کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسۆ حەسەنزادە: ئەوەی جێگای نیگەرانییە پێگەی ڕەزا پەهلەوی لەنێو خەڵکدا نییە، بەڵکوو سیناریۆیەکی نێودەوڵەتییە بە قازانجی ئەو

15:05 - 21 بەفرانبار 2725

 

وتووێژی ڕادیۆ نێونەتەوەیی فەڕانسە لەگەڵ د. ئاسۆ حەسەنزادە (وەرگێڕان لە فەڕەنسییەوە: سوورکێو ڕەحیمی)

 

خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن دژ بە حکومەت ئێستا بەشێکی زۆری ئێران گرتووەتەوە کە زۆربەیان شارەکانی کوردستانن. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی ژانڤییە، دوای بانگەوازی ئێوارەی چوارشەممەی حەوت حیزبی سەرەکیی سیاسیی کوردستانی ئێران، مانگرتنی گشتی لە کوردستان دەستیپێکرد. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نزیکەی سی شار و شارۆچکە مانگرتنی گشتی بووە. وتووێژ دەکەین لەگەڵ ئاسۆ حەسەنزادە، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

 

ڕادیۆ فەڕانسە: لە ١٢ەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا بلۆکی حیزبە سیاسییە کوردییەکان کە حدکاش یەکێکە لەو حیزبانە بانگەوازی مانگرتنیان دا، هۆکاری ئەم بانگەوازە چی بوو؟

د. ئاسۆ حەسەنزادە: بەپێچەوانەی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کوردستان دەستیپێکرد، ئەمجارە خۆپێشاندانەکان لە تاران و لە شار و پارێزگاکانی نێوەڕاستی ئێران دەستیان پێکرد. لە ناوچە سنوورییەکانیش بەتایبەتی لە کوردستان لە شارەکانی کرماشان و ئیلام و پاشانیش لوڕستان دەستیان پێکرد. هۆی ئەوەی بانگەوازی مانگرتن دراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە لە ئێستادا ئێمە داوا لە خۆپێشاندەران ناکەین کە کەڵک لە ئامرازی کرداری وەربگرن کە ببێتە هۆی زیاتر سەرکوتکردنیان. هەروەکو دەشزانن لە ئێراندا هێزە ئەمنییەکان بێباکانەتر تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن و لێیان دەکوژن وەک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران. بەڵام لە هەمان کاتدا پێویست بوو بە مانگرتنێکی گشتی هاودەنگیی کورد نیشان بدرێت. ئەم هەنگاوە وێڕای ئەوەی هاوپەیوەندییە لەگەڵ بزووتنەوەی سەراسەریی ناڕەزایەتی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی نێوخۆش پشتیوانی بوون، بەتایبەتی هاوپشتی نیشاندان لەگەڵ خۆپێشاندەرانی ناوچەکانی خوارووی کوردستان بەتایبەتی خۆپێشاندەرانی مەڵەکشاهی کە تێیدا خۆپێشاندەران خەڵتانی خوێن کراون.

 

ڕادیۆ فەڕانسە: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەموو ئەو بەڵگانەی کە ئاخری ئەم هەفتەیە هێرشی توند کراوەتە سەر خۆپێشاندەران لە مەڵەکشا و دواتر هێرش بۆ سەر بریندارانی خۆپێشاندانەکان لە نەخۆشخانەی ئیلام ئارشیڤ کردووە. شایەتحاڵەکان دەڵێن وایان هەست کردووە کە لە نێوەڕاستی شەڕێکدان. ئێوە باستان لەوە کرد کە دەتانەوێت خۆتان لەو کردارانە بەدوور بگرن کە دەبێتە هۆی زیاتری سەرکوتی خۆپێشاندەران، ئەو ئامرازە کردارییانەی باستان کرد چین؟

