کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئامادەیی تەواومان بۆ درێژەدانی خەبات هەیە، بە خەباتی چەکدارییشەوە

13:34 - 13 سەرماوەز 2725

مستەفا هیجری: ئامادەیی تەواومان بۆ درێژەدانی خەبات هەیە، بە خەباتی چەکدارییشەوە

 

ئاماژە: ماڵپەڕی ئینگلیزی‌زمانی " زی ئامارگی" وتووێژێکی لەگەڵ بەڕیز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک‌هێناوە. لەو وتووێژەدا کۆمەڵێک باس و پرسیار لەسەر ڕۆژەڤی سیاسیی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران و کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ کاک مستەفا هیجری هاتوونە بەر باس. "کوردستان" دەقی کوردیی ئەم وتووێژە بۆ خوێنەرانی دەگوازێتەوە"

 

دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی مێژویی نوێ کە چاوەڕێ دەکرێ هاوپەیمانێتییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێ، و باڵادەستیی هێزی ئیقلیمیی نوێ جێبگرن، بەتایبەت سعوودیە و ئیسرائیل. بەڕێزتان تێگەیشتنتان چۆنە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ و پێگەی کورد لەو گۆڕانکارییانەدا؟

 هەر چۆن بۆ خۆتان ئاماژەتان کرد هاوپەیمانییەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست زووبەزوو ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێ، بۆیە جارێ دۆخی سیاسیی ئەو ناوچەیە ناجێگیرە، لەبەر ئەوەش ئێمە بەوردی نازانین گۆڕانەکان بەرەو کوێ دەچن، بەڵام دوورەدیمەنی ناوچەکە بەو ئاڵوگۆڕانەی لە ٧ی ئوکتوبری ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا دەیبینین بەرەو گۆڕانێکی قوولی ئەو ناوچەیە، چەقی ئەو گۆڕانە من لە ئاڵوگۆڕ لە دۆخی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەبینم.

ئەم ڕێژیمە کە لە سەرەتای هاتنەسەر کورسی دەسەڵات لە ژێر سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بە تێچوویەکی دارایی و مرۆیی بە هۆی هێزە نیابەتییەکانی وەک حەماس، حیزبوڵڵا، حووسیەکان لە یەمەن، حکومەتی بەشار ئەسەد لە سووریە ئیسرائیلی بە بازنەیەکی ئاگرین گەمارۆ دا، دەستی بە پیتاندنی وزەی ئەتۆمی کرد، هێزە مووشەکی و درۆنییەکانی ڕۆژبەرۆژ پەڕەی پێدا بە دوو مەبەست، یەکەم وێرانکردن و تێکدانی ئیسرائیل و دووهەم، ئەو هێزە نیابەتییانە وەک بەرگریکار بەکار بێنی کاتێک ئێران لە لایەن لایەنێکی دەرەکیەوە بکەوێتە ژێرهەڕەشەوە.

تا ڕوداوی ٧ی ئوکتۆبر ڕێژیمی ئێران ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەی بە هێز و هێژمونی خۆی دەدا و ببوو بە هەڕەشەیەکی گەورە بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست. ئەمریکا و ئۆرووپا لەو ماوەیەدا زۆریان هەوڵ لەگەڵ دا کە سیاسەت و ڕەفتاری ئەو ڕێژیمە بگوڕن، بەڵام ئەم ڕووداوانە ڕۆژئاوای هێنایەسەر ئەو باوەڕە کە ناکرێ سیاسەتی ڕێژیم بگۆڕن، بۆیە هەنگاوی بەکردەیییان هەڵگرت بۆ بچووککردنەوەی تواناکانی ڕێژیم لە هەموو بوارێکەوە.

ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێچەوانەی پیش ٧ی ئوکتۆبر بە تایبەت دوای هێڕشی دوازدە ڕۆژەی ئەمساڵی ئیسرائیل و ئەمریکا بووەتە وڵاتێکی تێکشکاو و لاواز،  هێزە نیابەتییەکان زەربەی قورسیان وێ کەوتووە، حکوومەتی سووریە کە دەستەمۆی ئێران بوو گۆڕاوە بە حکوومەتێکی دژی کۆماری ئیسلامی کە لە ئێستادا لەگەڵ ئیسرائیل وتووێژ دەکا بۆ ئەوەی بچێتە نێو ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمەوە، لوبنان کە لە دەست حیزبوڵڵادا بوو ئێستا بووەتە هاودەنگ لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ چەکداماڵینی، درێژەی ئەم ڕەوتە (لاوازبوونی ئێران) بە کزبوونی هێژمونی ئێران دەزانم و ئەوندەی کە ئەم هێژمونە کەمتر و لاوازتر بێ، هیوا بۆ سەقامگیری زیاتری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەهێزتر دەبێ و سێبەری شەڕیان لەسەر کەمتر دەبێتەوە کە بە قازانجی دانیشتوانی ئەو ناوچە و هەموو جیهانە. کوردستانیش کە لەو ناوچەیە هەڵکەوتووە بێگومان بەهرەمەند دەبێ لە ئاکامی ئەو ئاڵوگۆڕانە بە مەرجێک یەکەم سیاسەتەکانی لە ڕاستای ئەو ئاڵوگۆڕانە دابڕێژێتەوە، دووهەم لە نێوخۆیدا لەسەر بەرنامەیەکی نیشتمانی هاودەنگ بن و یەک بگرن، هاودەنگی کورد لە هەر بەشێکدا مەرجی سەرەکییە بۆ ئەوەی لە ئاکامی ئەو ئاڵوگۆڕانە بەهرە وەرگرێ بە قازانجی گەل و نیشتمانەکەی.

ئێران تا شەڕی ١٢ ڕۆژە، وەک هێزێکی کاریگەریی هەرێمیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مامەڵەی دەکرد، بەڵام ئێستا ئێران هەم شکستی هێنا لە پێشخستنی توانا ئەتۆمییەکانی، هەم هێز و میلیشیا نادەوڵەتییەکانی لاواز و بێ کاریگەری خران، هەمیش توانا موشەکییەکانی سنوردار کران، بەڕێزتان پێتان وایە ئێران جارێکی دیکە بتوانێت ئەو پێگەیە بەدەست بێنێتەوە کە پێشی ٧ی ئۆکتۆبەر هەیبوو؟

 وەک لە بەشێک لە وڵامی پرسیاری یەکمدا باسم کرد، من وای دەبینم ئێستا دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ تاقیکردنەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی چی دیکە ڕێگە نادەن ئەو ڕێژیمە بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش ٧ی ئوکتۆبر. بەتایبەت کە گەندەڵی سیستماتیک، کەمبوونی وزەی کارەبا، کەمئاویی و باقی خزمەتگوزارییەکان لە لایەک و دابەزینی بایی دراوی ئێران، قەیرانی بێکاری و هەلاوسان هاوشان لەگەڵ سەرکوتی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری ئازادییەکان، توورەیی و بێزارییەکی بێوێنەی لە نێو خەڵکی ئێراندا بەتایبەت نەتەوەکانی نافارس پێک هێناوە کە باوەڕیان بە ڕێژیم نەماوە، لە لووتکەی دەسەڵاتیش ئێستا ئەم دۆخە بووەتە هۆی پێکهێنانی دووبەرەکی کە بە ئاشکرا دژی یەکتر قسە دەکەن.

ئێوە لە ٢٠١٥دا "ڕاسان"تان ڕاگەیاند و چەند چالاکییەکی سەربازییتان ئەنجام دا لە کاتێکدا ئێران لە لوتکەی بەهێزیدا بوو، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردودا، چ لە کاتی شۆڕشی ژینا و چ لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ئێوە تا ڕادەیەک خۆتان دورگرت لە چالاکیی سەربازیی. ئەو خۆدورگرتنە بڕیارێکی سیاسیی ستراتیژیی یەکلاکەرەوەیە کە ناتانەوێ شەڕی چەکداری دەست پێ بکەنەوە یا نادڵنیا بون لەوەی دەتوانن سەرکەوتوو بن بە هۆی ئەوەی بەتەواوی ئامادە نەبوون؟

ئێمەی کورد یان هەرکام لە نەتەوە بندەستەکان بە تایبەت نەتەوەی کورد لە ماوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا زۆرترین قوربانیمان لە بەربەرەکانی دژی ڕێژیم داوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە هیچ‌کام لەو نەتەوانە بەتەنیا ناتوانن ڕێژیم بگۆڕن، بەتایبەت کە سەبارەت بە کوردەکان زۆر قین لەدڵە، هەمیشە ئامادەیە بە هەر بیانوویەک قینی دڵی خۆی بەسەر کورددا بڕێژێ، بۆیە لە بزووتنەوەی چەکداریی ئێمەدا خەڵکەکەمان تێچووی گیانیی زۆر دەدا،  لەبەر ئەوەی ئێمە دەمانەوێ  شان بە شانی باقی دانیشتووانی ئێران خەباتی خۆمان ـ جا هەر شێوە خەباتێک دژی ڕێژیم بێ ـ  درێژە بدەین، نەک هەموو باری قورسی تێچووی گیانی بۆ گۆڕینی حکوومەت بخەینە سەرشانی گەلی کورد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەیی تەواومان بۆ درێژەدانی خەبات هەیە، بە خەباتی چەکدارییشەوە و بەردەوامین لە بردنە سەری ئەو تواناییە. ڕاستییەکی دیکەش لەو پێوەندییەدا ئەوەیە لەم سەردەمەدا خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیی لەگەڵ ئەوەی تێچووی گیانی کەمترە، بەڵام شوێندانەری زیاترە لە کۆمەڵگەی جیهانیشدا پەسندترە، بۆیە ئێمە لە ئێستادا زۆرتر لەسەر ئەم شێوە خەباتە کار دەکەین و پەرەی پێ دەدەین.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران و عێراق بە بەشداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین ڕێککەوتنی ئەمنییان بۆ سنووردارکردنی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واژۆ کردووە. لە دوای جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە، چالاکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سنووردارتر کراوە، ئایا مەترسیی ئەوەتان لەسەر نییە ئەو ڕێککەوتنانە وا بکەن بە تەواوی سنوردارتان بکەن؟

ئەوەی لەو ڕێککەوتننامانەدا تا ئێستا چالاکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی سنووردار کردوە چالاکی چەکدارییە، شێوەکانی دیکەی خەبات لە لایەن هەرکام لەو لایەنانە بە گوێرەی توانا و بەرنامەی کارییان بەڕێوە دەچێ. بەڵام کۆماری ئیسلامی هەر بەوندەوە نەوەستاوە و گوشار بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دێنێ لەو وڵاتە جێگەمان نەمێنێ، بەڵام ئێمە خۆراگریمان کردووە، بە دووری دەبینم لەوە بەدواش کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ناوچەکە بە ئێراقیشەوە لاواز بووە لەو پێوەندییەدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ.

بە سەرنجدان بە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، پێدەچێت ئەم وڵاتە لەبەردەم قەیران و ڕووداوی قووڵتردا بێت، بۆ نمونە قەیرانی ئاو. ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پلانێکی تۆکمەی ئامادە کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەو قەیرانانە و لە ئەگەری ئاڵوگۆڕی سیاسی لە داهاتوودا، پلانی حیزب بۆ بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی کۆمەڵایەتی-سیاسی ئێران چییە؟

 بەڵێ، ئێمە لە کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتییماندا ئەگەرەکانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئێرانمان باس کردووە و بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک بەرنامەی گونجاومان دیاری کردووە و کاریان لەسەر دەکەین.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای ڕەخنە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕێکخستن و تیشک خستنە سەر داواکارییە مێژووییەکانی کورد، بەڵام دوای ڕاپەڕینی ئەم دواییە، ئەم ناوەندە بە کردەوە هەڵوەشایەوە. گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی چین؟

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵ بەردەوام بوو، هەنگاوی باشی لە بەرەوپێشبردنی خەباتی بەکۆمەڵی حیزبەکانی ئەندام هەڵگرت، بەڵام دوای ئەوە بە هۆی هێندێک گرفتی نێوخۆیی پەکی کەوت. بەڵام لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا حیزبی دێموکرات دەستپێشخەریەکی دیکەی کرد بۆ کۆکردنەوەی حیزبەکانی خۆرهەڵات بۆ جارێکی دیکە لە دەوری بەرنامەیەکی هاوبەش. بەخۆشییەوە ئەم هەنگاوە لەگەڵ پێشوازیی لایەنەکانی دیکە بەرەوڕوو بۆوە و تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەی لەسەر پێک‌هاتووە و بۆچوونکەکان بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ کاری پێکەوەیی زۆر لێکنزیک بوونەتەوە، پێم‌وایە لە داهاتوویەکی نێزیکدا بە ئاکامی کۆتایی دەگەین و ئەم هاوکارییە دەست پێ دەکەینەوە.

