کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستە هێڵی نەتەوەیی زاڵ بێ بەسەر ڕەوتی جووڵانەوەدا

16:09 - 18 بەفرانبار 2725

مستەفا شەڵماشی

وێدەچێ جووڵانەوەی ئەمجارەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران تا بەچۆکداهێنان، یا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی درێژەی هەبێ. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە پێشەنگایەتیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمەوە، لە مەیدانی خەباتدا بوون و هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو ڕێژیمە نگریسەیان قەبووڵ نەکرد. کەوابوو زۆرمان نەگوتووە ئەگەر بڵێین خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبە سیاسییەکانی و لە پێش هەموویانەوە بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتاوە پێشەنگی خەبات لە دژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی بووە.

هەرچەند لە سەرەتاوە خەڵکی کوردستان و حیزب و ڕێکخراوەکانی لەو مەیدانە پڕمەترسییەدا تەنیا بوون و بەداخەوە بەشی زۆری ناوچەکانی دیکەی ئێران یا دڵیان بە ڕێژیمی تازە خۆش کردبوو، یا موماشاتیان لەگەڵ دەکرد، بەڵام بەرەبەرە ڕووی ڕاستەقینەی ئاخوندەکان دەرکەوت و تا هات زیاتر کۆمەڵانی خەڵکیان لە خۆیان بێهیوا کرد. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێک کە بەخۆشییەوە دەکرێ بڵێین ٩٠٪ی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەو ڕێژیمە ناڕازین و ئەوە بۆ چەندەمین جارە کە لە جووڵانەوەی جەماوەریدا دێنە سەر شەقام و ئەو ڕێژیمە ڕەت دەکەنەوە و دروشمی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دەدەن.

دیارە دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە تەنیا دروشمی کۆکەرەوەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە هاوبەشە، دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە. ئەگەر لەوە بترازێین ئامانجەکان زۆر لێک جیاوازن و تەنانەت دروشمەکانیش دژ بە یەکن. گەلانی ژێردەستەی ئێران کە زیاتر لە سەد ساڵە بە بەهانەی پێکهێنانی (دەوڵەت-نەتەوە)ی ئێران نەک تەنیا پشتگوێ دەخرێن، بگرە هەوڵی ئاسیمیلەکردنیشیان دەدرێ، تەنیا خۆیانن کە لایەنگری یەکسانی بۆ هەموو نەتەوەکانی نێوخۆی ئێرانن و دەیانهەوێ ئێرانێک لەسەرەوە داڕێژرێتەوە کە هەموو نەتەوەکانی ئێرانی فرەنەتەوە، تێیدا هەست بەوە بکەن کە ئەوانیش بەشیان لە ئێراندا هەیە و دەبێ بە یەک تەرازوو هەڵسەنگێنرێن لەگەڵ نەتەوەی فەرمانڕەوا کە دەیان ساڵە خێر و بێری ئەو وڵاتە بۆ خۆی دەبا و وەک هاووڵاتیی پلە دوو سەیری نەتەوەکانی دیکە دەکا.

ئێستاش بەشی هەرەزۆری ئەندامانی نەتەوەی فەرمانڕەوا لە ئێران چ لەنێو لایەنەکانی ڕێژیمدا و چ لە ئۆپۆزیسیۆندا، هەر بەو چاوە سەیری نەتەوە ژێردەستەکان دەکەن و تەنانەت هێزی وایان تێدایە (وەک سەڵتەنەتخوازەکان) کە زۆر دوژمنکارانەتریش لە کۆماری ئیسلامی بۆ نەتەوە ژێردەستەکان دەڕوانن و هێشتا نەهاتوونە سەر کار و هیچ دەسەڵاتێکیان نییە، هەڕەشە و گوڕەشە دەکەن کە ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێ، هەر کەس جیا لەوان بیر بکاتەوە، لەناوی دەبەن.

کەوابوو ئێمەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی بێمافی ئێران دەبێ وریا بین و بە دروشمی ڕووکەش و فریودەر بەسەهوو نەچین. دروشمە گشتییەکانی وەک دێموکراسی، هەڵبژاردنی گشتی و حکوومەتی سێکۆلار و غەیرەدینی و مەجلیسی موئەسیسان و دەستووری داهاتووی ئێران، هیچ گرفتێک بۆ ئێمە چارەسەر ناکەن. هەموو ئەو دروشمانە بەپێی ویستی نەتەوەی فەرمانڕەوا دەکرێ وێنەیەکیان لێ دروست بکرێ کە تێیدا هیچ باسێک لە مافی نەتەوەکان نەکراوە. لە سبەینێی دوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکرێ بە ڕای زۆرینە مەجلیس هەڵبژێردرێ، دەوڵەت پێک بێ، دەستوور بنووسرێ و لە شێوەی سەڵتەنەتیدا، یا کۆماریدا دین لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە، بەڵام بە بایی پووشێک گرنگی بە مافی نەتەوەکان نەدرێ.

