وتووێژ: شەماڵ تەرغیبی (کوردکاناڵ)
کوردکاناڵ: بینەرانی خۆشەویستی کوردکاناڵ ئەم کاتەتان باش. کوردستانیانی هێژا! لە دیدارێکی تایبەتدا لە خزمەت ئێوەی خۆشەویستداین. دەمانهەوێ کۆمەڵێک پرسیاری جیدی و ڕیشەیی بورووژێنین، لە پەیوەندی لەگەڵ قۆناغی ئێستای خەبات و تێکۆشان دژ بە کۆماری ئیسلامی، ڕاپەڕینی ئێستای سەر شەقامەکان، ئەرکەکانی حیزبی دێموکرات، چاوەڕوانییەکانی خەڵک، ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئێران و کوردستان دژ بە ڕێژیم، بە میوانداریی هاوڕێی بەڕێز کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. کاک خالید گیان زۆر بەخێر بێیت.
زۆر سپاس بۆ ئێوە و ماندوو نەبن. هەروەها سڵاوم بۆ بینەرانی کوردکاناڵ هەیە. جێگای خۆیەتی هەر بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە هەموو بنەماڵەی قوربانیانی ئەو جووڵانەوەیە بکەم و هیوای ساغی و سڵامەتی بۆ بریندارەکان بخوازم.
کاک خالید! بۆ ئەم پرسیارە و دەسپێکی ئەم بەرنامەیە، من پێشتر چەند جارێکی دیکە کە لە خزمەت جەنابتاندا بووم یا پێکەوە بەرنامەمان کردووە یا لە شوێنێکی دیکە جەنابت لێدوانت داوە و گفتوگۆمان کردبوو، بەردەوام پێداگر بوون لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئەگەر بڕیار بێ بە ڕاپەڕینی خەڵک و بە خۆپیشاندان بڕووخێ، ئەو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینانە بە دڵنیاییەوە دەبێ لە شارە گەورەکانەوە دەست پێ بکات و دواتر شۆڕ ببێتەوە بۆ نێو شارە بچووکترەکان. ئێستا ئەو پێشبینییە و ئەو قسەی جەنابت وەدی هاتووە. ڕاپەڕین لە تاران، لە پایتەختی ئێران لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکرد و وردە وردە شارەکانی دیکەی تەنیوە. لە ئێستادا دەبێ چی بکرێت و ئەرکی خەڵک چییە؟
لە ڕاستیدا لە درێژەی سیاسەتە دروستەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، سەرەڕای خەبات و تێکۆشانێکی یەکجار زۆری ئێمە و کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ئەو نیزامە، هەمیشە گوتوومانە نیزامی کۆماری ئیسلامی کاتێک دەڕووخێ یا بەرەو ڕووخان دەچێ کە ئەو جووڵانەوەیە گشتگیر بێ و بەتایبەت لە پایتەخت و شارە گەورەکان دەست پێ بکا. بە خۆشییەوە ئێستا کەوتۆتە قۆناغێکەوە لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران ئەو جووڵانەوەیە لەگۆڕێدایە و بەتایبەت پایتەختیشی گرتۆتەوە، کێشەیەکی گەورەشی لەنێو دەسەڵاتدا دروست کردووە. جا ئەگەر وایە ئەو جووڵانەوەیە زوو یا درەنگ کۆتایی بەو نیزامە دێنێ. زوو بەو مانایە گەیشتۆتە قۆناغێک تازە نیزامی کۆماری ئیسلامی، سیستم و ئیدارە و کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، ناگەڕێتەوە پێش ئەو جووڵانەوەیە، بەڵکوو بەرەو پێشەوە چووە. ئێستا تەنیا ماوەتەوە ئەوە کە ئەو جووڵانەوەیە چۆن لە مەیداندا لە سەرانسەری ئێراندا بە جۆرێک بەڕێوە ببردرێت کە ئەو بەڕێوەبردنە یەکڕیزیی کۆمەڵانی خەڵک ڕابگرێ و ڕۆژ بە ڕۆژ بتوانێ بە بەرنامەیەکی باش بچێتە پێشەوە و لەسەر پێداگری و پشتگیریی ئێمە کە گوتوومانە جووڵانەوە دەبێ لە نێوخۆی وڵاتدا بێ و بەرەو ئەوە بچێ لە نێوخۆی وڵاتیشدا یەکگرتووتر و بە بەرنامەتر بڕواتە پێشەوە. جا بۆیە لەو پەیوەندییەدا ئەو جووڵانەوەیە لەو ئاستەدا دەبینین ئێستا.
باشە ئەو بەرنامەیەی کە جەنابت باسی دەکەی کاک خالید بڕیارە لەلایەن کێوە داڕێژرێ یا لە بنەڕەتدا خۆڕسکە و لەنێو خەڵکدا شێوەی گرت؟
جووڵانەوەکە خۆڕسک بوو، لەنێو خەڵکدا شکڵی گرت. دوو بنەمای سەرەکی کە هۆکاری ئەو جووڵانەوەیە بوون؛ یەکێکیان کە دەڵێن "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، ئەوە دەربڕین بوو، لە ئێراندا زۆر ئاساییە، لە شەقامەکانی ئێراندا ئەوە پەیامێکی سیاسییە. دووەمیش بەهۆی وەزعییەتی زۆر خراپی گوزەرانی ژیانێکی خەڵک و ئەوەی کە سەروەت و سامانی وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێران، کۆماری ئیسلامی بردی و خستییە خزمەت مافیا و تیرۆریزمەوە. ئەوەندەی پەیوەندی بە دروشمی یەکەمەوە هەیە، ئەوە پەیامێکی سیاسییە. ئەو پەیامە سیاسییە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵات، نوخبە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵات، ئەوانەی کە لە نێوخۆی وڵات بە تاک و بە کۆمەڵ کار دەکەن و ئەوانەی لە دەرەوەش کۆمەکیان پێ دەکرێ، لە نێوخۆیدا وردە وردە بەرەو ئەوە دەچێت. ئێمە گەشبینین بەوەی کە مادام جووڵانەوەکە ئاوا دەردەبڕدرێ و خەڵک لە مەیداندایە، بە تێپەڕبوونی کات بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگییەکی زۆرتر، پەیامێکی هاوبەش و کارکردن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان پەرە دەسێنێ و حیزبی دێموکرات لە ڕابردوودا؛ پێش ئەو جووڵانەوەی ئێستاش کارێکی زۆری بۆ ئەوە کردووە، لەمەوبەدوا دەبێ پتر و جیدیتر کاری بۆ بکەین.
هاتینە سەر بابەتی حیزبی دێموکرات، حیزبی دێموکرات لە ئێستادا لە پانتایی سیاسیی ئێران دەتوانین بڵێین دێرینترین حیزبی چالاک و زیندوو و داینامیکە و بە سروشتی هەر ئەم تایبەتمەندییە وای لێ دەکات کە چاوەڕوانییەکی زۆریشی لێ هەبێ. مەبەستم لەلایەن خەڵکی ئێران و بەتایبەتتر خەڵکی کوردستانە. پلان و بەرنامەی حیزبی دێموکرات بۆ بەڕێوەبردنی ئەو قۆناغە چۆنە، چییە و پلانەکان بە گشتی چین؟
ئێمە ڕێک پێنج - شەش مانگ پێش ئێستا هەشتا ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانمان یاد کردەوە و دە ڕۆژی دیکە هەشتا ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان یاد دەکەینەوە، هەر ئەو کۆمارەی کە حیزبی دێموکرات دروستی کرد. ئەوە بەو مانایە؛ بیری ڕێکخستن و خۆڕێکخستن و حیزبایەتی لەنێو ئێمەی کورد بە گشتی و لە عەقڵییەتی حیزبی دێموکراتدا بەهێزە. ئەگەر ئێمە ئەوە شۆڕ کەینەوە بۆ هەموو ئێران لە نێوخۆی وڵات، بەتایبەت ئەرکی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵاتە کە بە پەیوەندیی ڕۆژانە لەگەڵ لایەنەکانی ئێرانی کە ئێستا هاتوونەتە سەر شەقام و بابەتی هاوبەشیان زۆرە، تێکۆشن ئەوە بەرینتر بکەنەوە. مادام خەڵک توانای ئەوەی هەیە خۆپیشاندان بکا و تەحەمولی کێشەی زۆر و تەنانەت قوربانی بکا، بە تێپەڕبوونی کات بیرۆکەی بابەتێک لە نێوخۆی وڵات و بە هاوکاری و هەماهەنگی هەموو تێکۆشەرانی ئێران جیاواز لەوەی فارسن، کوردن، تورکن، شیعەن، سوننەن، یارسانن دروست بکەن، ئەوە پەرە دەستێنێ. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات ئەزموونێکی دیکە کە هەمانە هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بانگەوازی هاوبەشی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە گشتی کە لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا، ئەوە نیشان دەدا کە مادام یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەبێ لە چوارچێوەی دامەزراوە و حیزبەکاندا، خەڵک بە متمانەیەکی زۆرتر دێنە سەر شەقام، چونکە دەزانن ئەگەر ئەو نیزامە بڕووخێ، چی جێی دەگرێتەوە. ئێمە دەبێ ئەوە قبووڵ بکەین؛ ئێستاش ئەو دڵەڕاوکێیە هەیە، ئەگەر نیزام بڕووخێ، ئێران چی لێ دێ و بەرەو کوێ دەڕوا؟! ئێستا گرنگ ئەوەیە قورساییەکە لەسەر ئەوە بێ کە یەکڕیزی ڕابگرین و ئەو نیزامە بڕووخێ، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەوە نابێ لەبیر بکەین خۆڕێکخستن و دروستکردنیش سەرانسەری ئێران بگرێتەوە. نابێ هەر چاوەڕوانی ئەو حیزب و لایەنانە بن کە لە دەرەوەی وڵات کار دەکەن.
کاک خالید! بە درێژایی چل و حەوت ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێ ئەگەر بڵێین ئەمە زێڕینترین دەرفەتە کە هاتووەتە پێش بۆ هەموو گەلانی ئێران، بۆ ئەوەی ئەو نەگبەتییەی کە بە کۆماری ئیسلامی دەناسرێت، لە مل و کۆڵی خۆیان بکەنەوە. ئایا حیزبی دێموکرات لە ئێستادا ئەم دەرفەتە چۆن دەبینێت؟ و سروشتییە کە کۆمەڵێکیش ئاستەنگ لەبەردەم ڕێگەی تێکۆشەران و خەباتکارانی ڕێگەی ئازادی بوونی هەبێ. ئاستەنگەکان چین، دەرفەتەکان چین و بە گشتی پلان و بەرنامەی ئێوە بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکان و لە هەمان کاتیشدا قۆستنەوەی دەرفەتەکان چییە؟
با لە دەرفەتەکانەوە دەست پێ بکەم، چونکە دەرفەتەکان پەیامی گەشبینی و خۆشبینی تێدایە. لە ڕابردووی ئەو نزیک بە چل و شەش ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵانی خەڵک، بەتایبەت خەڵکی کوردستان لەدژی ئەو نیزامە بێگومان دەرفەت زۆر هاتۆتە پێش. ئێرانێک کە ئەزموونی دێموکراسی نەبوو، ئەزموونی دامەزراوە و دێموکراسی تێدا نەبوو، کۆمەڵگەیەک کە زۆر تەیفی جۆراوجۆری هەیە، تا ڕادەیەکی زۆر جەمسەرگیری تێدا بوو، دەرفەتەکانی لە ڕابردوودا زۆر کەم بوون و لەکیس دەچوون. بەڵام لە درێژەدا کەشوهەوای کۆمەڵگەیەکی هەمەڕەنگ لە ئێران کە فرەنەتەوەییە، فرەچەشنییە، فرەئایینییە، فرەیی و هەمەڕەنگی تێدا بەهێزە، ئەوا دەتوانێت دەرفەت بێت، بەو مانایە کە ئێستا هەموو لایەک بەدەر لەو جیاوازیانەی ئاماژەمان پێدان، لە مەیدان و خەباتدان و دژی ئەو نیزامە دەچێتە پێش. جا هەر دەرفەتەکان پەیاممان پێ دەدا کە ئەو نیزامە زوو یا درەنگ گەیشتۆتە دوایین ڕۆژەکانی تەمەنی خۆی. چونکە گوتم تازە ناگەڕێتەوە ڕابردوو. دەرفەتەکان ئەوەن کە ئێستا خەڵک پێویستیان بە یەکڕیزی هەیە، چۆن ئێمە ئەو پەیامە وەربگرین بۆ هەموو لایەنەکان کە بڵێن بچینە قۆناغی دووهەمەوە، واتە یەکڕیزی یەکگرتوویی. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو باوەڕەداین دەبێت هەموو لایەکمان بەیەکەوە ئێران دروست بکەینەوە. لەم پێوەندییەدا ئەگەر پۆلێنبەندی بکەین ئێمە دەبێت لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بیر بکەینەوە نەک لەسەر جیاوازییەکان. جیاوازییەکان لە داهاتووشدا هەر دەبن؛ لە دروستکردنەوەی ئێران و نووسینی یاسای بنەڕەتی و چەند و چۆنی ئیدارەی سیاسی ئێران، بەڵام ئێستا خاڵە هاوبەشەکانن کە زۆرتر ئەسڵن و خاڵە هاوبەشەکانن کە بۆ ئێمە دەبنە بنەما. جیاواز لە دروشمی جۆراوجۆری سەر شەقامەکان، جیاواز لەوەی کە حیزب و لایەنە جیاوازەکان هێمای جیاوازی خۆیان بەرز دەکەنەوە و دروشمی جیاوازی خۆیان دەدەن. لەسەر ئەوە پێداگر بن کە ئێستا ئەسڵ لەسەر ئەوەیە کە ئەو نیزامە بڕوا و دەبێت ئێمە ئامادەیی سازشمان هەبێ لەگەڵ یەکتر، دەبێت لای ئێمە ئامادەیی باسی کولتووری ڕێککەوتنمان هەبێت بۆ داهاتووی ئێران. ئێرانی داهاتوو بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکتر دروست دەبێ. ئەوە سروشت و ئەزموونی نیزامێک یا وڵاتێک یا چوارچێوەیەکی جوگرافیاییە. فرەچەشنی تێدا هەیە. ئێمە لە ڕابردووشدا وەک حیزبی دێموکرات بۆ ئەو باسانە لەسەر خەت بووینە، لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدا بووینە، ئەو بیرۆکەمان هێناوەتە گۆڕێ، تەنانەت گوتوومانە تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە خەبات و تێکۆشان دژی نیزامی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە ئێمە خەتی سوور دانانین بەڵام بۆچوون و داوا و ویست و داخوازیی خۆمان هەیە وەک کورد. لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینە و لەژێر ڕۆشنایی ئەزموونی ئەو دە ڕۆژە بەتایبەت دوو سێ ڕۆژی ڕابردوو، ئێمە دەچینە قۆناغێکی دیکە و هیوادارم حیزبی دێموکرات بە نۆرەی خۆی و "ناوەندی دیالۆگ"یش هەروەها بە نۆرەی خۆی دەرگای دیکە بکەینەوە و چەندوچۆنی هێنانە گۆڕی ڕێکخستنی خاڵە هاوبەشەکان بۆ داهاتووی ئێران. ئەمڕۆژانە ڕووداوەکان خێرا دەچنە پێشێ، مادام ڕووداوەکان خێران ئەوە پەیام دەدا بە لایەنە سیاسییەکان خێراتر بن و ئێمە لەسەر ئەو بابەتانە کار دەکەین، هەر ئێستا و لەو پەیوەندیدا لەگەڵ لایەنی جۆراوجۆر لەسەر خەتین.
زۆر جار هەر لەسەر زاری بەرپرسانی حیزبی دێموکراتەوە ئێمە گوێبیستی ئەوە بووین کە ئەوەی لە داهاتوودا دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێ، لە ڕاستیدا هێزە و، هێزیش زۆر سروشتییە کە لە یەکگرتووییدایە. ئەمەی کە ئاماژەتان پێکرد مەسەلەی ناوەندی دیالۆگ هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ خەڵکی کوردستان و ئەنجامەکەشیمان بینی لە دوای بانگەوازی داواکارییەکانی ناوەندی دیالۆگ ڕوو لە خەڵک بۆ پەیوەستبوون بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان. بینیمان کە خەڵک یەکدەست حەماسەیان خوڵقاند و وڵامی ئەرێنییان بە ناوەندی دیالۆگ دایەوە. لەمەوبەدوا هەنگاوەکانی ناوەندی دیالۆگ لای ئێوە چی دەبێ و چۆن دەتوانن بە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەی کە دروست بوو، بجووڵێنەوە؟
هەروەک ئاماژەم پێدا، خێرایی و بەربڵاوی و لە مەیداندا بوونی کۆمەڵانی خەڵک ئەرک بۆ لایەنە سیاسییەکان دروست دەکا. بە خۆشییەوە هەموو لایەکمان زۆرتر بەو قەناعەتە گەیشتووین کە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی ئێمە لە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، نێوخۆی وڵاتە. هەمیشە گوتوومانە؛ هەماهەنگی و هاوکاری و یەکڕیزی لە نێوخۆی وڵات، دەتوانێ بنەمایەکی باش بن بۆ داهاتوو. خەبات و تێکۆشان و خۆپێشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتی لە ڕابردووشدا هەبوو، ئێستا بەوپەڕی خۆی گەیشتووە. پێویستە ئێمە زۆرتر سەرنجی بدەین، خاڵێکی زۆر زۆر گرنگ ئەوەیە لە حاڵەتێکی وادا ئەسڵ لەسەر بەردەوامییە. بۆ دەڵێم ئەسڵ لەسەر بەردەوامییە؟ بەشێک لەو خۆپێشاندانانە نەتیجەی تووڕەبوونە، نەتیجەی ناڕەزایەتییە، نەتیجەی وەزاڵەهاتنی خەڵکە و خۆڕسک کەوتوونەتە نێو مەیدان. چۆن ئێمە دەتوانین ئەوە بە شێوەیەک ڕابگرین و بەردەوام بێتە پێشەوە، چۆن دەتوانین بە سروشتی وەزعییەتەکە لە نێوخۆی ئێران و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژ و ڕۆژانێک دروشم و پەیاممان هەبێت و هەوڵێک بێ کە لە مەیداندا بێ؟ ئەوە پێویستی بە خوێندنەوە و خەسارناسی هەیە. هیوادارم ئێمە بە دەرەجەی یەکەم لەنێو حیزبی دێموکراتدا و بە دەرەجەی دووهەم لەنێو ناوەندی دیالۆگ و لایەنە سیاسییەکاندا خۆمان لەو قۆناغەدا ببینین کە لە ئاستی خۆماندا بەڕێوەبردن و ڕێبەریی ئەو جووڵانەوە و ناڕەزایەتییە لە نێوخۆی کوردستان بکەین. بۆ دەڵێم دەبێ ئەوە بکەین؟ هەروەک گوتم ڕووداوەکانی ئەو دوازدە - سێزدە ڕۆژە بەتایبەت ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی و تەنانەت ئەمڕۆ پەیامێکی جیدی داوە. ئەوە هەندێک خاڵ زەق دەبێتەوە و هەماهەنگی و هاوکاری و یەکڕیزی لە نێوخۆی وڵات، چەندوچۆنی هاندان و میکانیزمەکانی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان خەڵکی کوردستان و لایەنەکانی دیکە. گرنگە خەڵکی ئێمە لەگەڵ خەڵکی دانیشتووی تاران و شارە گەورەکان، ئەوانەی کە لەو مەیدانانەدا کار دەکەن پەیوەندی باشیان هەبێ. گرنگە لەو هەلومەرجە و لەو وەزعییەتەدا کە هەین تورکی ئازەربایجان و کورد بەگشتی لەگەڵ یەک پەیوەندییان باشتر بێ، لەگەڵ یەک هاوکاری و هەماهەنگییان زۆرتر بێ. گرنگە هەر لەو حاڵەتەدا کە ئێمە تێیدا هەین جا وەک حیزبی دێموکرات جا وەک ناوەندی دیالۆگ یان خەڵکی کوردستانی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بتوانین پەیام و بۆچوونی خۆمانمان هەبێ. گرنگە لەو حاڵەتەی کە ئێستا تێیدا هەین بە حوزوور لە ماسمیدیای کوردی، فارسی، ئینگلیزی بتوانین نیشانەکانی ئەو وەزعییەتە بەرجەستە بکەینەوە. لە هەموو ئەوانەدا ئەو چاوەڕوانییەشمان هەبێ؛ ڕەنگە سبەینێ ئەرکێکی دیکەمان پێ بێت. ڕووداوەکان بە خێرایی دێنە پێشێ و مادام بە خێرایی دێنە پێشێ نیزام کاردانەوەی دەبێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لێ دەکا و دەبێ خۆمان لە مەیداندا بین. واتە ئامادەیی ئەوەمان هەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا تەنانەت دواتریش چۆن مامەڵە لەگەڵ وەزعییەتەکە بکەین. ئەوە بە چی جێبەجێ دەبێ؟ ڕۆژانە لەسەر خەت بین، ڕۆژانە باس بکەین ئامادەیی خەسارناسیمان هەبێ و شتی تازەمان هەبێت.
کاک خالید! یەکێک لەو بابەتانەی کە گرنگ و بەرچاوە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لەملاولا زۆر باسی لێوەکراوە، ئەو فاکتەرە دەرەکییانەن کە دەتوانن ڕەوتی ڕووداوەکان لە ئێران خێراتر بکەن و دەتوانن لە ڕووی دەروونی و بەتایبەتی کاریگەری پۆزەتیڤیان هەبێ. یەکێک لەوانە کە ئاشکرایە بە جۆرێک پشتیوانی دەربڕینی دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا لە خەڵکی ڕاپەڕیو لە ئێران و لە هەمان کاتیشدا هەڵوێستەکانی وڵاتی ئیسرائیل، وڵاتێکە لە شەڕێکی دوازدە ڕۆژەدا توانی کۆماری ئیسلامی بەجۆرێک لە جۆرەکان بە چۆکدا بێنێ. هەڵوێستی پۆزەتیڤی وڵاتانی ئورووپا و بەگشتی ئەو فاکتەرە دەرەکییانە ئێوە چۆن لێک دەدەنەوە و چەندە دەتوانێ کاریگەری و شوێندانەریی هەبێ لەسەر بارودۆخی ئێستا و داهاتووی ئێران؟
ئەگەر پێناسەیەکی کورت بکەم لە عەقڵییەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی و خەون و خەیاڵاتی خامنەیی و جوگرافیای ئێران لە ناوچەیەکی هەستیاری دونیادا بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵێ فاکتۆری دەرەکی بێکاریگەر نییە. تا ئێستا ڕوانگەی فاکتۆری دەرەکی لە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا سنووردار بووەتەوە بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەرنامەی مووشەکیی ئێران و هێزە نیابەتییەکان کە ئێران لە ناوچەکە کەڵکی لێ وەردەگرتن و لەو بوارەدا تا ڕادەیەکی زۆر ئێران فەلەج کراوە تا ڕادەیەکی زۆر ئەوە بە نەتیجە گەیشتووە. لێدانی بەشەکانی ئەتۆمیی ئێران، مووشەکیی ئێران، لێدانی ڕەهبەرانی نیزامیی ئێران و کورتکردنەوەی دەست و پەیوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکە. بەڵام کارەکە تەواو نەبووە، ئەسڵی کارەکە خەڵکی ئێران تەواوی دەکات. ئەوەی کە ئێستا ئێران لێی نیگەرانە و داهاتووی خۆی لە خەتەردا دەبینێت ڕێک ئەوەیە، پەیامی سەرۆکی کۆماری ئەمریکا بە بڕوای من شتێکی باش بوو. ئەویش ئەوەیە کە هەڕەشەیەک دەکا لە ئێران ئەگەر سەرکوت لە خەڵکی بکات، ئەوە بە جۆرێک پەیامێکە بۆ ئێران کە دونیای دەوروبەر بەتایبەت زلهێزەکانی وەک ئەمریکا بێتەفاوت نییە. بە سروشتی، من لەو باوەڕەدام لە هەموو ئەو قەیرانەدا کۆماری ئیسلامی کە خومەینی کاتی خۆی وتی "شەڕ نیعمەتێکی ئیلاهییە"، و خامنەیی لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا ئێستاش شەڕ دەکڕێت. ئەگەر لێیان بپرسی ئێستا پێیان خۆشە، لەو حاڵەتەدا ئەمریکا هێرشیان بکاتە سەر، ئیسرائیل هێرشیان بکاتە سەر، بۆ؟ بۆ ئەوەی بڵێ کە ئەو جووڵانەوە بەربڵاو و جەماوەری و ناڕەزایەتییەی کە سەرتاپای ئێرانی گرتووەتەوە و خەڵک بۆ خۆی لە مەیداندایە، بە لاڕێدا ببات. یەکێک لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە ئەوەیە تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە ئەزموونی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، ئەوەیە کە لەگەڵ خەڵک ڕووبەڕوویە، تێدەکۆشێ سیناریۆی خەیاڵی دروست بکات و وای دەگەیەنێ کە ئێران لەژێر مەترسیدایە، ئێران پارچە دەکرێ!! بۆیە من پێم وایە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتیوانیی سیاسی، پشتیوانیی دەروونی، پشتیوانی لە خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر، هەروەها شێوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شتێکی بەرحەقە، دەڵێ خەڵک خۆپێشاندان دەکەن حەقی خۆیانە، ئێوە بۆ لێیان دەدەن بۆ دەیانکوژن. مادام ئاوا بێت، ئەوە چاوەڕوان دەکرێ لەوان و هیوادارین لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆرتر بێتە پێشەوە و لە نێوخۆی وڵات لە سەرانسەری ئێران بەتایبەت لە کوردستان نەهێڵین ئەو خەونەی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ بێ کە ڕووداوەکان وای لێ بکا وای بە ئەمنییەتی بکا شەڕ بە خەڵک بفرۆشێ و شەڕ بکرێ، ئەوە گرنگە. شەڕ بە قازانجی کۆماری ئیسلامییە، خۆی لەوەدا دەبینێت. مەگەر شەڕێک بێتە گۆڕێ، هاوکێشە بێتە گۆڕێ کە یەکلایی بکاتەوە و ئەو شەڕەی دوازدە ڕۆژەی ئیسرائیلیش نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئیعتیبار خست. پەیامێکی باش بوو بۆ خەڵک کە ئەو نیزام و مووشەکانەی هیچ مانایەکی نییە. بۆیە ئێستا ئامادەیی خەڵک هەیە، بەخۆشییەوە ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتدا هەیە لە هەموو لایەک داوا دەکەن پشتیوانی لەو جووڵانەوەیە بکەن. هاوکاریکردنی خەڵکە ئێستا بەشێکی بە ئینتەرنێتە، کۆماری ئیسلامی ئینتەرنێت لە خەڵک دەپچڕێنێ. سیستمی تەکنەلۆژیای جیهانی ئەوەندە چووەتە پێشێ کە لە داهاتوودا داپۆشینێکی بۆ دانابێ بۆ ئێران بەتایبەت ئەمریکا و لایەنەکانی دیکە خەڵک دەستیان بە ئینتەرنێت بگات، ئەگەر ئەوە بکرێت شتێکی زۆر باشە.
