ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، خۆپیشاندانێک پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ناوەندی شاری ڤەنکۆڤێری کانادا بەڕێوە چوو.
بۆ بەڕێوەچوونی ئەم خۆپیشاندانە کۆمیتەیەکی بەڕێوەبەری لەلایەن کوردانی دانیشتووی ڤەنکۆڤێر پێکهاتبوو کە کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا یەکێک لە ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە بووە.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و پاشان بەیان فەرشی بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و نەشمیل عەبدی بە زاراوەی کرمانجی بەخێرهاتنی بەشداربووانیان کرد.
لەم خۆپیشاندانەدا، پەیامێک بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ژینۆ کەریمی خوێندراوەیەوە و لەو پەیامەدا باس لە ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان کرا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەی دڕندانە دەستی دایە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان.
دواتر، ئەنوەر کەریمی بە نوێنەرایەتیی ناوەندی دیالۆگ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و باس لە سەرهەڵدان و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان کرا و پشتیوانی لە خەڵکی خوارووی کوردستان کە کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەرکی سەرشانی کوردانی دەرەوەی وڵات زانی و وتی دەبێ ببن بە دەنگی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات و لە کۆتاییدا بە نوێنەرایەتیی ناوەندی دیالۆگ سپاسی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی کرد.
پاشان عەگید عومەر بە نوێنەرایەتیی کوردانی ڕۆژاوا پەیامێکی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد و داوای یەکگرتوویی لە نێوان خەڵکی هەر چوار بەشی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان کرد.
لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانەدا، فایەق ئەحمەدی چەند وتەیەکی لەسەر ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و مەڵکشایی بە زاراوەی کەلهوڕی پێشکەش کرد.
لەم خۆپیشاندانەدا، هونەرمند کەماڵ شنۆیی چەندین سروودی شۆڕشگێڕیی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان پێشکەش کرد.
لە کۆتاییدا، بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە ڕێپێوانێکیان لە ناوەندی شاری ڤەنکۆڤێر بە وتنەوەی درۆشمی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە برد.
بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لە شاری ڤەنکۆڤێری کانادا