وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا بەئاماژەدان بە ڕێژەی زۆری لەسێدارەدانەکان لە ئێران نووسیویەتی: "لەسێدارەدان لە ئێراندا بابەتی دادپەروەری نییە، بەڵکوو وەکوو کەرەستەی ترس و سەرکوتی زیاتری خەڵک بەکار دەهێندرێت".
لاپەڕەی فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"دا نووسیویەتی: "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت کۆتایی بەو ڕەوتە بێبەزەییانە بێنێت و ڕێز لە مافی بنەڕەتیی هەموو ئێرانییەکان بگرێت".
ئەو وەزارەتەی ئەمریکا لەو بەیاننامەدا باسی لەوە کردووە کە "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ١٩٠٠ کەسی لە ئەمساڵی زایینیدا لە سێدارە داوە کە بەنیسبەت ساڵی ٢٠٢٤ دوو قات زیاتر لەو ڕێژەیە".
هەروەها لەو بەیاننامەدا باس لە لەسێدارەدانی ژنان و منداڵان کراوە و نووسیویەتی: "زۆربەی حاڵەتەکانی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بەبێ هیچ پێڕاگەیشتنێکی دادپەروەرانە و لەژێر گوشاری دانپێدانانی زۆرەملێ، تۆمەتی بێبنەما، بەشێوەی نهێنی و بە هۆکاری سیاسییەوە جێبەجێ کراون".
جێی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی بەربڵاوی دژبەرەکانی و بە ئامانجی پێشگرتن لە بزووتنەوەی گشتگیری خەڵک لەم چەند مانگەدا کەڵکی لە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان وەرگرتووە.
ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا لە ئاستێکدایە کە پێشتر ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ بەندکراو تەنیا لە ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانبار لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمدا کردبوو.