وەک دوا پرسیار کە گرنگییەکی تایبەتیشی هەیە لای بینەرانی خۆشەویست، گرنگە کە لەسەر زاری وتەبێژی حیزبی دێموکراتەوە بیبیستن، ئایندەی ئێران و ئایندەی کورد لە کوردستانی ئێران بەرەو چ ئاقارێک دەچێت؟
لە هەموو ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەدا لە ئاستی ئێران و لە ئاستی کوردستان بۆ حیزبێکی سیاسی، بۆ جووڵانەوەیەکی سیاسی، دەبێ یەک فاکتۆری جیدی لەبەرچاو بێ. ئەویش ئەوەیە؛ ئەو نیزامە کە حەتمەن دەڕووخێ، ئێران چی بەسەر دێ؟ ئەو نیزامە دەڕووخێ، کێ جێی دەگرێتەوە؟ تا ئەو جێیەی پەیوەندی بە ئەرکی خەڵک و بەربڵاوی و ئەبعادی زۆر بەربڵاوی ئەو جووڵانەوەیە لە نێوخۆی وڵات و لە کوردستان هەیە، بە ڕاستی خەڵک کاری خۆیان کردووە و دەشیکەن. گلەیی لەسەر خەڵک نییە. گلەییەکە دێتەوە سەر ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە لە نێوخۆی وڵات، تێکۆشەرانی خەتی پێشەوەی ئەو جووڵانەوەیە لە نێوخۆی وڵات، ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە. ئەوەندە پێوەندی بە دەرەوە بێ، ئێمەی کورد، حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە بە هاوتەریبی ئەو جووڵانەوەیە دەبێ بیر لە ئایندەی ئێران بکەینەوە. دوو سیناریۆ پێشبینی دەکرێ. سیناریۆیەک وایە کە ئەو نیزامە بڕووخێ، نەمێنێ، ئێران بشێوێ، بەڵام مەعلووم نییە کێ و چی جێی دەگرێتەوە یا ئەو لایەنەی جێی دەگرێتەوە، ئەوەندە ئیعتیبار و پێگەی لە نێوخۆی خەڵکدا باش نەبێ و نەتوانێ باش ئیدارە بکا. ئەو سیناریۆیە هیوادارم ئەگەر ڕوو بدا ئاوا ڕوو بدا کە ئامادەیی جێگرەوە هەبێ، ئاڵتەرناتیڤێک هەبێ. لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەزموونی ئینقلابی پێشوو و ئەزموونی ئەوەی کە ئێستا دەچێتە پێشەوە دەبێ ئەوەمان پێ بڵێت، ئێستا ئێمە دەبێ ئامادەییمان هەبێ، لانیکەم نیزام و سیستمی داهاتوو بە شێوەی تەوافوقی دەبێ ببێت. تەوافوقی بۆ ئێمە مانای خۆی هەیە، لە کاتی خۆیدا دەپەرژێینە سەر چەندوچۆنیی سیستمی ئیدارەی وڵات. بۆ ئێستا پێویستە هەموو خەبات و تێکۆشانمان لە پێناو ڕووخانی ئەو نیزامەدا بێت. بەڵام ئەوە بکەوێتە نێو بازاڕی سیاسەت لە ئێران، لە نێوخۆی وڵات، لە دەرەوە، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، ئێران فرەیی و هەمەڕەنگی زۆری تێدایە و تا ئەو لایەنانە بە تەوافوق لەگەڵ یەک پێک نەگەن، ئەو جوگرافیای سیاسییەی ئێران بە ئاسانی ئیدارە ناکرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئێمەی کورد بە گشتی، هەروەک لە نێوخۆماندا یەکگرتووییمان هەیە، ئامادەییمان هەیە ئێستا لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دژی کۆماری ئیسلامی بکەوینە دیالۆگ و هاوکارییەوە. بۆیە دەڵێم هەموو لایەنەکانی دژی کۆماری ئیسلامی، ئێستا ناچینە نێو ئەو کێشە فیکریانە، کێشە ئایدۆلۆژیانە، ئەو کێشە قورس و ستراتیژیانە، ئێستا دەبێ یەکتر بەو جۆرەی کە هەیە قبووڵ بکەین. بەتایبەت میللەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەتی پێشەوەی ئەو جووڵانەوەیەدا، قوربانی زۆری داوە و چاوەڕوانیی هەیە. بۆ ئەوەش کار دەکا لە داهاتووی ئێرانی هاوبەشدا بە مافەکانی خۆی بگات. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە ئەسڵ و بنەما لەسەر تەوافوق دابنێین. تەوافوق بەڵگە دروست دەکا، یانی قبووڵی ئەو واقیعەتە دەکا. ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین و هیوادارین وردە وردە بەرچاوڕوونییەک دروست بکرێ. ئەگەر بەرچاوڕوونی دروست بکرێ، وردە وردە خەڵک بە دڵنیاییەوە بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەو نیزامە دەڕوات، وردە وردە عەقڵییەتی تەوافوقیی هەموو لایەک بە یەکەوە بتوانێ بنەمای داهاتووی ئێران دابڕێژێ و ئەسڵی ئێمە لە ڕاستیدا لەسەر ئەو ئەساسە و هەر ئەوەش چاوەڕوان دەکەن.