ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤( ٨/١/٢٠٢٦) خاتوو کانی جەهانگیری نوێنەری حیزب لە فەرانسە، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سێناتۆر ڕێمی فێرۆ بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێستای ئێران و بە تایبەت بارودۆخی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێنا.
لەم دیدارەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات باسێکی لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئاکامی توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کورد و نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێراندا کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا دوو بەڵگەنامە پێشکەش بە سێناتۆر فێرۆ کرا کە یەکەمیان بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتن بۆ پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکان و جەختکردنەوە لەسەر ئێرانێکی دێموکراتیک بوو و بەڵگەنامەی دووەم لەسەر قوربانییانی خۆپێشاندانەکان بوو کە تێیدا تیشک خرابووە سەر ڕێژەی بەرزی قوربانییانی کورد کە بەشێکی زۆریان لاون.
دوابەدوای ئەو دیدارە، سیناتۆر ڕێمی فێرۆ بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە سۆشیاڵ میدیای خۆی بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە کورد پێشەنگی ڕاپەڕینی جەماوەری و قوربانیی یەکەمی سەرکوتکردنە لە ئێران و داوا دەکات تا دوای ڕووخانی "مەلاکان" با پشتیوانی کوردەکان بین.
ئەم هەڵوێستەی سێناتۆر فێرۆ باهۆزێکی سیاسی بەهێز پێک دەهێنێت و بۆ هۆشیارکردنەوەی دامودەزگاکانی حکوومەتی فەرانسە سەبارەت بە بارودۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت.