کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانی کوردانی نیشتەجێی شاری بێرگن بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران

12:34 - 21 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٠/٠١/٢٠٢٥ )، بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێران و هەروەها مەحکومکردنی کوشتاری خۆپێشاندەران لەلایەن دەزگاکانی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامییەوە بە تایبەتی لە شارەکانی سەر بە پارێزگای ئیلام و کرماشان، کوردانی نیشتەجێی شاری بێرگن لە وڵاتی نۆروێژ خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەو ڕێپێوانە لەلایەن کۆمیتە ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بێرگێن بانگەوازی بۆ کرابوو کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە كوردەکانی ھەموو بەشەكانی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە لە ناوەندی شاردا لە كاتژمێر ١٤ بۆ ١٧ ئامادەی خۆپێشاندانەکە بوون.

خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی پلاکارد و وتنەوەی دروشمی شۆڕشگێرانە، سیاسەتەسەرکوتکەرانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد و هەروەها هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و ئێران بە گشتی ڕاگەیاند. لەو پێوەندییەدا و بۆ تیشکخستنەسەر تاوانەکان، لەلایەن کۆمیتە ناوچەی بێرگنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وێنەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەو سەرهەڵدانەی چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بە دەست هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرابوون بە ڕێژەیەکی بەرچاو چاپ کردبوو، کە ئامادە بووان وەک هێمایەک بە بەرزکردنەوەی وێنەی ئەو شەهیدانە ڕێزیان لە خەبات و فیداکارییەکانیان گرت.

جێگای ئاماژەیە لەو خۆپێشاندانەدا هاوکات لەگەڵ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێرش و کوشتاری خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانیان لەلایەن حکوومەتی سووریەوە مەحکووم کرد.