کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوێستان گادانی و ئەمیر باباخانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی"VG" ی نۆروێژی : ناڕەزایەتییەکانی ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێوە

11:15 - 22 بەفرانبار 2725

ڕۆژنامەی "VG" ی نۆروێژی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێرانی بە یەکێک لە گرفتە جیددیی و سەرەکییەکان وەسف کردووە کە ڕووبەرووی دەسەڵاتداران بووەتەوە. ڕۆژنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرفراوانیی سەرهەڵدانەکان لە شارەکانی ئێران، وای کردووە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لێکدانەوەیەکی جیاوازتر لە قۆناغەکانی پێشوویان بۆ بکرێ.

لەو پێوەندییەدا، VG  ڕۆژی شەممە لە ئۆسلۆ لە خۆپێشاندانی پشتیوانیی لایەنە کوردییەکان لە خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، لەگەڵ چالاکانی سیاسیی کورد گفتوگۆی کردووە. لەم ڕاپۆرتەدا، دوکتۆر کوێستان گادانی، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەڵێت ناڕەزایەتییەکانی ئێستا تەنها سنووردار بە شارە گەورەکان یان گرووپێکی دیاریکراو نین.

بەڕێزیان بە VGی وتووە: " ئەمجارە تەنها چالاکوانانی سیاسی یا خوێندکاران نین کە هاتوونەتە سەر شەقامەکان، بەڵکوو خەڵکی ئاسایی لە سەرانسەری وڵاتدا دەنگی ناڕەزایەتیان بەرز کردووە".

ئەو جەختی لەوە کردەوە کە بڵاوبوونەوەی خۆپێشاندانەکان بۆ ناوچە جیاوازەکان نیشانەی قووڵیی ناڕازیبوونی گشتییە و وتی: «خەڵک گەیشتوونەتە ئاستێک کە چیتر بەرگەی ئەو دۆخەی ئێستا ناگرن و خەڵک بە تەواوی لەو بارودۆخەی وڵات بێزارن."

لە بەشی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، ئەمیر باباخانی، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوی حیزب بۆ ڕۆژنامەی VG باس لەوە دەکات کە هەموو کات ناوچە کوردییەکان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندانەکاندا بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێن. بە وتەی ناوبراو، شارەکانی مەڵکشایی، کرماشان، ئیلام و باقی شوێنەکانی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ناوچەکانی دیکە بەر هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان کەوتوون.

باباخانی ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەت و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ لە نۆروێژ نابێ سەبارەت بەو جەنایەتانەی ڕێژیمی ئێران بێ‌هەڵوێست بن. بە تایبەت لە ئێستادا کە بە هۆی پچڕانی ئینتێرنێت و هێڵی تلفۆن کەس ئاگاداری ناوخۆی ئێران نییە کە چ دەقەومێ و بارودۆخەکە ناسەقامگیرە هەروەها ناوبراو داوای  پشتیوانیی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی دەوڵەتی نۆروێژ کرد کە هەموو کات بۆ چارەسەری کێشە نێونەتەوەییەکان دەسپێشخەر بووە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، گادانی و باباخانی هەردووکیان جەخت دەکەنەوە کە ئامانجی خۆپێشاندەران ڕوونە: "ڕووخانی حکوومەت و هاتنەسەرکاری سیستمێکی دێموکرات کە ئازادی و مافەکانی هەموو نەتەوەکان تێیدا پارێزراو بێت".