ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤( ١٣/١/٢٠٢٦)، بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی دانمارک و کوردەکانی نیشتەجێی شاری ئالبۆرگ و دەوروبەری، بە مەبەستی مەحکوومکردنی جەنایەتە دڕندەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە خەڵکی بێدیفاعی شارەکانی مەڵکشایی، لوڕستان، ئیلام و کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خۆپێشاندانێک لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.
لەم خۆپێشاندانەدا هەریەک لە بەڕێزان "هانس" و خاتوو "سارا" ئەندامانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دانمارک، بە جیا، پەیامی پشتیوانیی ڕێکخراوەکەیان لە ڕابوونی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران لە بەرامبەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا پێشکەش کرد.
دواتر خۆپێشاندەران بە وتنەوەی دروشمی تایبەتی وێڕای مەحکوومکردنی جەنایەتەکانی ڕێژیم لە دژی خەڵکی ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ئێران بەگشتی ڕاگەیاند و خوازیاری ئەوە بوون کە ناوند و کۆڕ و کۆبەندە جیهانییەکان لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران و جەنایەتەکانی دژ بە خەڵکی بێدیفاع بێدەنگ نەبن.