لە دوای شۆڕشی ژیناوە، هەوڵێکی زۆر درا تا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بتوانێت پێکەوە هەنگاوی هاوبەش بنێن و ئەلتەرناتیڤێکی سیاسیی پێش بخەن، بەڵام نەتوانرا لەسەر ئەلتەرناتیڤێک بۆ داهاتوی ئێران ڕێک بکەون. ئایا کێشە سەرەکییەکان چین کە تا ئێستاش نەتوانتوانیوە پارادایمێکی نوێ دابمەزرێنن لەنێوان خۆتاندا؟

 ڕاستییەکەی نەبوونی کۆدەنگی لە نێوان هێزەکانی ئێرانی یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەر دەسەڵاتە، نەبوونی ئەو کۆدەنگیەش لە لایەکەوە خەڵکی ئێرانی نیگەران کردووە لە داهاتووی ئێران لە دوای نەمانی کۆماری ئیسلامی، لە لایەکی دیکەوە ئەو لایەنە نێودەوڵەتییانەی کە خوازیاری یارمەتیدانن بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم نازانن دەبێ لەگەڵ کام لایەن گفتوگۆ بکەن. بە لەبەرچاوگرنتی ئەو ڕاستییە و بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە حیزبی دێموکرات چەند ساڵێکە لەگەڵ حیزبەکانی بڵێم فارسی لە وتووێژدایە، بەڵام بەداخەوە سەرکەوتنمان بەدەست نەهێناوە. هۆکەیشی لەوەدا دەبینم لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوودا سیستمێکی دێموکراتیک بۆ کاری پێکەوەیی لە ئێراندا نەبووە کە خەڵک فێری دیالۆگی بەرهەمدار و بەفەرمی ناسینی لایەنی بەرانبەر بکا، بۆیە هەرکام لەو لایەنانە سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی دێموکراسی و دێموکراتبوون دەکەن، بەڵام لە دەرووونی خۆیاندا هەرکامیان دیکتاتۆرێکن کە تەنیا خۆیان و بۆچوونەکەیان لا پەسندە. مەبەستم ئەوەیە ئەو خەڵکە فێری کاری هاوبەش نەبوون و حیزبایەتی لەو سەدەیەدا ئازاد نەبووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حیزبی دێموکرات سەرکەوتوو بووە لە پێکهێنانی یەکگرتوویی لە نێوان حیزبەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران وەک کوردەکان، عەرەب، بەلوچ و تورکمەن. چەند ساڵێکە یەکگرتنێکمان پێکهێناوە بە ناوی (کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ) کە لە کۆی حیزبەکانی ئەم نەتەوانە پێک‌هاتووە. هەروەها پلاتفۆرمێکی دیکە بە ناوی (هاوپێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێراندا) کە بەرنامەی هاوبەشمان هەیە بۆ خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

هەڵوێستی حیزبی دێموکرات چییە سەبارەت بە هەوڵەکانی هەندێک وڵات وەک ئیسرائیل بۆ بەرزکردنەوەی هەندێک کەسایەتیی ئۆپۆزسیۆن لەوانە ڕەزا پەهلەوی وەک سەرۆکی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن؟ ئایا ئەم دەستێوەردانانە بووەتە هۆی بەهێزبوونی هاوکاری نێوان ئۆپۆزسیۆن یان ناکۆکیەکانیان زیاتر کردووە؟

ئێمە لەو باوەڕەداین کە کەسایەتیی کاریزما بە کار و تێکۆشانی بەردەوام، ئەزموون و بەڕێوەبەری لە نێو خەڵکدا سەرهەڵ دەدا، نەک بە بانگەشەی ڕاگەیاندن یان ژێرباڵگرتنی دەوڵەتێک و لایەنێک. ڕەزا پەهلەوێ لەنێو خەڵکی خۆیدا نییە، خاوەن هیچ حیزبێکی سیاسی نییە، هیچ ئەزموونێکشی لە بەڕێوەبەریدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێ کوڕی حەمەڕەزاشایە کە خەڵکی ئێران ٤٧ ساڵ لەوەپێش ئەو حکوومەتەیان ڕووخاند. ئێستاش کە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لەو ماوەیەدا بە دەیان هەزار قوربانییان داوە بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی لە دوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە ڕێژیمێکی پاشایەتی دانامەزرێننەوە. بەم هۆیانەشەوە بوونی ئەو بەڕێزە نەک هەر یارمەتیدەری یەکریزی نێوان ڕێکخراوەکانی ئوپۆزیسیون و خەڵک نەبووە، بەڵکوو یەکێک لە هۆیەکانی زیاتربوونی ناکۆکییەکان لە نێوان ئەواندا بووە.

