
برایم لاجانی
هەشتا ساڵ بەردەوامی و ئیدامەکاری بۆ ڕۆژنامەیەک، ئەویش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە تەمەنی چاپەمەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان تا ڕادەیەکی زۆر کورت و پچڕپچڕە، خۆی لەخۆیدا دەسکەوتێکی گەورەیە. بەو حاڵەش بۆ ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەو ماوە دوورودرێژە بە تەنیا هەر تێپەڕینێکی تەقویمی نیە، بەڵکوو گێڕانەوەیەکە لە تێپەڕین بە نێو چەند ڕێژیمی سیاسی و ئەزموونکردنی چەندین قۆناغی سەرکوت و ئومێد و هەروەها ژیان لە مەتنی یەکێک لە ئاڵۆزترین گرێکوێرە سیاسییەکانی ئێراندا.
یەکەم ژمارەی ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (ژانویەی ١٩٤٦)، هاوکات لەگەڵ دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بڵاو کرایەوە. بەڵگە مێژووییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەو ڕۆژنامەیە تەنانەت لە هەلومەرجە سەخت و دژوارەکانیشدا، لە ساڵەکانی سەرکوت و زەبروزەنگیشدا، چ بە شێوەی ژێرزەمینی و چ دوور لە نیشتمان بڵاو بووەتەوە. بەڵام بایەخی "کوردستان" بە تەنیا هەر لەوەدا نیە کە ڕۆژنامەیەکی قەدیمییە و بەس، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەو ڕۆژنامەیە چۆن توانیویەتی ڕۆڵی کلاسیکی "ئۆرگانی حیزبی" تێپەڕێنێ و ببێتە دامەزراوەیەک بۆ ڕێکخستنی سیاسی و بنیاتنانی حافیزەی بەکۆمەڵ و دەستەجەمعی لە کوردستاندا. لێرەدا هەوڵ دەدەین وەڵامێکی ئەو پرسیارە بدەینەوە. ڕاگەیەنە حیزبییەکان هەمیشە مەترسیی ئەوەیان لەسەرە ببنە تریبونێکی یەکلایەنە و بڵندگۆی پڕۆپاگەندەی حیزبی. بەڵام لەو کۆمەڵگەیانەدا کە لەژێر ستەم و چەوسانەوەی سیستەماتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدان، کارکردێکی دیکەیان هەیە و ڕۆڵێکی دیکە دەگێڕن. ڕۆژنامەی "کوردستان" بە درێژایی تەمەنی خۆی تێکۆشاوە سێ ئەرکی سەرەکی هاوکات دەگەڵ یەک بەرێتە پێش:
١. داڕشتنی پرس و بابەتە سیاسییە ئاڵۆزەکان بە زمانێکی سادە، بە جۆرێک کە کۆمەڵانی خەڵک لێی تێبگەن.
٢. گێڕانەوەی ڕووداوە جیاجیاکانی ئێرە و ئەوێی کوردستان و گۆڕینیان بۆ گێڕانەوەیەکی دەستەجەمعی و بەکۆمەڵ بە جۆرێک کە مانا بە ئەزموونی هاوبەشیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ببەخشن.
