کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کوردستان" و ئەدەبی بەرگری

10:43 - 24 بەفرانبار 2725

 عەلی فەتحی

زۆربەی گەلانی جیهان لە سەردەمی خۆڕزگارکردنیاندا خاوەن تایبەتمەندییەکی مێژوویی هاوشێوەن. ئەگەر باسی ئەو بەشە وەلابنێین داخوا ئەدەبیاتی بەرگری هاندەر بووە کە خەڵک بە وشیارییەوە بەرەو بەرخۆدان هەنگاو بنێن، یا ڕاپەڕین و سەرهەڵدان بوونەتە هۆی خوڵقانی ئەدەبیاتی بەرگری، ئەوە قەناعەتێکی گشتی لای هەموومان دروست دەبێ کە پێمان دەڵێ: هەردوو لایەن کاریگەرییان لەسەر پشکووتن و پێشەوەچوونی هەڤدوو هەبووە و هەرجارێ لایەنێک لەو دوو لایەنە ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە، ئەویش بەپێی دۆخ و زەمەن و هەڵکەوتەی جوگرافی.

سەدەکانی ١٩ و ٢٠ خاوەن زۆرترین ئاڵوگۆڕ و ڕووداوگەلی بنەڕەتین لە مێژووی هاوچەرخدا. زۆربەی گەلانی جیهان، بەتایبەت لە باڵکان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها بەشی هەرە زۆری وڵاتانی ئەفریقا توانیان لە نێوان ئەو دوو سەدەیەدا خۆیان لەدەست ژێردەستەیی ڕزگار بکەن. بزوێنەری جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی ئەو وڵاتانە لە ڕاستیدا دەگەڕاوە بۆ هەستێکی نوێگەرایی بەهێز. هەستێک کە لە شۆڕشی ئینگلیستانەوە لە سەدەی حەڤدەڕا دەستی پێ کردبوو و لە سەدەی هەژدە بە شۆڕشی فەڕەنسە بەهێزتر ببوو. بەرهەمی هەرە گرنگی ئەو نوێگەراییە دواتر کاریگەری لەسەر بەشی زۆری وڵاتانی جیهان دانا و وەکوو فکر و ئایدیایەکی سیاسی جێی خۆی لەنێو ئەدەبیاتی سیاسی گەلاندا کردەوە. وەک چۆن لە ئینگلیستان شۆڕش بۆ دێموکراسی و گۆڕینی سەڵتەنەتی موتڵەقە بۆ پاشایەتیی مەشرووتە و بەهێزبوونی سیستەمی پەرلەمانی بەبێ خوێنڕشتن بووە هۆی گۆڕانێکی قووڵ لە کۆمەڵگەی ئینگلیستاندا، لە فەڕەنساش بە شێوەی خۆی، شۆڕشەکە گۆڕانی کۆمەڵایەتی - سیاسی لێ کەوتەوە و سیستەمی پاشایەتی بۆ هەمیشە جێی خۆی دا بە نیزامی کۆماریی دێموکراتیک و حکوومەتی سێکۆلار. هەڵبەت گشت ئەو ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییانە کە بوونە هۆی داڕمانی سیستەمێکی موتڵەقە و دامەزرانی قەوارەیەکی دێموکراتیک، هەروا ئاسان جێبەجێ نەبوون و دەبوایە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتانە پێشتر ئامادە بکرێن بۆ وەرگرتنی گۆڕانی لەو چەشنە.

