ئاگری ئیسماعیلنژاد
دوایین خولی ڕۆژنامەی کوردستان که لەلایان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەردەچێت، لە ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوییەوە دەرچووە و لە ٥٥ ساڵی ڕابردوودا چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەیە گرێ دراوە بە چارەنووسی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها دۆخی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە.
لە ٥٥ ساڵی ڕابردوودا میدیای کوردی ڕۆژهەڵات بە هۆی دابڕانی تەشکیلاتی لەنێو ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات لانیکەمی لە دوو قۆناغدا دوو ڕۆژنامەی "کوردستان" وەکوو زمانحال یان ئۆرگانی حیزبی دێموکرات دەرچوون، بەڵام ڕەوتی بەڕێوەچوونی فکری ئەو ڕۆژنامەیە تەنانەت لە سەردەمی دوو ناونیشانیشدا دەکرێت بڵێن یەک ڕەوت بووە. بەڵام ئاخۆ ڕۆژنامەی "کوردستان" میدیایەکە بەشێوەی ئۆرگانی حیزبێکی سیاسی بڵاو دەبێتەوە؟
خوێندنەوەی سەرپێی بۆ میدیای ئۆرگانی ئەوەیە میدیاییەکە تەنیا لە پێناو خواست و ویستی حیزبێکی سیاسی دابێت. لە جیهانی میدیادا، میدیای ئۆرگانی بەو هۆکارانەی خوارەوە هەمیشە بە گومانەوە سەیریان دەکرێت:
- میدیای ئۆرگانی سیاسەتی پەڕاوێزخستن، قڕتاندن و زەقکردنەوەی نالۆژیکی وەکوو بنەمایی سیاسەتی هەواڵی خۆیان بەکار دێنن.
- میدیای ئۆرگانی زمانی ئیدلۆژیکی خۆیان هەیە، و زۆر وشە و چەمک لە میدیای ئۆرگانیدا مانا و تەنانەت کەسایەتییەکەی دەگۆڕدرێت.
- میدیا ئۆرگانی لە ئاستی لێکدانەوەدا تەنیا ئەو لێکدانەوەی لێب ڵاودەبێتەوە کە خواست یا خۆلیای لایەنە سیاسییەکەیەتی.
- میدیای ئۆرگانی لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئەدەبییەوە دەق ، هزر و بۆچوونی خۆی تەنیا بڵاو دەکاتەوە کە لە ڕاستییدا، ئەو بەرهەمانەش دڕێژکراوەی سیاسەتی فەرمی لایەنە سیاسییەکەیانن.
ئەگەر ئەو چەند بنەما سەرەکییە، بۆ میدیای ئۆرگانی لەبەر چاوبگرین، ئایا ڕۆژنامەی کوردستان میدیاییەکی ئۆرگانییە؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارە باشترە ڕۆژنامەی کوردستان بەش بەش بکەین:
یەکەم: بەشی هەواڵ/ لە ڕەوتی ٥٥ ساڵی ڕابردوودا "کوردستان" لاپەرەی یەکەم، دووهەم و زۆر جار سێهەمی لاپەرەی هەواڵ بوون و لە لاپەرەی یەکەم سەرەڕای ئەوەی هەواڵ داندراوە، وتاری سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامەیەش داندراوە کە لە ڕاستییدا بۆچوونی حیزبی دێموکرات لەسەر پرسێکی گرینگی کاتی نووسینی سەروتارەکە بووە. لەسەر وتاری سەرنووسەر دەکرێت، بڵێن کە ڕۆژنامە چ ئۆرگانی لایەنێکی سیاسی بێت و چ وەکوو ڕۆژنامەیەکی نائۆرگانی بناسرێ، بەڕێوەبەرانی ئەو ڕۆژنامەیە مافی ئەوەیان هەیە سەروتارەکە لە پێناو ئەو هزر، بۆچوون یان ڕێبازە بنووسن کە خۆیان باوەڕیان پێیەتی کە وایە سەروتار پێوەرێک نییە، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەیەک بکاتە بڵاوکراوەی ئۆرگانی یان نائۆرگانی. بەڵام لە بەشی هەواڵ بە گشتی ئەوە تایبەتمەندی بەشی هەواڵی ڕۆژنامەی کوردستانە:
- هەواڵی پەیوەندیدا بە کەسی یەکەمی حیزبی دێموکرات بەدەر لەوەی لە ڕووی کارتێکەری لەسەر کۆمەڵگا و تەنانەت گرینگی ئەو هەواڵە لە پرسی تەشکیلاتی هەواڵی مانشێتی یان سەرەکی ڕۆژنامەی کوردستانە.