٣. پێکهێنانی دەرفەت و فەزا بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ نەک هەر لەنێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستاندا، بەڵکوو لەگەڵ هێزە سیاسییە سەرتاسەرییەکانیشدا. لێرەدا هونەر ئەوەیە کە وەفاداریی تەشکیلاتی نەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژنامە دەنگ و ڕەنگی خەڵک و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی دیکە پشتگوێ بخا و تووشی زەینکوێری و دەمارگرژیی حیزبی بێت. ئەوە ئەو ئاڵنگارییەیە کە ئێستاش لەبەردەم ڕۆژنامەی کوردستاندا هەر لە جێی خۆیەتی. یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی خەباتی سیاسی ئەوەیە کە بتوانی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانەی کۆمەڵانی خەڵک بگۆڕی بۆ بەرنامەیەکی سیاسیی یەکپارچە. واتە ئەو ستەم و زوڵم و زۆری و چەوسانەوە و هەڵاواردن و تەبعیزەی لەسەر خەڵکە، بگۆڕی بۆ داخوازیی سیاسی. ڕۆژنامەی "کوردستان" لە سەرتاسەری تەمەنی خۆیدا، لەو بارەوە سەرکەوتوو بووە. "کوردستان" بە هێنانەگۆڕی ئەو ستەم و زوڵم و زۆری و چەوسانەوە هەموولایەنەی لەسەر خەڵکی کوردستانە، بە گێڕانەوەی هۆکارەکانی ئەو دۆخە بۆ ستەمی نەتەوایەتی و سیاسی کە سەرچاوەکەی لە چۆنیەتیی حاکمییەتی دەوڵەتی مەرکەزیەوە سەرچاوە دەگرێ، نیشانی داوە کە کێشەی کورد نەک هەر مەسەلەیەکی ئەمنییەتی نیە لە گۆشەیەکی وڵاتدا وەک هەندێک دارودەستەی نێو دەسەڵات باسی دەکەن، بەڵکوو چارەسەرکردنی ئەو پرسە مەحەکی دامەزراندنی دێموکراسییە لە سەرتاسەری ئێراندا. لە لایەکی دیکەشەوە "کوردستان" بە بڵاوکردنەوە و فۆرمولەکردنی داخوازە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، نەک هەر بووەتە زمانحاڵی بزووتنەوەی کوردستان، بەڵکوو بزووتنەوەی کوردستانی لە دەستی نوخبەی کورد دەرهێناوە و بە جەماوەر و کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی کوردستانەوە گرێ داوە. گەلان تەنیا هەر بە خاک و خوێن پێناسە ناکرێن، ئەوان بەوەوە زیندوون کە خاوەنی حافیزەی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، کولتوور و فەرهەنگی هاوبەش و گێڕانەوەی هاوبەشن. لە هەلومەرجێکدا کە دەسەڵاتی تاران هەوڵ دەدا کەمایەتییەکان نادیدە بگرێ یا ژیان و خەباتیان بە جۆرێکی دیکە نیشان بدات و بەرچەسپی جۆراوجۆریان لێ بدا، ڕۆژنامەی "کوردستان" بووە بە دەفتەری تۆمارکردنی ڕووداوەکانی کوردستان و نوێنەری داخوازەکانی گەلی کورد و ئاوێنەی خەبات و بەربەرەکانیی خەڵکی کوردستان بە دژی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوایەتی.
لەوەش زیاتر "کوردستان" بە تۆمارکردنی شکان و پاشەکشە و پێشڕەوییەکان و دەستنیشانکردنی هەوراز و هەڵدێرەکانی سەر ڕێگای کاروانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، نەیهێشتووە ئەزموونی خەباتگێڕانەی نەوەکانی پێشوومان بکەونە نێو هەمبانەی فەرامۆشییەوە. بەو پێیە "کوردستان" ڕۆڵی قوتابخانەیەکیشی گێڕاوە و بووەتە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی. ئەو تایبەتمەندییە، لە سەردەمی ئێستادا کە سەردەمی ڕایەڵکە کۆمەڵایەتی و ڕاگەیەنە کورت ماوەکانە، قووڵایی مێژوویی بەو پرسانە دەبەخشێ کە کوردستان کاریان لەسەر دەکات و ڕێگا لە دووپاتەبوونەوەی هەڵە و کەموکۆڕییەکانیش دەگرێ. ڕەنگە یەکێک لە نەخشە هەرە ئاڵۆزەکانی "کوردستان" ئەو ڕۆڵە بێت کە لە مەیدانی سیاسەتی کوردستانی و ئێرانیدا دەیگێڕێ. دوو بواری دەگەڵ یەک ناتەبا:
تێکۆشان لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا، بریتییە لە: بەرگری لە هەویەت، ناسنامە و زمان و فەرهەنگ و مەوجوودییەتی گەلی کورد و دیفاع لە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕاوەستانەوە بەرانبەر ئەو هێز و دەستە و تاقمانە کە دەیانەوێ کێشەی کورد بکەنە کێشەیەکی ئەمنییەتی یا فۆلکلۆری و فەرهەنگی. تێکۆشان لە مەیدانی سەرانسەریشدا، بریتییە لە: گفتوگۆ دەگەڵ ناوەند، دیالۆگ دەگەڵ هێزە دێموکراسیخوازەکانی ئێران و هەوڵدان بۆ لێکگرێدانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد بە پڕۆژەی دێموکراتیزاسیۆنی ئێران. لەو نێوەدا کوردستان هەمیشە تێکۆشاوە لە نێوەڕاست ڕاوەستێ و باڵانسێک بەو ئەرکە گرنگەی خۆی بدات. هیچ کاتێک لە سیاسەتی ناوەندا نەتواوەتەوە و قەتیش لێی دانەبڕاوە. لەو پێوەندییەدا "کوردستان" تێکۆشاوە لە ڕێگای هێنانەگۆڕی داخوازییە هاوبەشەکانی وەک دێموکراسی، مافی شارۆمەندی، پەرەسەندنی هەموولایەنە، عەداڵەتی ناوچەیی، دیسێنتڕالیزاسیۆن، خودموختاری و ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ و مافەکانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان، داخوازەکانی خەڵکی کوردستان بە گوێی ناوەند بگەیەنێ و لە هەمان کاتدا حەساسیەتەکانی ناوەندیش پێشانی خەڵکی کوردستان بدات.