لە کاتێکدا ئەمریکا توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەکارخست، داوای ڕێککەوتنیش لە ئێران دەکات و سەرۆک ترامپ لە دیدارەکەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان ئەوەی دوپاتەکردوە. ئایا ئەمریکا و وڵاتە ئەوروپییەکان هیچ دانیشتنێکیان لەگەڵ ئێوەدا هەبوە بۆ ئەوەی لێکتێگەییشتنێک هەبێ لەبارەی داهاتوی ئێران؟ ئەوان چۆن دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران لە دەرەوەی پرسی سەربازی؟

یەکێک لە نیگەرانیەکانی ئەمریکا و ئورووپا نەبوونی یەکڕیزی لەنێو ئوپۆزیسیونی ئێران و لە ئاکامدا نەبوونی ئاڵترناتیڤێکی جێگای پەسند لە لایەن ئەو وڵاتانە و خەڵکی ئێران‌دایە. وڵاتانی ڕۆژئاوایی نازانن دوای ڕووخانی ڕێژیم، دۆخی ئێران بە چ بارێکدا دەکەوێ، بەتایبەت کە ئەوان ئەزموونی ناسەرکەوتووی یارمەتیدان بۆ ڕووخاندنی هێندێک لە حکوومەتە دیکتاتۆرییەکانی ناوچە وەک ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران، بەعس لە ئێراق و تەنانەت ئەفغانستانیان هەیە، بۆیە لەو باوەڕەدام کە تا ئێستا ڕۆژئاواییەکان لێ نەبڕاون کە بەرنامەیەک بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دابنێن، بەڵکوو جارێ کار و تێکۆشانی خۆیان چڕ کردووەتەوە سەر وتووێژ لەگەڵ ئێران و سەپاندنی ویست و داخوازەکانیان بەسەریدا بۆ ئەوەی مەترسییەکانی بۆ سەر ناوچە و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچە و لەو وڵاتانەدا کەم بکەنەوە. ڕەنگە هەر بەم هۆیەش بێ کە تا ئێستا هەوڵێکی جیدییان نەخستووەتەگەڕ بۆ دانیشتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ئوپۆزیسیونی ئێران و یەک لەوان حیزبی دێموکرات بە مەبەستی دانانی بەرنامە بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئێران.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا، باس لە کۆمەڵێک گفتوگۆی ڕەسمی و ناڕەسمی کراوە لەنێوان ئێوە وکۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەتایبەت گفتوگۆکانی ئۆسلۆ زیاتر بونە جێی سەرنج. ئایا لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی لە ئارادایە بۆ ڕێککەوتن؟

ڕاستە ئێمە ئەوکات وەک ناوەندی هاوکاری بە ناوەندیگیریی لایەنێکی نوروێژی ئامادە بووین بە مەبەستی دیتنەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو لەسەر داخوازەکانی گەلی کورد بکەوینە وتووێژ، بەڵام لە ڕەوتی کارەکەدا بۆمان دەرکەوت کە ڕێژیم تەنیا مەبەستی کات کوشتنە و هیچی پێ نییە، لە ئاکامدا کارەکە کۆتایی هات و ئێستاش هیچ وتووێژێک لە نێوانماندا نییە.

ئەگەر گفتوگۆ هەبن داواکارییە سەرەکییەکانی ئێوە لە کۆماری ئیسلامیی چین تا بتوانن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ڕێک بکەون؟ ئایا ئامادەییتان تێدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گفتوگۆی ئاشتی دەستپێبکەن وەک چۆن گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان کورد و دەوڵەتی سووریە و کورد و دەوڵەتی تورکیا لە ئارا دان؟

داواکاری ئێمە لە حکوومەتی تاران (جا هەر حکوومەتێک بێ) ئەوەیە کە وەکوو ئێستا هەموو دەسەڵاتی ئێران لە تاران دەستی بەسەردا نەگیرێ، بەڵکوو ئەو دەسەڵاتە دابەش بکرێ، کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی جوغرافیای ئێران بە شێوەیەکی یاسایی لە بەڕێوەبردنی حکوومەتی ئێران بەشدار بن و دەسەڵات و بەڕێوەبردنی حکوومەتە خۆجییەکان بەدەست نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە بێ. زمانی ئەو نەتەوانە لە ناوچەی خۆیان فەرمی بێ، چالاکی حیزبەکان بەفەرمی بناسرێ بەگشتی پێمان وایە ئەو داخوازییانە لە ئێرانێکی دێموکراتی، فیدراڵی و سیکۆلاردا وەدی دێ. ئەو کاتەیە کە هەموو ئەو نەتەوانە، ئێران بە مولکی خۆیان دەزانن و هەموویان بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی تێدەکۆشن و شتێک بە ناوی ناوەند و پەراوێز نامێنێ.