کەواتە نەتەوەکانی ژێردەستەی ئێران پێویستە پێش پرۆسەی پێکهاتنی حکوومەتی تازە، داهاتووی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەوەش تەنیا بەوە دەکرێ کە بە یەکگرتن لە بەرەیەکی بەربەرینی نوێنەرانی نەتەوەکانی ئێران، بەو هێزانەشەوە کە لەنێو نەتەوەی فارسدا باوەڕیان بە فرەنەتەوەبوونی ئێران هەیە، پلاتفۆرمێک پەسەند بکەن کە تێیدا ئەو ڕاستییە سەلمێندرابێ کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و پێویستە بەر لە هەموو شتێک یاسایەکی بنەڕەتی بنووسرێ کە لەسەر بناغەی تەوافوق و بە سەلماندنی مافی هەموو نەتەوەکان بە یەکسانی، حکوومەتێکی فرەنەتەوەیی پێک بێ کە تێیدا هەموو نەتەوەکان بە شێوەی فیدراڵی خاوەنی کیانی خۆیان بن و لە دەوڵەتی ناوەندیشدا بەپێی وەزنی خۆیان بەشدار بن.

بۆ وەدیهاتنی ئەو ئامانجە پێویستە حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەو نەتەوانە لەپێشدا لەنێوخۆیاندا یەک بگرن و پاشان لەگەڵ یەکتر لەسەر ئەو پلاتفۆرمەی کە لەپێشەوە باس کرا یەکیەتییەکی گشتی پێک بێنن. بۆ پێکهێنانی ئەو یەکیەتییەش پێویستە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پێشەنگ بن. کوردستان بەپێی ئەو هەموو خەباتەی کە کردوویەتی و بەپێی ئەو هەموو قوربانییەی کە داویەتی دەبێ ڕۆڵی پێشەنگ وەدەست بگرێ. زۆر غەدر دەبێ لە خوێنی ئەو هەموو شەهیدە سەربەرزانەی کە داومانە، ئەگەر ڕۆڵی پێشەنگ نەتوانین وەئەستۆ بگرین و بەدوای ڕووداوەکاندا بخزێین.

ئێستا کە ناوەندێکی دیالۆگ پێکهاتووە و توانیویەتی جووڵانێکیش لە خۆی نیشان بدا و مانگرتنێک ڕابگەیەنێ، ئەوە ئەرێنییە و خراپ نییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بارتەقای خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. پێویستە هەرچی زووتر ئەو ناوەندی دیالۆگە بگۆڕێ بە پێکهاتەیەکی بڕیاردەری ڕۆژانە، هێزی پێشمەرگە یەک خا، ناوەندێکی بڕیاری سیاسی هەبێ، هەیئەتێکی دیپلۆماسی پێک بێنێ کە بەردەوام لەسەر خەت بێ و بەردەوام پەیوەندی بگرێ بە ناوەندە بڕیاردەرەکانی جیهانەوە و لەگەڵ میدیاکان بدوێ و سەرنجی دنیا و ئێران بخاتە سەر کوردستان. لە لایەکی دیکەشەوە پێویستە هەیئەتێکی دەسەڵاتدار و قورسوقایم پێک بێنێ تا لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و ئەو هێزانەی کە باوەڕیان بە فرەنەتەوەبوونی ئێران هەیە پەیوەندی بگرێ و پلاتفۆرمێکی هاوبەش پێشنیار بکا و هەوڵ بدا یەکیەتییەک لە هەر فۆرمێکدا بێ، پێک بێنێ. ئەگەر دەمانهەوێ مەسەلەکەمان لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەر بکرێ، دەبێ ئەو کارە بکەین.

ئەگەر ئەوەشمان لەدەست نەیە و داهاتووی ئێران بەرەو ئەو ئاقارە نەڕوا، هەر باشترە دەست لە ئێران بشۆین و لە بیری ڕێکخستن و بەهێزکردنی خۆماندا بین و لە ئێستاوە کیانێکی کوردستانی پێک بێنین و پاشان بزانین چەندە دەتوانین ئەوە دەرخواردی هێزە دەسەڵاتدارەکان لە ناوەند بدەین یا بیر لە شێوەیەکی دیکەی چارەسەر بکەینەوە. لە هەر حاڵدا لە کوردستان پێویستە مەسەلە نەتەوەییەکە زەق بکەینەوە و هێڵی نەتەوەیی بەسەر جووڵانەوەدا زاڵ بکەین. دروشمەکان نەتەوەیی بکەین و لە پەنا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، کوردستان، کوردستان، پێشەنگی ڕزگاریخوازانیش بکەینە ئەمری واقیع.