دوابەدوای دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان و لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای کرماشان بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٢٧ هاووڵاتی لە کرماشان، هەرسین و سەرپیڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە لەلایەن کوردپاوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەپێێ ئامارەکان ١١ لە کرماشان، ٨ کەس لە هەرسین و ٧ کەس لە سەرپیڵ و یەک کەس لە شاباد دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
بەپێی زانیارییەکان، دەسبەسەرکراوانی کرماسان بریتین لە: یوونس جەمشیدی، میلاد شیرازی، نەوید ڕۆستەمی و مەهسا زارعی.
لە ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم باسیان لە دەسبەسەرکرانی ٧ کەس لە کرماشان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا کرد و ئەوانیان "سەر بە گرووپە دژبەرەکان و ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات" ناو برد. لەم میدیایانەدا ئاماژەیەک بە ناوی کەسەکان نەکراوە و سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لە هەرسین بەپێی ئامارەکان ٨ کەس دەسبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون کە بریتین لە: ڕەحمان ئازەرەنگ، سەجاد کاکایی، شاپوور ڕەشیدی و مێهدی بالی، محەممەدمێهدی کەرەمی، زاهێد ئەفشاری، یووسف کاکاوەند و نوورەدین مووسازاده.
لە شاری سەرپێڵ، ٧ هاووڵاتی به ناوەکانی مێهدی کەریمی، جەبار جەمشیدی، قائم بەدری، مەسعوود ئاقایی، ئەحەد مورادی، ئێسفەندیار سەروەری وعەسکەر نەجەفی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزەکانی رێژیمیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."
ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان. لە ڕۆژانی دواتردا، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە زیاتر لە ١٠ هەتا ١٥ شار لەوانە، تاران، ئێسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، هەمەدان، کرماشان، ئەهواز، ئەراک، نەجەف ئاباد، فوولادشار، مارلیک، ئیزە، نوورئابادی مەمەسەنی، فەسا، یەزد، زەنجان و قوم. پرسی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.