کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و ڕێزگرتن لە مام ئەحمەد ڕەسووڵی

11:35 - 16 سەرماوەز 2725

ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤(٥/١٢/٢٠٢٥) تەرمی پێشمەرگەی دێرین و کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری مۆس لە وڵاتی نۆروێژ بە بەڕێوەبەریی کۆمیتە ناوچەی حیزب لە ئۆستفۆڵد و بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و کوردانی نێشتەجێی ئەو ناوچەیە، بەخاک سپێردرا.

بەڕێز هیوا ئەحمەدی بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد، وێڕای بەخێرهێنان و سپاسی ئامادەبووان، باسێکی لەسەر مام ئەحمەد ڕەسووڵی و خەبات و تێکۆشانی تێکۆشەرانی کورد  پێشکەش کرد. پاشان بەڕێز عەباس نامی بەرپرسی کۆمیتەی گشتی لە وڵاتی نۆروێژ تیشکی خستە سەر ژیان و خەباتی مام ئەحمەد و بەوردی قسەی لەسەرکرد. دواتر بەڕێز سەلاح ئیبراهیمی وەک هاوڕێ و دراوسێی چەندین ساڵەی مام ئەحمەد چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

دواتر هۆنراوەیەک لەلایەن مەتین عەزیزییەوە پێشکەش کرا و لە کۆتاییدا چەپکەگوڵی ڕێزی کۆمیتەی گشتی، کۆمیتە ناوچە، بنەماڵەی کۆچکردوو و پاشانیش ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە لەسەر گڵکۆی مام ئەحمەد داندرا.

ڕۆژی دواتر واتە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لە ناوەندی ئایینیی قازی، کۆڕی ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی زیاتر لە شەش دەیەی مام ئەحمەد لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەچوو. کۆڕەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان و هاوڕێ مام ئەحمەد ڕەسووڵی دەستی پێ کرد. ئاواز خزری ئەندامی کۆمیتە وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان و پێشکەشکردنی کورتە هۆنراوەی" مەرگێک لە ڕێی نیشتمان بێت" داوای لە هەر دوو یادگاری مام ئەحمەد واتە خاتوو سکاڵا ڕەسووڵی و کاک ساماڵ ڕەسووڵی کرد کە مۆمی ڕێوڕەسمەکە داگیرسێنن. دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتی لەلایەن ئیدریس هەمزەیی ئەندامی کۆمیتە خوێندرایەوە کە لە پەیامەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵ و کەسایەتیی مام ئەحمەد لە شەش دەیە خەباتی بێوچانیدا کرابوو. لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا سکاڵا ڕەسووڵی پەخشانێکی پێشکەش بە هاوسەنگەران و هاوڕێیانی باوکی کرد. کورتە فیلمێک لەسەر ژیان و خەباتی ناوبراو پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە بریتی بوو لە چاوپێکەوتنی کۆچکردوو لەگەڵ سەعید باختە کە چەند ساڵ پێشتر بۆ کورد کاناڵ ئامادە کرابوو. لەلایەن ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات،  ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکان و هەروەها بەڕێز و تێکۆشەر کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی پەیامی هاوخەمی بە بۆنەی کۆچی دوایی مام ئەحمەدەوە هاتبوو کە لەلایەن کۆڕگێڕەوە ئاماژەیان پێ کرا.

لە بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا چەند هاوڕێیەک کە لە نزیکەوە لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا شاهیدی قارەمانەتی و چاونەترسی مام ئەحمەد بوون کۆمەڵێک بیرەوەرییان بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە. دواتر بەڕێز هیوا ئەحمەدی بەرپرسی ناوەندی ئایینی قازی و بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، هەر لە درێژەی ئەم بەشەدا بەڕێز چالاک پیرۆتی بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی کۆچکردوو سپاسی حیزبی دێموکرات و بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە و ئامادەبووانی کرد.

بەڕێز عەباس نامی بەرپرسی کۆمیتەی وڵات لە چەند وتەیەکدا سپاسی هەموو ئەندامان و ئەو هاوڕێیانەی کرد کە لەو چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا ئەرکیان کێشابوو، هەم لە ڕۆژی بەخاکسپاردن و هەم بەشداریکردنی بەرچاویان لە کۆڕەکەدا.