د. ئاسۆ حەسەنزادە: ئێمە لە باشووری کوردستان هێزی پێشمەرگەمان هەیە، و دەمانتوانی بیاننێرینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام ئێمە لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا ئەوەمان نەکرد و لە ئێستاشدا ئەوەمان نەکردووە. ڕێژیمی ئێران دەیەوێت هەنگاوێکی وا بکاتە پاساو بۆ زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستان و بەلاڕێدابردنی سەرنجی ڕای گشتیی خەڵکی ئێران و دونیاش بەگشتی. بەڵام گرنگە کە ئەوەش بزانین زۆر جار ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان سەرکوتی خوێناوی لێدەکەوێتەوە. ئێمە دەمانەوێ وەک حیزبەکان و خەڵکیش بە هەڵسەنگاندنی ورد و بەپێی دوورەدیمەنی دەرئەنجامی سیاسی سەبارەت بە دانپێدانانی مافەکانی کورد لەلایەن پێکهێنەرانی ئەڵتەرناتیڤی داهاتوو بۆ ڕێژیمی ئێران بجووڵێنەوە. هەروەک باسم کرد تێچووی مرۆیی خۆپێشاندانەکان لە کوردستان یەکجار لەسەرترە. لە ئێستادا لە کۆی ئەو چل کەسەی لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، نزیکەی نیوەیان خەڵکی کوردستان یان لوڕستانن. (لوڕەکان لە ڕووی نەتەوەیی و زمانییەوە زۆر لە کوردەوە نزیکن و بەشێکی زۆر لە کوردەکان لوڕەکان بە کورد دەزانن یان لوڕەکان کورد بە ئامۆزای خۆیان دەزانن.) جیا لەوەش لە ئێستادا لە کوردستان و باقی ئێراندا بە سەدان و بگرە هەزاران کەس دەستبەسەر کراون. ئێمە بەردەوامین لە داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخەکە و هاوکاریی خۆپێشاندەران بکەن و پێش بە سەرکوتی زیاتریان بگیرێ.

 

ڕادیۆ فەڕانسە: چەند مانگێک لەمەوبەر ئەم هاوپەیمانییەی لایەنە کوردییەکان پێکهات کە ئەم بانگەوازەشیان دا، ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە چییە؟

د. ئاسۆ حەسەنزادە: حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا ئەزموونیان لەو پەرتەوازەییە وەرگرتووە کە پاش بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی تووشی بوون. لە ئەمڕۆدا بلۆکێکی کوردیی زۆر بەهێز لە حاڵی دروستبووندایە. هێزە کوردییەکانی ئێران هەروەها لەگەڵ حیزبەکانی نوێنەری نەتەوە چەوساوەکانی ئێران و بەشێک لە هێزە چەپەکانی ئێران هاوپەیمانییان پێکهێناوە. هاوکات هەندێک هەوڵ بۆ یەکگرتوویی لەگەڵ ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماریخواز لە ئارادایە کە حازرە کۆمەڵگەی ئێران بە کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوە بناسێت و فێدرالیزم بۆ ئێرانی داهاتوو قبووڵ بکات. بەڵام گرنگە بزانین کە ئەم هێزانە هێشتا بەڕادەی پێویست لە مێدیاکاندا دیار نین. لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانتر و دیارتر چڕ دەبنەوە.

 

ڕادیۆ فەڕانسە: ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شا لە مێدیاکاندا زۆر حوزووری هەیە، ئایا ئەمە نیگەرانتان ناکا؟

د. ئاسۆ حەسەنزادە: جێگای نائومێدییە کە نزیکەی ٥٠ ساڵ پاش ڕووخانی ڕێژیمی باوکی، ڕەزا پەهلەوی هێشتا پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانەی بۆ سیستمی پێشوو نەکردووە و دیدگاکانیشی زۆر لە هی باوکی دڵخوازتر نییە. ئێستا ئایا ئێمە نیگەرانین؟ نەخێر، پێموانییە زۆرینەی خەڵکی ئێران حەزیان لە گەڕانەوەی ڕێژیمێک بێت کە بۆخۆیان ڕەتیان کردووەتەوە. بەڵام ئەوەی کە نائومێدکەرە و ڕەنگە جێگای نیگەرانیش بێت، ئەوەیە کە لە سایەی ئەو پارانەی بنەماڵەی پەهلەوی لەگەڵ خۆیانیان برد کاتێک هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات و ئێستا ڕەزا پەهلەوی لەو سەرچاوانە کەڵک وەردەگرێت بەتایبەت لە مێدیا و لۆبیکردندا بۆ سەپاندنی خۆی. بەداخەوە لە هەندێک بازنەی دیپلۆماسیی ڕۆژئاواییشدا کەسانێک هەن کە ئەو بە بەدیلێک بۆ داهاتووی ئێران دەزانن. ئەوەی نیگەرانم دەکا ئەو سیناریۆ نێودەوڵەتییەیە کە ڕەنگە بە قازانجی ناوبراو بەڕێوە بێت. بەڵام تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە پێگەی جەماوەریی ئەو هەبێت لە نێوخۆی ئێران، نیگەران نیم و پێم وا نییە خاوەنی ئەو پێگەیە بێت کە ئیدیعای دەکات.