ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری ساڵانەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی هاونیشتمانییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تایبەت بە ساڵی ٢٠٢٥ زایینی لە "خۆڕاگری" ماڵپەڕی تایبەت بەو ئەنجومەنە بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا، ٧٦٠ کەس چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ٤٧ کەسیان ژنن لە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، بەشداری لە شۆڕشی ژینا و پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئەنجومەنە، ٤٤ کەس لە دەسبەسەرکراوەکانی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان لە زێدی خۆیان دوور خراونەتەوە.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا بەپێی دابەشکاریی ڕەگەزی، لەکۆی ٧٦٠ حاڵەتی دەسبەسەرکرانەکان، ٤٧ کەسیان ژنن واتە ٦.١٨ لەسەد، ٧١٣ کەسیان پیاون واتە ٩٣.٨ لەسەدی دەسبەسەرکراوان .
بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "خۆڕاگری"، ٢ کچی مێرمنداڵی تەمەن خوار ١٨ ساڵان و ٩ کوڕی مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەنێو دەسبەسەرکراوندان.
هەروەها بەپێی دابەشکاریی دەسبەسەرکراوان بەنیسبەت پارێزگاکانەوە، پارێزگای ورمێ ٥٣ لەسەد، پارێزگای سنە ٣٨ لەسەد، پارێزگای کرماشان ٧ لەسەد، پارێزگای ئیلام ٣ لەسەدی دەسبەسەرکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دەسبەسەرکراوانی دەرەوەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر یەک لە پارێزگاکانی خۆراسانی باکوور ١ لەسەد و پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان کەمتر لە ١ لەسەد لەخۆ دەگرێت.
هەروەها زانیارییەکانی "خۆڕاگری" باس لەوە دەکەن کە ١١٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کە ٥ کەسیان ژن و ١٠٨ کەسیان پیاون، لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم و بەناو دادگای تاوانەکانەوە، سزای بەندکران و سێدارەیان بەتۆمەتگەلی وەک "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خولی فێرکاری زمانی کوردی، هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان، بەشداری لە شۆڕشی ژینا، هاوکاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و تێکدانی ئاسایشی گشتی" بەسەردا سەپێندراوە.
بەگشتی سەرجەم ئەو ١١٣ دەسبەسەرکراوە بە ٥٠٣ ساڵ و ٣٧٩ مانگ و ٥٨ ڕۆژ بەندکردن سزا دراون و ٧ کەس سزای سێدارە و ٦ کەس بە ٨٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراون.