کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە حەفتەیەکدا سێ خەڵاتی وەرگرت

01:31 - 15 سەرماوەز 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٤/١٢/٢٠٢٥ ) لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە هۆڵی فۆڵکە هۆسەی لیلسترۆم نزیک شاری ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ و بە بەشداریی ٢٠٠ کەس و ئامادەبوونی شارەدار و بەرپرسانی باڵای کۆمۆن و چالاکانی زۆر ڕێکخراوی مەدەنی، خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ خەباتی مەدەنی/ کاری خۆبەخشانە پێشکەشی چالاکێکی کورد بە ناوی کەریم ئەڵڵاوەیسی کرا و شارەداری ليلسترۆم زۆر بە ڕێکوپێکی لەسەر خزمەت و کارەکانی ناوبراو قسەی کرد.

بەڕێز کەریم ئەڵڵاوەیسی کە ساڵانێکی زۆر پێشمەرگە بووە و ئێستا لە نۆروێژ لە چوارچێوەی کاری مەدەنی و خۆبەخشانەدا خزمەت دەکات لە ماوەی حەفتەکەیدا سێ خەڵاتی پێ بەخشرا.

خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ خەباتی مەدەنی/ کاری خۆبەخشانە لە باری مادی و مەعنەویشەوە خەڵاتێکی بەنرخە و بەڕێز کەریم ئەڵڵاوەیسی پاش وەرگرتنی خەڵاتەکەی ڕایگەیاند کە نیوەی خەڵاتەکەی پێشکەشی دوو تيمی وەرزشیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە کوردستان دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ بەرپرسی ڕێکخراوی لین (LIN) کە ڕێکخراوێکی نۆروێژیی خۆبەخشە، لە بەرنامەیەکی ڕێکوپێکدا بە هۆی چالاکییە دیارەکانی بەڕێز کەریم ئەڵڵاوەیسی بە لەوحی ڕێزڵێنان و چەپکەگۆڵێکی ڕازاوە خەڵاتی  کرد.

ناوبراو هەر لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لەلایەن چەتری هەموو ڕێکخراوەکانی نۆروێژ  (Frivilighet Norge) کە زیاتر لە ٣٠٠ ڕێکخراوەی مەدەنییە، نامەی ڕێزلێنانی وەرگرت کە تێێدا نووسرابوو لە نێو ٣٠٠ کەسدا وەک یەکێک لە ١٠ کەسی وڵاتی نۆروێژ هەڵبژێردراوە.

کاک کەریم لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: شانازیمە کە هەموو کات هەوڵم داوە، وەک کوردێک ناوی کورد و کوردستان و ئاڵاکەشی  بەرز و بەرزتر بکەمەوە.

نوروێژ یەکێک لەو وڵاتانەی ئورووپایە کە گرینگیی زۆر بە خەباتی مەدەنی (خۆبەخش) دەدا و بۆ پەرەدان بەم خەباتە هەموو ساڵێک لە ئاستی وڵات و زۆربەی کۆمۆنەکاندا خەڵات بە کەسانی چالاک و کاریگەر دەبەخشرێ و بوودجەیەکی بەرچاو بۆ ئەم کارە تەرخان دەکرێت.