ئەو گۆڕانەش پێویستی بە ئامراز و زەمەن هەبوو. بۆ گواستنەوەی فکر و ئایدیا دەبوایە ڕووناکبیرانی کۆمەڵگە قۆڵی لێ هەڵماڵن و بە نووسین و بڵاوکردنەوەی خەون و خۆزگەکان لە کات و زەمەنی گونجاودا ئەرکەکە بەجێ بگەیەنن و ڕێگا بۆ ڕاپەڕین و ئاڵوگۆڕی بەکردەوە خۆش بکەن. بە خوێندنەوەی مێژووی ئەو گەلانە دەبینین هەم ڕووناکبیرەکانیان و هەم نووسراوە و بەرهەمەکانیان وەکوو ئەستێرە لەسەر ڕوخساری مێژوویاندا دەدرەوشێنەوە، چونکە ئەوان لە قۆناغێکی گونجاودا، هەموو بیر و هزریان تەرخانی خزمەت بە ڕزگاریی نەتەوەیی خۆیان کرد. ئەوان یا هەلومەرجیان بۆ ئاڵوگۆڕ خوڵقاند یا ئەگەر گۆڕانێکی ناوچەیی دەستی دابێ، بە باشترین دەرفەتیان زانیوە و قۆستوویانەتەوە. کوردستان، نیشتمانێکی دابەشکراوی سەردەمە جیاوازەکان، یەک لەو شوێنانەی جیهان بووە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەیی لە دەوروبەری خۆی دیتووە و ویستوویەتی بە قازانجی سەربەخۆیی بیانقۆزێتەوە، لێ مەخابن تێیاندا سەرنەکەوتووە.

لە سەردەمی بەر لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی، بەتایبەت ئەوانەی سەدەی نۆزدە، هەوڵ و تێکۆشانەکان پتر ناوچەیی و عەشیرەیی بوون و سەرۆک عەشیرەتەکان تەنیا لە فکری پاراستنی جوگرافیای ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بوونە و بەس. دواتریش هەڵبەت، ڕاستە جووڵانەوەکان ڕوخساریان گۆڕیوە و ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی نەتەوەیی ڕەچاو کراوە، لێ دیسانیش لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی ئامادەیی وەرگرتنی بیر و هزرەکە نەبووە، ئەوانەش نەیانتوانیوە بە ئاکامی دڵخواز بگەن. وەختێک توێژەر لە هۆکاری سەرنەکەوتنی هەر کامیان بکۆڵێتەوە، لانیکەم بەو قەناعەتە دەگا کە لە هیچ کام لەو جووڵانەوانەدا، دۆخی گونجاو، ئامرازی پێویست، ئامادەیی کۆمەڵگە لە باری فکرییەوە وەبەرچاو نەگیراوە یا بە ڕادەی پێویست گرنگی پێ نەدراوە. دەکرێ بڵێین ئەگەر لە باکووری کوردستان جووڵانەوەیەک دەستی پێکردبێ، بەدڵنیاییەوە لە موکریانی ڕۆژهەڵات کەم کەس پێی زانیوە، جا چ بگا بەوە کە ئامادەی پشتیوانی لێکردنی بووبێ. لە دەستپێکی نیوەی دووهەمی سەدەی بیست، دوای تێپەڕبوون لە قۆناغی جووڵانەوە ناوچەیی و عەشیرەییەکان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر دەستپێکی ڕەوتێکی نوێدا دەکەوین و دەکرێ بڵێین شۆڕشی ڕزگاریخوازیی ئەمجارە ڕەنگ و ڕوخساری نەختێ وەکوو جووڵانەوەی گەلانی سەربەستی‌خواز، بەتایبەت لە باڵکان دەچێ. بۆیە ناڵێم زۆر شێوەی جووڵانەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقای نەداوە، چونکە وڵاتانی ئەو دوو هەرێمانەی دوایی لەبەر ئەوەی هەم دژی عوسمانییەکان ڕاپەڕیبوون و هەم گەرەکیان بوو خۆیان لەدەست دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان ڕزگار بکەن، ئامرازی هەرە بەهێزیان لەو نێوەدا گەشەی زمانی عەرەبی و دینی ئیسلام بووە. ڕووناکبیرەکانیان لەو بوارەدا کاریان کردوە ناسنامەیەکی عەرەبی ئیسلامی بەهێز فۆرموڵە بکەن تا هەم بەگژ عوسمانییەکاندا بێنەوە و هەم دواتر لەدەست کۆلۆنیالیزمی ئورووپی ڕزگارییان بێ، نموونەی بەرچاویش لەو نێوەدا وڵاتی جەزائیر بووە.

پێشڕەوانی "ڕێنێسانس"ی جەزائیری، ڕۆشنبیرانێک بوون کە لەم قۆناغەدا جەختیان لە پەروەردە و زمانی عەرەبی و شوناسی ئیسلامی کردوەتەوە. بە خوێندنەوەی مێژووی گەلانی باڵکان بەڵام، بۆمان دەردەکەوێ دۆخەکە لای ئەوان هەندێ جیاوازتر بووە. ئەوانیش لە لایەک نزیک بە پێنج سەدە ژێردەستەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون و لە لایەکی ترەوە داگیرکاری وڵاتانی زلهێزی دەورووبەر. ڕۆشنبیرە نیشتمانپەروەرەکانیان هەم لە سەردەمی عوسمانیدا و هەم دوای ئەو قۆناغە، ڕۆڵی گرنگیان گێڕا لە داڕشتنی شوناسی نەتەوەیی. بۆ وێنە لەنێو ئەلبانییەکاندا کەسایەتیی ڕووناکبیری وەکوو نەعیم فرەشەری هەرکە دیتی عوسمانییەکان بەرەو لاوازبوون دەچن، هەوڵی تەواوی دا شوناسی نەتەوەیی ئەلبانی زەق بکاتەوە. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد کە سەدەی نۆزدە بە سەدەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم ناسراوە، دەبینین لە بەشی ئەورووپیی ژێردەستەی ئیمپراتۆری عوسمانیدا، گەلانی ئەویش هەموو هەوڵی خۆیان بۆ گەشەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەسیحی دەخەنەگەڕ. ڕۆشنبیرانی ئەم بزووتنەوانە بە پشتبەستن بە ناسنامەی نەتەوەیی و زمانەوانی، بە ئاراستەی دابڕان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و پێکهێنانی نەتەوە نوێیەکانی باڵکان مامەڵەیان کردوە و بەمەش وردە وردە کولتووری بێگانەی عوسمانییان لە باڵکان دوور خستووەتەوە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە ڕۆڵ و تایبەتمەندییەکانی ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەری ڕۆمانیا لە سەردەمی عوسمانیدا بکەین. ئەوان سەرەتا هەوڵیان دا بۆ زیندووکردنەوەی زمان و کولتووری خۆیان. زمانی ڕۆمانییان لە کاریگەرییەکانی سڵاڤی و یۆنانی پاک کردەوە و کردیان بە زمانێکی ستاندارد و ئەدەبی. هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر ڕەگ و ڕیشەی لاتینی، واتە بە پشتبەستن بە مێژوو و ڕەگی لاتینی گەلانی داکیا و ترانسیلڤانی. هەروەها پێداگر بوون لەسەر پەیوەستکردنی ڕۆمانییەکان بە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی و شوناسی لاتینی. هەر ئەو ڕۆشنبیرانە تێکۆشان بۆ دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و بزووتنەوەکەیان یارمەتیدەر بوو لە چێکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش لە نێوان ناوچە جیاوازەکانی دانیشتووانی ڕۆمانی (مۆڵدۆڤا، والاچیا و ترانسیلڤانیا). لە پەنا ئەوەشدا، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کەنیسە دانا و پیاوانی ئایینی و ڕۆشنبیرانی ئایینی بە بەشدارییان لە ڕێنێسانسی بەردەست، ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە بەرەوپێشبردنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی لەناو خەڵکی ئاساییدا. دەبێ بڵێین کە ڕۆشنبیرە ڕۆمانییەکان لە ڕێگەی هەوڵەکانیانەوە بناغەی جووڵانەوەیەکی ڕووناکبیرییان بۆ ڕۆمانییەکان دامەزراند تاکوو هەوڵ بۆ سەربەخۆیی لە دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و زلهێزە گەورەکانی دیکەی ناوچەیی بدەن. لە پەنا ڕۆمانییەکان و لە هەمان سەردەمدا دەبینین بولگارییەکانیش بێکار دانەنیشتوون و نوخبە و هەڵکەوتەکانیان لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا جەختیان لەسەر گرنگی زمانی بولگاری و مێژووی هاوبەشی بولگارییەکان کردوەتەوە و بە نووسینی دەقی مێژوویی و ئایینی، هەستی نەتەوەیی خەڵکی خۆیان بزواندووە و بەهێزیان کردوە.