لە وڵاتێکدا کە زمانی دایکی وەک مەسەلەیەکی خسووسی بە حیساب دێت و ڕاگەیەنە کوردییەکان هەمیشە لەژێر فشار و پاڵەپەستۆی ئەمنییەتی و پۆلیسیدان، بڵاوبوونەوەی "کوردستان" بە دوو زمانی کوردی و فارسی بووەتە هۆی ئەوەی "کوردستان" ڕۆڵێکی گرنگتر لە ڕۆژنامەیەکی ئاسایی بگێڕێ. ئەو ڕۆژنامەیە زمانی کوردی لە حاڵەتی زمانێکی ناوچەیی و مۆزەخانەیی هێناوەتە دەر و بردوویەتییە ئاستی زمانی سیاسەت و حقووق و مۆدێڕنیتە. ئەوەش بۆ خۆی وەڵامێکی جەرگبڕە بەوانەی دەیانەوێ پرسی کورد تا ئاستی مەسەلەیەکی ئەمنییەتی یا تەنیا و تەنیا فەرهەنگی بێننە خوار. هەشتا ساڵەیی تەمەن زەمانی خانەنشینی نیە.
بۆ ڕۆژنامەی "کوردستان"، هەشتا ساڵەیی زەمانی نوێبوونەوە، خۆسازدانەوە، خۆگونجاندن دەگەڵ سەردەم و هەلومەرجی تازەی کۆمەڵگەی کوردستان و ئاستی بەرزی خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. ئەگەر "کوردستان" دەیهەوێ هەروا کاریگەر بمێنێ، پێویستی بەوەیە ئاڵوگۆڕی جیددی و هەموولایەنە بەسەر فۆرم و نێوەرۆک و میتۆدەکانی کاری خۆیدا بێنێ. بۆ نموونە: دەبێت هەوڵ دا ببێتە ڕۆژنامەیەکی چەند کەناڵی و لە فۆرماتی جۆراوجۆردا بڵاو بێتەوە. بۆ ئەوەی پەیامەکانی بگەیەنێتە نەوەی نوێی کوردستان، دەبێ لە پۆدکاست و ڤیدیۆ و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی سەردەم کەڵک وەرگرێ. لە لایەکی دیکەشەوە "کوردستان" هەروەک ڕابردوو دەبێت دیقەت و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانیی خۆی بپارێزێ. لە سەردەمی فەیکنیوزدا، ئەوە گەورەترین سەرمایەی هەر ڕاگەیەنەرێکی گشتی و مێدیایەکی جیددییە. کۆمەڵگەی کوردستان ئێستا کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕن و پێشکەوتووە. "کوردستان" دەبێت تێبکۆشێ دەنگی هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان بێت. خەبات و تێکۆشانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، کرێکاران، زەحمەتکێشان، بازاڕییەکان، مامۆستایان و... هتد بە گوێی دونیا بگەیەنێ. ئەوە نێوەرۆکی ڕۆژنامەی "کوردستان" دەوڵەمەندتر دەکات.
ئێستا لە سەروبەندی دەستپێکردنی سەدەیەکی تازە لە بڵاوبوونەوەی "کوردستان"دا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەو ڕۆژنامەیە دەتوانێ لە "ئۆرگانی حیزب"ەوە ببێتە زمانحاڵی هەموو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران. وەڵامدانەوە بەو پرسیارە داهاتوو و شوێن و پێگەی سیاسیی "کوردستان" دەستەبەر دەکا. لە کۆتاییدا دەبێت بزانین کە ئەرکی ئەوەڵ و ئاخری "کوردستان" ئەوەیە ڕێگا نەدات میللەتێک خۆی و ناسنامە و مێژووی خۆی لەبیر بکات.