کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزب بەبۆنەی ٨٠ ساڵەی ڕۆژنامەی "کوردستان"

10:38 - 20 بەفرانبار 2725

مستەفا هیجری: "کوردستان" سەنگەری پارێزگاری لە زمان و شوناسی نەتەوەییە

 ٢٠ی بەفرانباری ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ هەشتا ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. لە ماوەی ئەو هەشتا ساڵەدا ڕۆژنامەی کوردستان زمانی دەربڕینی سیاسەتەکانی حیزب و بەرگری لە بزوتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و پێ بە پێی خەباتی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بە قۆناخی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە و تریبۆنێک بووە بۆ پرسە نەتەوایەتییەکان.

 ڕۆژنامەی کوردستان بەپێی تایبەتمەندی حیزبی دێموکرات لە دەستپێکی حکوومەتداری کۆماری کوردستان هەتا ئێستا کە لە دەوری نوێی ڕۆژنامەدا ٩١٠ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بۆتەوە، وەک ئۆڕگانی فەرمی و زمانحاڵی حیزب، مەکۆیەک بووە بۆ ڕاستبێژی، زمان پاراوی، سینگفراوانی و گوێگرتن بۆ ڕەخنە و پێشنیاری ڕەخنەگران ودڵسۆزانی حیزب و بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد.

 لە ماوەی ئەو هەشتا ساڵەدا ڕۆژنامەی کوردستان وەک سەنگەرێکی قایم بۆ پاریزگاریکردن لە زمان و شوناسی نەتەوەیی توانیوویەتی بەربەرەکانی بکا لەگەڵ تەوژم وهێرشی دوژمنکارانەی نەیارانی گەلی کورد کە هەموو کات تێکۆشاون زمان، مێژوو وکولتووری گەلی کورد بسڕنەوە، لە هەمان کاتدا لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لە قۆناخە جیاجیاکانی خەباتدا بووە بە شوێنی تۆمارکردنی ڕووداوەکان کە وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی مێژوویی دەتوانرێ پشتی پێ بسپێردرێ.

 بە بۆنەی هەشتا ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان سڵاوی ئەمەگداری دەنێرم بۆ دامەزرێنەرانی ئەو ڕۆژنامەیە و تەواوی ئەو کەسانەی لەو ماوە دوور و درێژەدا بە هەوڵ و تێکۆشانیان لە هەلومەرجی دژواری خەباتدا لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەردەوام بوون لە چاپ وبڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان. لە هەمان کاتدا پیرۆزبایی بە بەڕێوەبەران و نووسەران و هاوکارانی ئەو ڕۆژنامەیە دەڵێم کە سەرەڕای هەموو کەم وکورتی وکۆسپەکانی سەر ڕێگایان هەتا ئێستا ئەو ئەرکە پیرۆزەیان وەئەستۆ گرتوە، ئەوەش نیشانەی بایەخدانانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە بە کاری ڕاگەیاندن لەسەر بنەماکانی پرسی نەتەوایەتی و دێموکراسیخوازی.

بەو هیوایە کوردستان جارێکی دیکە لە نیشتمانێکی ئازاد کراودا درێژە بە ئەرکە نەتەوایەتی و ڕۆشنگەریەکانی خۆی بدا.

مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