باوەڕەدایە، کێشە کەڵەکەبووەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران تەنیا لە کێشەی ئابووریدا کورت نابێتەوە و ئەمە پێش لە هەموو شتێک نیشانەی قەیرانێکی سیاسییە کە لەمێژساڵە بەرۆکی خەڵکی گرتووە و تا کاتێک ئەم ڕێژیمە لە سەرکار بێ دۆخی خەڵک بەرەو خراپتربوون دەڕوا و کۆماری ئیسلامی نە دەیهەوێ و نە توانایی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بازاڕییان و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەو باوەڕەدایە تا ئەو کاتەی هەموو چین و توێژەکانی خەڵک یەکڕیز و یەکگرتوو هەوڵەکانیان بۆ ڕزگاربوونیان لە دەست ئەم ڕێژیمە تاوانبارە چڕ نەکەنەوە کۆماری ئیسلامی هەروا درێژە بە حکوومەت و سەرکوتی خەڵک دەدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