ئەوان جیا لە گرنگی‌دان بە پەروەردە و کولتوور، تەنانەت خەباتی سیاسی و چەکداریشیان بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی و ڕزگاری لەدەست عوسمانییەکان دەست پێکرد. بولگارەکان ڕووناکبیری وەکوو پایسی هێلساندارسکییان هەبوو کە هەر لە سەدەی هەژدەوە خۆی بە مێژووەوە ماندوو کرد و یەکەم مێژووی گشتیی بولگاریای نووسی و تۆوی ناسیۆنالیزمی بولگاری چاند، یا خریستۆ بۆتێڤ، وەک شاعیر و ڕۆژنامەنووس و شۆڕشگێڕ، دواتر بوو بە ڕەمزی بەرخۆدان و خەباتی ڕزگاریخوازانە. لە دراوسێیەتی ئەوانیشدا یۆنانییەکان، ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان وەخۆکەوتن و تەنانەت وەکوو ناوەندێک کاریگەرییان لەسەر خەڵکانی دەورووبەری خۆشیان دانا. ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەری یۆنانی لە سەردەمی عوسمانیدا، وەکوو ئادامانتیۆس کورایۆس و ڕیغاس فێرێئۆس و زۆر کەسی تر بە پشتبەستن بە شارستانییەتی هێلینیک و ئورووپی‌بوون و بە ئیلهام وەرگرتن لە دەورەی ڕێنێسانس و سەردەمی ڕۆشنگەری، بنەمای فکری و ڕێکخراوەییان بۆ سەربەخۆیی یۆنان دابین کرد، ئەویش بە زیندووکردنەوەی زمان و کولتوور و مێژووی یۆنانی کۆن. وەکوو بیرۆکە بابەتی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت - نەتەوە لە یۆنان، یا هەمان ناسیۆنالیزمی یۆنانی و داوای ڕزگاری لەدەست دەسەڵاتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی یۆنانی مۆدێڕنیان هێنایە گۆڕێ. ڕۆشنبیرەکانیان بە بڵاوکردنەوە و بەرەوپێشبردنی چەمکی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی مۆدێڕن هەوڵیان دا کۆمەڵگەی خۆیان ئامادەی تێکۆشانێکی بەربەرین بکەن. ڕۆڵ و چالاکیی ڕووناکبیرەکانیان پتر جەختکردنەوە بوو لەسەر میراتی کۆن، واتە زیندووکردنەوەی مێژووی یۆنانی کۆن و بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی خۆیان و بەراوردکردنی لەگەڵ شوناسی عوسمانیدا. لەگەڵ بیرۆکەی شوناسخوازی، ئەرکێکی گرنگی دیکەشیان جێبەجێ کرد، ئەویش زیندووکردنەوەی زمانی یۆنانی، یا باشترە بڵێم هەوڵدان بۆ ستانداردکردن و پێشخستنی ئەو زمانە وەک زمانی نەتەوەیی کە هێمای یەکگرتوویی بێ. لە بەشێکی دیکەی هەوڵەکانیاندا، دامەزراندنی کۆمەڵگەی نهێنییان کردە ئامانجی سەرەکی. ڕێکخراوە سیاسی و سەربازییە نهێنییەکانیان بە مەبەستی پلاندانان و ئەنجامدانی ڕاپەڕین وەک خواستی بنەڕەتی وەبەرچاو گرت و بە چەکی کولتووری و سیاسیی یۆنانی، دژی هەژموونی کولتووری عوسمانی وەستان و هەوڵیان دا لەجێی نەریتە کۆنەکانی عوسمانی، بیرۆکەی مۆدێڕن و ئورووپی جێگیر بکەن. کوردستان، ئەویش وەکوو هەموو ئەو وڵاتانەی باسم کردون، بێبەری لە کارتێکەری ئەو سیاسەت و هەژموونییانە نەبووە کە لە ناوچەدا خاوەن دەسەڵات بوونە، بەتایبەت ئەوانەی هەوڵیان داوە بۆ سڕینەوەی ناسنامە و هەستی نەتەوەیی و بڕینی زمانی کوردی. تازە دەبێ بڵێم بە جیاوازییەکی گەلێک زۆر، چونکە ئەگەر بولگاری یا ڕۆمانی و یۆنانی کەوتنە ژێر هەژموونی کولتووریی عوسمانی، کوردستانی ماڵوێران بە دوو و سێ پارچەبوون، خرایە ژێر زەختی سێ ئیمپراتۆری ناوچەکە، واتە ئێران و ڕووس و عوسمانی. هەندێ ناوچەی کوردستان تەنانەت چەند جارێکیش لە مێژوودا کەوتنە ژێر سەیتەرەی هەرسێکیان، چونکە لەبەر شەڕ و ململانێی ئەو سێ زلهێزە، کوردستان هەمیشە یەکەم شوێن بووە ناخواستە بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانیان. بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لەو شوێنانەی کوردستانی گەورە بووە کە لە کاتی شەڕی نێوان دەوڵەتەکانی دەورووبەردا زۆرجار دەستاودەستی پێ کراوە.

بابەتی سەرنجڕاکێش و جێی باس ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردی لەو بەشە، بەدوای ئەو گشتە زەخت و ئاڵوگۆڕانەدا هێشتا کوردانە ماوەتەوە و ناسیۆنالیزمی کوردی وەکوو خوێن بە دەمارەکانی جەستەی تاکی کورددا دەگەڕێ. ئەوە پێمان دەڵێ کە بۆ هیچ توێژەرێک زەحمەت نابێ بەدوای وڵامێکی بەجێ بۆ دۆزینەوەی هۆکاری زیندوومانەوەی ئەو هەستەدا بگەڕێ. کورد لەو بەشەی کوردستان، دوابەدوای جووڵانەوەی ناسیۆنالیستیی سمکۆ نائومێد نەبوو و زۆری نەخایاند و لە یەکەم دەرفەتی بەردەستدا، بە هیممەتی ڕۆشنبیر و نیشتمانپەروەرانی سەردەم هەستایەوە سەرپێ. چونکە، وڵاتی ئێران لە سەروبەندی شەڕی دووی جیهانیدا ئاوسی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ و لاواز لە باری نیزامی و ئیدارییەوە بوو. وەختێک کەوتەبەر شەپۆلی ئاڵوگۆڕەکانی ئەو شەڕە، لەجێوە لە لایەن دەوڵەتانی ڕووس و ئینگلیسەوە لە ٢٥ی خەرمانانی ١٩٤١دا دابەش کرا.

بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی بەشی زۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەبەر سۆڤیەت کەوت. بە قۆستنەوەی ئەو دابەشکارییە، ڕووناکبیر و نوخبەکانی ئەو سەردەمە جووڵەیەکی نوێیان دەست پێکرد و بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٩٤٢دا، یەکەم بەردی بناغەی ڕێکخراوێکی سیاسییان دامەزراند. ئامانجی ئەو ڕێکخراوە وەک لە ڕۆژنامەی زمانحاڵی ئەودا هاتووە، ئازادیی نیشتمان بووە. بیری ڕووناکبیرانی دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە بە ڕوونی لە ژمارەی یەکی گۆڤاری "نیشتمان"دا هاتووە و دەڵێ: "کۆمەڵەی ژ-ک تێدەکۆشێ تا زنجیر و کەڵەمەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی کورد داماڵێ و لەم کوردستانە لەتوکوتەی ئێستا، کوردستانێکی گەورە و ڕێکوپێک بێنێتە بەرهەم کە هەموو کوردێک بە سەربەستی تێیدا بژی...." بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێکخراوە، تەنانەت هەر لە یەکەم نووسراودا باس لە ئاستی توانایی و چۆنیەتیی تێکۆشانی خۆیان دەکەن و دەڵێن: "هەندێک کەس وای لێک دەدەنەوە کە دەبێ نەتەوەی کورد بە زۆر و نیروی چەک ڕزگار بکرێت، بەڵام ئەوانە بەهەڵە چوونە و ڕێگای ڕاستیان لێ ون بووە چونکوو چەک و تفاقی شەڕ کە لە چەنگ کورد دایە، لە بەرانبەر چەک و تفاقی شەڕی ئەوانەی بوونە بەرهەڵستی سەربەستیی ئێمە کار ناکات و دەبێ کورد بزانێت ئەمڕۆ تفەنگ لە چاو گوللەپژێن و تۆپ و تانک و فڕۆکە و... تۆقتۆقەیەک زیادتر نیە. تەنیا ڕێگایەک دەبێ کورد بەرەو سەربەستی پێیدا بڕوا، شەقامی شارستانیەتییە، ئەو ڕێگایە ڕاست و ڕەوان دەچێتە نێو مێرگی ئازادی و سەربەستی ..." گەرای دامەزرانی کۆڕێک لە ڕووناکبیرانی کورد بە بیرکردنەوەی جیاواز، مەودایەک دەخوڵقێنێ کە تاکی کورد بە چاوی هەڵسەنگاندن سەیری سەرهەڵدانەکانی پێشوو بکا و پێشنیاز و پلانی نوێی بۆ داهاتوو هەبێ، بێ ئەوەی بکەوێتە گێژاوی ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت. هەر ئەو کۆمەڵە ڕووناکبیرانەی تا دوێنێ ئەگەر ناچار بوون بە ئامانجی ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژێکی سیاسی لە حوجرە و خانەقاکاندا کۆببنەوە، بە دوای دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە دەوری گۆڤاری نیشتمان کۆبوونەوە.

لەڕاستیدا ئەو گۆڤارە بوو بە پلاتفۆرمێکی مۆدێڕن بۆ بڵاوکردنەوەی بیرە جیاوازەکان و لەسەرووی هەمووشیانەوە ناساندنی هەرچی پتری بیری ناسیۆنالیستیی کوردی، یا باشترە بڵێم پەرەسەندنی کوردایەتی. زۆری نەخایاند و تەنیا سێ ساڵێک بەسەر ئەو دامەزرانەدا تێپەڕی و هەر ئەو ڕووناکبیرانە دیسان ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٤٥، دوابەدوای هەڵسەنگاندنی دۆخی سەردەم و بەرژەوەندی کورد لەو قۆناغەدا، "کۆمەڵەی ژ – ک"یان گۆڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەوانە ئەگەر پێشتر یەک لە شەرتەکانی ئەندام وەرگرتن لایان ئەوە بوو کە شێخ و مەلا و ئاغا بۆیان نیە، دوای دامەزرانی حیزب، ئەمجار خۆیان کەسایەتیی خۆشنێو و بەوەجی وەکوو "قازی محەممەد"یان بانگهێشت کردوە. هەر ئەوانە، دوابەدوای ئەو ئاڵوگۆڕانە، کۆماری کوردستانیان دامەزراندووە و گرنگترین نەخشیان بە جەنابی قازی وەکوو پێشەوا و سەرکۆمار ئەسپاردوە. بەوەندەش نەوەستاون و ئەمجار بە زیادیشەوە، لە دەوری ڕۆژنامەی کوردستان کۆڕیان بەستووە کە لەو کاتەدا زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە.

وەختێک بە تێڕامانەوە سەیری بابەتەکانی "کوردستان" دەکەین، دەبینین سنوورە دەستکردەکان وەلانراون و ئەژمارێک لە ڕۆشنبیر و نووسەرانی باشووری کوردستانیش ڕوویان لە نووسین بۆ ئەو گۆڤارە کردوە. "کوردستان" ئیتر لەو وەختەوە بووەتە قوتابخانەیەکی بەوەج بۆ پەروەردە و گەشەی زمانی یەکگرتووی کوردی، پلاتفۆرمێک بۆ کۆبوونەوەی گشت بیر و هزرە سیاسییەکانی سەردەم و تریبوونێک بۆ بڵاوکردنەوەی ئامانج و خواستەکانی کورد و گەیاندنی هزری سەربەستی و ئازادی بۆ هەموو شار و گوندەکانی کوردستان. ئەو ڕۆژنامەیە ئیتر، لەو وەختەوە بوو بە بەردی بناغەی قوتابخانەیەک و سەرچاوەیەکی مێژوویی کە جیا لەوەی هەموو ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی تێدا تۆمار دەکرا، لە هەمان کاتدا ببوو بە گەنجینەیەکی ئەدەبیی دەوڵەمەند و فێرگە و ناوەندێکی بەوەجیش. چونکە، بەشێکی فرە لە بەرهەمی تەواوی شاعیر و نووسەر و سیاسییەکانی ئەو قۆناغە لەو گۆڤارەدا بڵاو دەبۆوە. ئێمە ئەمڕۆ بە خوێندنەوەی بابەتەکان، دەبینین هەر هەموو قەڵەمبەدەستانی ئەوکات، بە ژن و پیاوەوە بگرە هەتا مرۆڤگەلی ئایینی و سێکۆلار، جا دەوڵەمەند بوایە یا هەژار، لەهەمبەر یەک هەستدا خۆیان بە بەرپرسیار زانیوە: دەبێ نووسین و بەرهەمی ئەدەبی لە خزمەت گەلەکەیدا بێت. هەروەها هاندەر بێت بۆ تاکی کۆمەڵگە بە مەبەستی خزمەت بە نیشتمان و پاراستنی سەربەستی و ئازادیی خۆی. هاوکاتیش خزمەتی پەرەپێدانی هەمان هزر و بیرکردنەوە لە بەشە ژێردەستەکانی دیکەی کوردستان بکا. بە خوێندنەوەی مێژووی گەلان، زۆر ناوی ناسراومان بەرچاو دەکەوێ کە نەخشی بەوەجیان گێڕاوە لە بەرەوپێشبردن و بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی هزری سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندا. بۆ وێنە شاعیر و نووسەرانی یۆنانی. ئەوان لەنێوان شەڕەکانی یەکەمی جیهانییەوە تا دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، هەموو پێنووسەکانیان خستەگەڕ بۆ خزمەتی گەشەسەندنی بیری سەربەخۆیی وڵاتەکەیان.

لە نیشتمانی ئێمەش، ڕۆژنامەی کوردستان کە بەتەمەنترین گۆڤاری زیندووی کوردییە، چەشنی مەکۆیەکی مەئمەن، ڕووناکبیرە ناسراوەکانی وەکوو حەسەن قزڵجی، هێمن، هەژار، هێدی، فایەق بێکەس، قانع، مەلا مارف کۆکەیی، شێخ جەمیل زیائەدینی، دڵدار، دڵشاد ڕەسووڵی، سەید کامیل، مامۆستا حەقیقی، سەید محەممەد حەمیدی، محەممەد نووری (عەتری گڵۆڵانی) و زۆرانی تری کۆکردەوە. ئەو نووسەرانە جیا لە بابەتەکانی خۆیان، بە سەدان بابەتی دیکەی نووسەرانی ناسراو و نەناسراوی ئەو سەردەمە و بەرلە خۆیان چاپ و بڵاو کردەوە. ئەو ئەرکە گرنگانەی ئەو ڕووناکبیرە کوردانە لەو قۆناغەدا لەبەردەم خۆیان دانا و تێیدا سەرکەوتن، بریتی بوون لە: دامەزراندنی بناغەیەکی پتەو بۆ پەروەردەکردنی ئەدەبی بەرگری، دامەزراندن و گەشەپێدانی زمانی یەکگرتووی کوردی، پێناسەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی، پاراستن و بەهێزکردن و پەرەپێدانی کوردایەتی لە سەردەمە سەخت و دژوارەکاندا، تەنانەت دوای نەمانی کۆماری کوردستانیش. ئەو هەستە گیانفیداییە، ئەو ئەدەبیاتە شۆڕشگێڕانەیە، جیا لەوەی هێزێکی بە باوەڕ بوو لە زەینی هەر تاکێکی کورددا، ڕۆحیشی بەخشی بە هەستی خۆشویستن و ڕێزلێنان لە سیمبۆلەکانی دیکەی نەتەوەیی وەکوو ئاڵا و سروود و نیشتماندۆستی. بە واتایەک، وەختێک عەتری گڵۆڵانی لە شێعری "یا وەتەن یا مردنم"دا دەڵێ:

"باری ئەستۆی دوژمنە وا هێسی کردوە گەردەنم، نامەوێ ئەو ژینە تاڵە یا وەتەن یا مردنم

ئەی وەتەن لەو وەختەوە ئەم ڕۆڵەیەت هاتۆتەڕوو، شیری تۆی کەوتۆتە یاد و مێهری تۆی کەوتۆتە خوو... "

ئیدی ڕووناکبیر و نووسەری کوردیی هیچ سەردەمێک، تا ئەو ڕۆژەی نەتەوەکەی وەکوو گەلانی دیکە سەربەست نەبێت، ناتوانێ ئەو هەستە وەلابنێ. ڕەنگدانەوەی ئەو هەستە نیشتمانپەروەرییە نەک هەر لە گۆڤاری کوردستاندا، بەڵکوو لە گۆڤار و هەفتەنامەکانی دیکەی وەکوو هاواری کورد، ئاوات، هەڵاڵە و هاواری نیشتمانی سەردەمی کۆمار و گۆڤارەکانی دیکەی دوای کۆماریشدا بووەتە هەوێنی شێعر و پەخشانەکان. بە واتایەک گرنگیدان بە ئەدەبی بەرگری لە هەمووی ئەو بڵاوکراوانەدا بەردەوام وەبەرچاو گیراوە. گۆڤاری "کوردستان" لەنێو گشتیاندا نموونەیەکی هەرە دیار و ناسراوە و لەمەڕ بڵاوکردنەوەی ئەو ئەدەبیاتە شۆڕشگێڕانەیە پشکی شێری پێ بڕاوە. ئەو ڕۆژنامەیە ئێستاشی لەگەڵ بێت، دوای هەشتا ساڵ تەمەن، کە دیارە وێڕای حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشی هەرە زۆری لە ئاوارەییدا تێپەڕ کردوە، هەروا بە هیممەت و تێکۆشانی نووسەرانی دڵسۆزی خۆی، لە چاپ و بڵاوبوونەوە نەکەوتووە. گەلی کورد بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت، ئەمەگداری خۆی کردوە. چونکە مێژووی نووسراو و پارێزراوی هەشتا ساڵ تەمەنی بەرخۆدان و شەرحی ڕووداوگەل و بەیانی ئاڵوگۆڕ و هزر و ئامانجەکانی ئەو بەشەیە. لە هەمان کاتدا قوتابخانەیەکیش بووە بۆ پێگەیاندن و پەروەردەی سەدان خاوەن قەڵەم و ئاشناکردنیان بە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانەی سەردەمەکان.