کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لە شاری کۆڵنی ئاڵمان

11:08 - 22 بەفرانبار 2725

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٠/١/٢٠٢٦) بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی شۆڕش و خەباتی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران دژ بە هەژاری، بێکاری، گرانی، داڕمانی ئابووری، هەڵاوسانی بێسنوور و سەرلەبەری پێکهاتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەروەها سەرکۆنەکردنی تاوانەکانی ڕێژیم لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران، خۆپێشاندانێک لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بە هاوکاریی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو. ئەم پێنج حیزبە بریتی بوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵه، حیزبی کۆمۆنیست کارگەری ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو میتینگە لەلایەن خاتوو بەهار حوسێنی خوێندرایەوە.  پاشان بەمەبەستی مەحکوومکردنی جینایاتی ڕێژیمی ئیسلامی و هەروەها جینایات و ژینۆسایدی ڕێژیمی ئەحمەد شەرع بەرامبەر خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و یەک لەوان شیخ مەقسوود به سەدان وتار لە جینایات و کارەساتەکان و کارنامەی ڕەشی ٤٧ ساڵەی ڕێژیمی ئیسلامی ئاخوندیی ئێران بەرامبەر بە گەلانی ئێران بەتایبەت کوردستان کە بە زمانی ئاڵمانی چاپ کرابوو، لەنێو خەڵکی ئاڵمانیدا بڵاو کرانەوە.

لە کۆتاییدا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی بەشدار پەیام و پاڵپشتیی خۆیان لە خەڵكی ڕاپەڕیو ڕاگەیاند.