- هەواڵی پەیوەندیدار بە حیزبی دێموکرات لە لاپەرەکانی هەواڵی ڕۆژنامەی کوردستان زیاترین ڕێژەیان هەیە و هاوکات باشترین شوێنیان بۆ تەرخان دەکرێت.
- شوێن و لاپەرەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە حیزبی دێموکرات لە "کوردستان" پلەی تەشکیلاتی بکەری هەواڵەکە دیاری دەکات، واتە هەواڵێک کە پەیوەندی بە دەستەی بەڕێوەبەری حیزبەوە بێت، بەرچاوتر لە هەواڵێک دادەندرێ کە پەیوەندی بە دەستەی بەڕیوەبەری ئەو حیزبەوە نییە.
- زمانی هەواڵ لە "کوردستان"دا زمانی ئیدلۆژیک نییە.
- لە بواری قرتاندن، پەڕاویزخستن یان زەقکردنەوەی هەوالێک دەکرێت، بڵێن "کوردستان" هەوڵ دەدا هەواڵی پەیوەندیدار بە حیزبی دێموکرات زەق بکاتەوە، بەڵام شێوازەکانیتر بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ ناگرێتە بەر کە وایە "کوردستان" لە بواری هەواڵدا خۆی لە هەواڵی چەواشەکرا و یان هەڵبەستراو نادات.
ئەگەر بمانەوەێ لێرەدا بەو پێیە باسی بەشی هەواڵی "کوردستان" بکەین، دەبێت بڵێن ئەو ڕۆژنامەیە لە لاپەرەکانی هەواڵی دا میدیاییەکی ئۆرگانییە، یان زیاتر وەکوو میدیاییەکی ئۆرگانی هەڵسووکەوت دەکات.
بەشی دووهەم: لێکدانەوەی سیاسییەکانی ڕۆژنامەی کوردستان
حیزبی دێموکرات لە ڕووی سیاسییەوە، یەک ستراتژیی گرینگی هەیە، باوەر بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دابینکردنی مافی سەروەری بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی تاکتیکییەوە لە قۆناغێ پرسی دابینکردنی خودمختاری بۆ کوردستان و ئێستا پرسی دەستەبەرکردنی فێدرالیزمی لە ئێراندا گرتوتە بەر. "کوردستان" لە لێکدانەوە سیاسییەکانی کە بڵاوی دەکاتەوە:
یەکەم: زمانی ئیدلۆژی بەکار ناهێنێ. دووهەم: ئەو وتارانە بڵاو ناکاتەوە کە کورد بە نەتەوە نەزانێ یان نکۆڵی لە مافی کورد لە بواری وەکوو سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوور و فەرهەنگی بکات. سێهەم: وتار یان لێکدانەوەی بڵاو کردۆتەوە کە گومان بخاتە سەر تاکتیکە سیاسییەکانی یان لەگەڵ سیاسەتی فەرمی حیزب دێموکرات نەیەتەوە. بۆیە لە بەشی سیاسییدا دەکرێت، بڵێن "کوردستان" ڕۆژنامەیەکی ئۆرگانی نییە.
"کوردستان" دوو بەشی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیشی هەیە ، لە بەشی ئەدەبیدا سیاسەتی زاڵ پرسی شوناسخوازی نەتەوەی کورد و بەدەر لەو هێڵە هیچ هێلێکی ئەدەبی نییە. لە پرسی کۆمەڵایەتیدا وەکوو حیزبێکی کۆنەپاڕێز هەڵسوکەوت دەکات کە لە ڕاستییدا لەو بوارەدا زیاتر نوێنەرایەتیی پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لە ڕۆژهەڵات دەکات و بۆ وێنە کەمتر خۆ لە قەڕەی باسی وەکوو هاوڕەگەزخوازی و پرسی کەمینەی زایەندی دەدات. بەڵام هاوکات دژی مافی کەمینەی زایەندی و کۆمەڵایەتی نییە. ڕەنگە گرینگترین چەمک کە "کوردستان" لەسەر پرسی کۆمەڵایەتیی ژنان کاری لەسەر کردبێت، بابەتی ژنی کورده واتە ژنێک کە مافی نەتەوەی و زایەندی پێکەوە لێ پێشێل دەکەن. هەڵبەت ئەو پرسە هیچ کات سیاسەتی بناغەی بەشی کۆمەڵایەتیی ڕۆژنامەی کوردستان نەبووە.
ئەگەر بمانەوە بەو پێیە وڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدەینەوە، ڕۆژنامەی کوردستان ڕۆژنامەیەکی ئۆرگانی حیزبێکی نەتەوەییە، کە هەوڵ دەدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی ئەو نەتەوەیەدا چالاکی خۆی بکات.