کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵات دژی سەرکوت و تاوان

12:30 - 21 بەفرانبار 2725

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٠/٠١/٢٠٢٥)، خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی بە ئامادەبوونی بەرچاوی کوردان و ئازادیخوازانی ئێرانی لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ لەلایەن شەش حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەڕێوەچوو.

خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و دواتر بەڕێز کەماڵ حەسەنپوور بە نوێنەرایەتی، پەیامی هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد. لە بەشێکی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە :

ئەمڕۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە مانگرتنی گشتی، داخستنی دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان، هەم متمانەی چەند بارەیان بە حیزبە سیاسییەکانیان بەخشییەوە، هەم نیشانیان دا شۆڕشی "ژینا-ژن، ژیان، ئازادی" نەک هەر لە پێ نەکەوتووە بەڵکوو لە قووڵایی کۆمەڵگەدا زیندووە و لێبڕاوە بۆ هەمیشە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی تێکەوەپێچێ.

هەروەها سپاسی خەڵکی خەباتکاری کوردستان و ئازادیخوازانی ناوچەکانی تری ئێرانیان کرد کە بە مانگرتن و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان وڵام و پەیامێکی سیاسیی ڕوون و گورچکبڕیان بە هێزە سەرکوتکەرەکان و تەواوەتیی ڕێژیمی دەسەڵاتدار دایەوە. خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی کوردستان نیشانیان دایەوە هەڕەشە و تۆقاندن و سیاسەتی سەرکوت هەنگاویان پێ شل ناکا و بەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی حیزبە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ئەو پەیامە بە ڕاشکاوی ڕاگەیەندرا کە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێمە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم قۆناغە نوێیەش دەخوازێ لەپێناو بەردەوامی و سەرکەوتنی یەکجارەکیدا زیاتر و جیاوازتر لە هەمیشە بەستێنی لەبار بۆ یەکڕیزی، هاوخەباتی و هەڵمەتی پێكەوەیی دەستەبەر بکەین و بەوەش هێزێکی زیاتر بە خەبات و بزووتنەوەکەمان بدەین.

لە درێژەی بەرنامەکانی خۆپێشاندانەکەدا، دەقی پەیامەکە لەلایەن بەڕێزان مریەم مەهدەوی بە زمانی فارسی و هەروەها ئەمیر باباخانی بە زمانی نۆروێژی پێشکەش کرا.

جێگای ئاماژەیە کە جیا لەو شەش حیزبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێز زیبا بەختیاری  پەیامی هاوبەشی هەر دوو حیزبی "حزب مردم بلوچستان" و هەروەها  "کمیتە همبستگی بلوچهای نروژ"ی پێشکەش کرد.

لە خۆپێشاندانەکەدا جیا لە بارودۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژە بە دۆخی ڕۆژاوای کوردستان کرا و تاوان و کردەوەی نامرۆڤانەی حکوومەتی ئەحمەد شەرعیان لە دژی گەلی کورد لە ڕۆژاوا شەرمەزار کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی هاودەنگیی گەلی کورد لە دژی ستەم و داگیرکاری لە هەموو بەشەکانی کوردستان کردەوە.

خۆپێشاندەران جەختیان لەوە کردەوە کە کوردانی دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی لە ئەوروپا، بە ئەرکی خۆیان دەزانن کە دەنگی خەڵکی ناوخۆی کوردستان و ئێران بن و پەیامی ئەو ناڕەزایەتیانەی ناوخۆ بە ناوەندەکانی جیهان بگەیەنن و پشتیوانی لە هەموو جۆرەکانی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بکەن بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکان.

ئەو شێوازە لە یەکگرتوویی کرداریی حیزب و هێزە سیاسییە کوردییەکان، جیا لەوەی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بەرز نرخێندرا، هەروەها سەڵمێنەری ئەو ڕاستیە بوو کە کاری هاوبەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئامادەیی سیاسیی گەلی کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و گەیاندنی پەیامی خەباتەکانیان بە جیهان.

ئەو خۆپێشاندانە لە گۆڕەپانی ناوەندی شاری ئۆسلۆ و لە تەنیشت وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەر بەڕێوەچوو، کە بە هۆی هەڵکەوتەی ئەو شوێنە و ڕێژەی بەشداربووان و دروشمەکان بە هەر سێ زمانی کوردی، فارسی و نۆروێژی دەدران، ببووە جێگای سەرنجی خەڵکانێکی زۆر کە بە گۆڕەپانەکەدا تێدەپەرین. هەروەها لەو خۆپێشاندانەدا چەند سروودی شۆڕشگێری لەلایەن هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی و سامان بەکر پێشکەش کران.

حیزب و لایەنەکانی بەشدار لەو خۆپێشاندانەدا بریتی بوون لە :پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حزب مردم بلوچستان و کمیتە همبستگی بلوچهای نروژ .